كورد لە نێوان بەرداشی ستراتیجی ئەمریكا و روسیادا

 

 موعتەسەم نەجم


 مێژووی پەیوەندیەكانی نێوان كورد و ئەمریكا، كورد و رووسیا، چەندین ویستگەی پڕ لە ناسۆر و ئازاربەخشی تیادایە، زۆر بە دەگمەن ئاسۆی پشتگیری بۆ پرسی نەتەوەی و مافی چارەی خۆنوسینیان تیادا بەدی دەكرێت. هەموو كات بەرژەوەندیەكانی وڵاتانی زلهێز بە لای سەپاندنی خواست ئەجندای وڵاتانی داگیركەری كوردستاندا بووە. لە ئەمرۆدا جیهان لە سەروبەندی سەرلەنوێ دارشتنەوەی سیستمێكی نوێی نێودەوڵەتیدایە و پێویستی بەرجەستەكردنی گۆڕانكاریەكان لە نەخشەی سیاسی وڵاتان بووە بە دیفاكتۆ، كورد و پرسەكانی رزگاری نەتەوەی و نیشتمانی جارێكیتر لە گەڵ سیاسەتی نوێی وڵاتانی زلهێز بە گشتی و ئەمریكا و رووسیا بە تایبەتی یەكانگیر دەبێتەوە. هەمیشە كورد و پرسی رزگاری نەتەوەی و نیشتمانی لای زلهێزەكان بەردەباز بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجی وڵاتانی داگیركەر. دروستكردنی واقعێكی ژیانی ژێردەستەی بۆ میللەتێك، كە لە ئەمرۆدا قەبارەی گشتی خۆی دەدات لە زیاتر لە هەفتا ملیۆن مرۆڤ، بە پلانی نێودەوڵەتی بەڵگەی هیچ و پوچی و بێ مانای هەموو تیۆرەكانی مرۆڤدۆستی و راستیەكانە.

 

لە هەموو ویستگەیەكی گۆڕانكاری و بەرجەستەبوونی واقعێك یان رووداوێك بۆ گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی و گەیشتن بە ئامانج و خواستە نەتەوەی و نیشتمانەكانی، كورد بۆخۆی هۆكاری سەرەكی و قوربانی كاڵفامی و نەزانی سەركردە و رابەرانی و بەرژەوەندی زلهێزەكانی جیهان بووە. سەركردایەتی شۆرش و خەباتی چەكداری و مەدەنی بە درێژایی مێژوو لە ئاست هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و پرسی رزگاری نەتەوەی و نیشتمانی كوردا نەبوون، بۆیە لە تەواوی سەردەمەكاندا لە كۆتای هەموو شۆرش و خەباتی رزگاریدا مایەپوچی و شكستی زیاتری دوریوەتەوە. لە ئەمرۆدا جیهان بە گشتی لە قۆناغی راگواستن بۆ بەرجەستەكردنی جیهانێكی نوێ، گۆڕانكاری زۆر مەزن و گەوهەری لە تەواوی سیستمی ژیانكردن لە تەواوی بوارەكانی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، كەلتوری، تەكنۆلۆژیا و زانست و مەعریفەدا بەرجەستەدەكات.  
 

