ئاکار نەجم
دنیای چیرۆك و رۆمان كه وه‌زیفه‌یان گێڕانه‌وه‌یه، ئیشكردنه له‌ناو ئه‌و رووداوانه‌ی كه رووده‌ده‌ن یان خه‌یاڵكردن. چیرۆكنووس و رۆماننووسی به سه‌لیقه ئه‌و رووداوانه وه‌رده‌گرێ یان دروست ده‌كات كه له چوارچێوه‌ی ته‌كنیكێكی ئه‌ده‌بی باڵادا ده‌قی لێ چێ ده‌كات، به جۆرێك زۆرجار ده‌قی ئه‌ده‌بی هێنده به‌رز و كاریگه‌ره كه له خامه‌ی رووداوه‌كه جوانتر و باشتر له مێشكی خوێنه‌ردا ده‌چه‌سپێ. چون نووسه‌ری ئه‌و ژانره خاوه‌نی سه‌لیقه‌یه ده‌توانێ ده‌قێك به‌رهه‌م بهێنێ چ له‌باری زمانه‌وه، چ له‌باری ته‌كنیكه‌وه ئه‌وه‌نده ئاستی به‌رزه كه ده‌قێكی دیكه دروست ده‌كات. نووسینه‌وه‌ی تراژیدیا له دووتوێی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا بنیاتنانه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌یه به جۆرێكی تازه.
ئه‌م به‌رهه‌مه ئه‌زموونی چیرۆكنووسێكه كه پێشتر چه‌ند كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی نووسیوه. نووسه‌ر خاوه‌نی زمانێكی پاراو و سه‌لیقه‌یه له نووسینی چیرۆكدا. ئه‌م چیرۆكانه‌ی له دووتوێی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا هاتوون، هه‌روه‌كو رێچكه‌ی پێشووی نووسه‌ر خاوه‌نی زمانێكی پاراو و كوردییه‌كی ره‌وانن. بیرۆكه‌ی به‌شێك له چیرۆكه‌كان سوود وه‌رگرتنه له رووداوه تراژیدییه‌كانی سه‌رده‌می داعش كه ئه‌و ساڵانه‌ی به‌هێزبوون، دوای داگیركردنی به‌شێك له سوریا و عیراق ئه‌و هێزه تۆقێنه‌ره بوونه هۆی په‌رێشانی بۆ خه‌ڵك و به‌تایبه‌ت بۆ كه‌مینه‌یه‌كی وه‌كو ئێزدییه‌كان، له دوای داگیركاری و كاولكاری هه‌زاران چیرۆكیان له پاش خۆیان به‌جێهێشت كه ئه‌وه‌نده قێزه‌ون بوون له فه‌رهه‌نگی هێچ هێزێكی داگیركه‌ردا نه‌بوون. ئه‌م چیرۆكانه كه زۆربه‌یان چیرۆكی سه‌ربڕین و داگیركردنی جه‌سته‌ی ژنه، لای هه‌ندێك نووسه‌ری عیراقی و كورد ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه، یه‌كێك له‌و چیرۆكنووسانه نووسه‌ر ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه كه به زمانێكی جوان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كه له‌م ساڵانه‌دا بیستمان چیرۆكه‌كانی داڕشتووه، گێڕانه‌وه باس له سه‌ربڕین و داگیركردنی كچانی پاكیزه ده‌كات. به تایبه‌ت كچانی ئێزدی. چیرۆكی فرۆشتن و كڕینی كچانی ئێزدی ده‌گێڕێته‌وه.
هه‌ندێكی دیكه له چیرۆكه‌كان كۆنترن له سه‌رده‌می داعش و باسی رووداوه تراژیدییه‌كانی پێشتر ده‌كه‌ن. چیرۆكی گرتن و زیندانی كردن و له سێداره‌دانی مرۆڤی ئه‌م وڵاته‌یه نووسه‌ر به سه‌لیقه‌ی خۆی و به‌سوود وه‌رگرتن له تراژیدیا و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی چیرۆكه تاڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دایڕشتوونه‌ته‌وه و ده‌قی ئه‌ده‌بی لێ چێ كردوون.
ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه له دووتوێی 119 لاپه‌ڕه‌دایه و له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌مه و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه بریتییه له بیست و یه‌ك كورته چیرۆك. له‌وانه به‌لقیسه له دوو سه‌رده‌می جیاوازدا، زه‌رده‌خه‌نه شیرینه‌كه‌ی ناڤین، شێخ زه‌ینه‌ڵ و شێخ بهینهڵ، ورد و خاشبوونی سوراحییه‌ك، سێ هه‌زار ماچ، بووكی چاوشینی ته‌نووره سوور... و چه‌ند چیرۆكێكی دیكه. ئه‌م چیرۆكانه‌ی له دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دان، زۆربه‌یان له ساڵی 2021 و 2022 نووسراون و چه‌ند دانه‌یه‌كیان نه‌بێ كه مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 2011 و 2012 و 2013... هه‌ندێكیان له سلێمانی و هه‌ندێكیان له كۆبنهاون نووسراون.
سەرچاوە: knwe