تۆ ئەزانی ئەی وەتەن ئیمڕۆکە بۆ چی بێ بەشی؟
بۆ چی دەستی شەو نیشانی تۆ ئەدا نامەی ڕەشی؟
پێت بڵێم ئەسبابی گەورەی زیللەت و چارەڕەشی؟
گەنجی کوردان هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی
وەختێ بادە دێتە مەجلیس، ناوی کورد دێتە زوبان
سا وەرە سەیری فکر کە و ئاخ و داخی لاوەکان
دەنگی ناڵە وا گوێچکدا ئەڵێتن بێ گومان
لاوی کوردان هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی
وا لەگەڵ دەنگی تفەنگ و ئاگری دەورانەدا
وا لەگەڵ ناڵەی وەتەن گەردێ لە ئەم زیندانەدا
دێتە گوێم دەنگێ بەسۆز، هاوار ئەکا لەم ئانەدا
لاوی کوردان هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی
ئەسلەحەی هەر میللەتێ سا دەست و بازووی گەنجیەتی
ڕۆژی شوعلەبەخشی ئوممێد فکر و کاری گەنجیەتی
مەرهەمی زام و برینی کردەوە و هەم ڕەنجیەتی
لاوی ئێمەش هەر لەدەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی
چونکە میللەت بێت و لەش بێ لاوە ڕۆحی ئەم لەشە
بێت و ئەم ڕۆحە نەمێنێ ئەو لە ژینا بێ بەشە
عەینی دەردە کورد کە کەوتە دەردی کاری داوەشا
لاوەکانی هەر لە دەورەی مەی ئەکەن غیرەتکەشی
میللەتێ گەر گەنجی سست بێ، مردووە، میللەت نییە
تاکوو مابێ، نێو دەروونی بێ جەفا و عیللەت نییە
شادمانی تەختی ژین و تاجەکەی عیزەت نییە
لاوی کوردان هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی
میللەتێ گەر لاوی چوست بێ، زیندووە و هیچ نامرێ
هیچ بە زیللەت دەست و پایان وا لە بەندی ناخرێ
سەد هەزار تیغی زەمانە بێت و ئەستۆی نابڕێ
لاوی ئێمەش هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی
عەیبە عەیبە لاوی کوردان! سەیری لاوی غەیرە کەن
فکری بێ باکی بەسەرچوو، سا لە کەللە تەفرە کەن
دەوری نووستنتان بەسەرچوو، سەیری ئەم ناو دەورە کەن
عەیبە چیتر، بەس لە دەورەی مەی مەکەن غیرەتکەشی
سەیری ناکەن لاوی غەیرە، گشتی بازووی قووەتن
گشتی سوودبەخشی وڵات و مەرکەزی سەد هیممەتن
بۆ بەجێ هێنانی کاری جوان لە ڕیگەی میحنەتن
عەیبە چیتر، بەس لە دەورەی مەی مەکەن غیرەتکەشی
لاوی غەیرە دێنە سەر خۆ، جانفیداکاری ئەکەن
بۆ ژیانی نیشتمانیان گشتی خوێنکاری ئەکەن
جا لەبۆ فەوتانی دوژمن ڕاوی ئەغیاری ئەکەن
عەیبە! ئێوەش هەر لەدەورەی مەی مەکەن غیرەتکەشی
سەیری ناکەن چەن بەتینە دەستی لاوی غەیرەوا
بێت و وەختێ قینی هەڵسێ و کوڵەمشتی لێ بدا
وا لە ترسانا ئەلەرزن گاوی گەردوون و سەما
لاوی کوردان بەس لە دەوری مەی مەکەن غیرەتکەشی
وا شیعاری عەسری بیستەم هیممەتە، هیممەت بکەن!
میوەیی دارێکی هیممەت، خزمەتە. خزمەت بکەن!
مەرهەمی زام و برینتان قودرەتە. قودرەت بکەن!
ئێوە تا کەی هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی؟
سەیری ئەحواڵی وەتەن کەن چۆن زەبوون و مردووە
سەیری کاری دۆژمنان کەن چی بە حاڵی کردووە
سەیری ڕەشماڵی زەلالەت ئاسمانی گرتووە
ئێوە تا کەی هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی؟
سەیری باغاتی وەتەن کەن! وشکە کەوتوونە خەزان
سەیری غونچەی نەوشکۆفەی چەند بەبێ ناز هەڵوەران
شاهیدی بێکاری ئێوەن وا کە وا ئاویی بڕان
عەیبە تا کەی هەر لە دەوری مەی ئەکەن غیرەتکەشی؟
عەیبە ئەی لاو خاوەنی ئەم شاخ و داخەی کوردی تۆ
خاوەنی تەئریخی خوێنین و دلێری و گوردی تۆ
عەیبە بێ کاری! هەتا کەی سەیری ناکەی؟ مردی تۆ
عەیبە چیتر بەس لە دەوری مەی مەکەن غیرەتکەشی
هەڵسە ئەی لاو تێت گەیێنم میللییەت مەعنای چییە
تا بزانی لاوی غەیرە مەزهەب و ڕێگای چییە
یا لەبۆ ئامانج و ژینی کردەوەی هەمتای چییە
هەڵسە ببیە بەس لە دەورەی مەی مەکەن غیرەتکەشی
میللیەت یەعنی بە نووکی ڕمبی دوژمن بێیە هۆش
سەیری ئەترافت بکەیت و دانیشی هێندێ پەرۆش
ئاگری هەستی بەزیللەتتان لە دڵدا بێتە جۆش
هەڵسی ئنجا نەک لە دەوری مەی بکەی غیرەتکەشی
میللییەت یەعنی لە زڕڕەی تۆق و زنجیر ڕاپەڕی
تەوقی یەخسیری لە ئەستۆی خۆت و میللەت لابەری
بێ یە سەرخۆت و بزانی تۆ لە ڕێگا لادەری
هەڵسی ئنجا بەس لە دەوری مەی بکەی غیرەتکەشی
هەڵسە بێکاری هەتا کەی بێ حقووق و بەندکراو
هەڵسە بێکاری هەتا کەی هەی لە ژێر خاک داڕزاو
هەڵسە بێکاری هەتا کەی مەعرەزی ئەهدافی داو
هەڵسە! هەڵسە! بەس لە دەورەی مەی مەکە غیرەتکەشی
هەرکەسێ پشتی بە گەردوون بەستبێ، پشتی شکا
هەرکەسێ چاوی لە دەستی ئەجنەبی بوو، کوێر کرا
کامی لێ دەر بوو لە ڕێگەی سەربەخۆییدا ژیا
هەڵسە، هەڵسە بەس لە دەوری مەی مەکەن غیرەتکەشی
میللەتێ گەر خوێنی نەڕژێ دەست و پێی ناکرێتەوە
بێ کیفاح گوفتار وەسیقەی ژینی پێ نادرێتەوە
بادە و مەستی مقامی حوریەت ناگرێتەوە
هەڵسە، هەڵسە بەس لە دەوری مەی مەکە غیرەتکەشی
(دڵدار)