لە بواری سیاسیدا سیستمی جیهانی لە نێوان داروخانی سیستمی تاك جەمسەری ئەمریكا و هەوڵ و چالاكیەكانی بەرەی رووسیا_چین بۆ بونیادنانی سیستمێكی نوێی فرە جەمسەری، جیهان ژانی لە دایكبوونێكی نوێ دەیگرێت. ئەم واقعە بە شێوەیەك لە شێوەكانی دووبارەبوونەوەی هەمان واقعی دوای شەڕی جیهانی دووەم و دامەزراندنی جیهانی دووجەمسەری نێوان یەكێتی سۆڤیەت و ئەمریكایە، بە هەمان شێوە هاوشێوەی سەردەمی دوای داروخانی جیهانی دوو جەمسەری و دامەزراندنی جیهانێكی تاك جەمسەری ئەمریكایە، كە لە كۆتای نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا بەرجەستە ببوو. لە هەردوو ئەم واقعەدا گۆڕانكاری زۆر لە نەخشەی سیاسی وڵاتان و سەر لەنوێ دابەشكردنەوەی ناوچەی هەژموونی زلهێزەكان كراوە. لە دوای شەڕی جیهانی دووەم بە رێكەوتنی نێوان وڵاتە زلهێزەكانی براوە لە شەڕِ نەك هەر چەندین وڵات لە نێوان ناوچەی هەژمونی خۆیاندا بەشكران، بگرە چەندین وڵاتی سەربەخۆ بەشكران و لەتكران، وەك وڵاتانی ئەڵمانیا و كۆریا تا دەگاتە وڵاتی یەمەن. ئەمە جگە لەوەی چەند وڵاتێكی نوێش دەمەزران. لە ئەمرۆدا جیهان بە گشتی لە بەردەم واقعێكی نوێدایە و هیچ گومانی تیادا نیە، دەرئەنجامی كۆتای شەڕی روسیا-چین و بەرەی ئەمریكا گۆڕانكاریەكی نوێ لە نەخشەی سیاسی وڵاتانی جیهاندا بەرجەستە دەكرێت و پێشبینی دەكرێت، جارێكیتر وڵاتانی جیهان وەك سەردەمی دوای شەڕی جیهانی دووەم لە نێوان خۆیاندا دابەشبكرێنەوە و دووریش نیە شەڕێكی ساردی نوێیش بەرپاببێتەوە. لەم دۆخەدا ئەگەر كورد وەك میللەت شتێك بۆ خۆی دانەبرێت، ئەوە بە دڵنیایەوە تا دەیان ساڵیتر دەكەوێتەوە ژێر دەستی وڵاتانی داگیركەری هەرێمایەتی. لە ئەمرۆدا جیهان بە گشتی رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو جەمسەرگیری و خۆ ساخكردنەوە لە بەرەكانی شەڕ و پێكدادانەكاندا دەكشیت، لەم پرۆسەیەدا سەرەتا وڵاتە بەهێزە هەرێمایەتیەكان ئەم سیناریۆیە جێبەجێ دەكەن. ئەوەی بەواقعی دەیبینین وڵاتانی وەك ئێران، كۆریا، سوریا، بە ئاشكرا خۆیان لە بەرەی روسیا- چیندا ساخدەكەنەوە، هاوكات وڵاتانی ئەوروپا و هەندێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و چەندینیتر لە بەرەی ئەمریكادا خۆیان ساخكردوەتەوە. لەم پرۆسەیەدا دوو فاكتەر رۆڵی سەرەكی دەبینین، فاكتەری یەكەم جیۆپۆلتیكی وڵاتە، بەواتە هەر وڵاتێك بە پێی واقعی جیۆپۆلتیكی خۆی دەتوانێت ئەو بەرەیە هەڵبژێرێت، كە تیایدا خۆی ساخدەكاتەوە بە نمونە ئەو وڵاتانەی دەكەونە ناو ناوچەی هەژمونی روسیا- چینەوە زۆر ئەستەمە بتوانن لە بەرەی ئەمریكادا خۆیان ساخكەنەوە، رەنگە هەر ئەمەیش هۆیەكی سەرەكی كشانەوەی ئەمریكا بێت لە ئەفغانستان، چونكە بە واقعی ئەو ناوچەیە نەك هەر هیچ گرنگیەكی ستراتیجی بۆ ئەمریكا نەما بوو، بگرە بەرگریكردنیش لێی زۆر گران و ئەستەم بوو. 

 فاكتەری دووەم: بەها و باوەر و دنیابنی ئابووری و سیاسی و كەلتوری گەلانە. هەندێك لە گەلانی جیهان تا ئەمرۆ لە دۆخێكدان زۆر ئەستەمە(بە تایبەتی لە بواری كۆمەڵایەتیدا) بەها و پرنسیپەكانی جیهانی لیبرالیزمی نوێ قبوڵ بكەن، بۆیە ئەم گەلانە بە گشتی خواستیان بۆ زیاتر نزیكبوونەوەیە لە بەرەی روسیا- چین. هەر وڵاتێك لە بەرەیەكدا خۆی ساخكردەوە، ئەودەم ناچار دەكرێت، كە كار لە سەر بونیادنانەوەو خۆرێكستنەوەی خۆی بە پێی دنیابینی و واقعی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو بەریە بكات، كە بریاری داوە لە گەڵیدا بێت. 

بە شێوەیەكی گشتی ویستگەكانی شەڕ و پێكدادانی نێوان ئەم دوو بەرەیە، ئۆكرانیا، تایوان، خۆرهەڵاتی ناوەراست(سوریا، فەلەستین، لبنان، عێراق)ە. لەم دۆخەدا بونەتە ویستەگەی سەرەكی پێكدادانی نێوان هەردوو بەرەی شەڕكەر. ئەمە لە گەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق كار لە سەر ئەوە دەكات، ئەم وڵاتە لەم دووبەرەكیە دەرهێنن و عێراق وەك وڵاتێكی بێ لایەن لە نێوان هەردوو بەرەدا بمێنێتەوە. پرۆژە و رێكەوتنی ستراتیجی لە گەڵ هەردوو بەرەدا ئەنجام بدەن،( رەنگە جۆرێك لە دابەشكردنی بەرژەوەندیەكان لە عێراقدا بەرجەستە بكرێت، بە نمونە كەرتی گاز و نەوتی عێراق بدرێت بە بەرەی ئەمریكا لە بەرامبەر رازیبوون بە جیبەجێكردنی پرۆژەی رێگای هەریر و زامنكردنی دروستكردنی دیوارێك بۆ رونەدانی پێكدادان لە نێوان هەردوو بەرەدا بە تایبەتیش پاراستنی سنوری رۆژئاوای ئێران لە گەڵ عێراقدا). 
 

 ئەوەی مایەی نێگەرانیە، لەم دۆخەدا هەرێمی كوردستان توشی جۆرێك لە گومرایی و نەزانی بووە، زۆر بە ئاسانی خۆی لە نێوان هەردوو بەرەدا دابەش كردوە، بەواتە پێش ئەوەی داگیركەرانی دابەشی بكەن، یەكێتی و پارتی خۆیان هەرێمی كوردستانیان دابەش كردووە بە سەر بەرەی ئەمریكا و بەرەی روسی- چین- ئێراندا. كارەسات لەوەدایە هیچ كام لە یەكێتی و پارتی ئاگاداری دنیابینی و سیاسەتی وڵاتانی زلهێز نین بۆ چارەسەری پرسی كورد، بگرە هەر یەكەیان بە ئامانجی خۆپارێزی لەویتر و لە تورەی میللەت بە هۆی ئەو دۆخە گەندەڵاوی و خراپەی بۆ ئەم میللەتەیان دروستكردوە خۆیان داوەتە پاڵ بەرەیەك.

حزبە كوردیەكان لە ئەمرۆدا نەك تەنیا بوونەتە پاشكۆی وڵاتانی داگیركەری هەرێمایەتی، بگرە بونەتە بەردەباز بۆ جێبەجێكردنی ئەجندای داگیركاری ئەو وڵاتانە بۆ كوردستان. لە دەرەوەی وڵاتانی هەرێمایەتی زلهێزەكانی جیهان بە تایبەتیش روسیا، چین، ئەمریكا، ئەوروپا ..تاد، بەرژەوندیان لە گەڵ بەرژەوەندی وڵاتانی داگیەری كوردستان دەگونجێنن. بەواتە دەرئەنجام بەم پرۆسەیە جارێكیتر بە یارمەتی حزبە كوردیەكان پرسی رزگاری نەتەوەی توشی ئاشبەتاڵ و شكستێكیتر دەكرێتەوە. 
 نە پارتی ئاشنای ستراتیج و سیاسەت و دنیابینی ئەمریكیەكانە بۆ چارەسەری پرسی كورد، نەیەكێتیش ئاشنای فەلسەفە و دنیابینی رووسەكانە بۆ چارەسەری پرسی رزگاری نیشتمانی، نە كورد بۆخۆیشی بەم واقع و ئەجندایەوە دەتوانێت ببێتە هێزێكی گوشار لە پێنا سەپاندنی مافی چارەی خۆنوسین. 
 

 بە گشتی كورد لە ئەمرۆدا لە نێوان بەرداشی سیاسەتی بە گورگان خواردكردنی لە لایەن ئەمریكاوە وەك هەمان سیاسەتەكانی پێشووی و سیاسەتی گێرانەوەی بۆ ژیانی ژێردەستەی لە لایەن رووسەكانەوە دەهاردرێت.سەرچاوە : سپیمیدیا

سەرچاوە  سپیمیدیا