كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی ,گەنجینەیەكی ئاڵتوونی

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

پێشتر وبەمەبەستی سوود وەرگرتن لەزانیاری وسەرچاوەكان,سەردانی كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی یم كردبوو,بەڵام لەسەردانی ئەم دواییەی وێب سایتی گەلاوێژ وبەیارمەتی بەڕێوەبەرەكەی, خاتوو كەوسەر محمەد ئەمین,كتێبخانەكە لەلایەكەوە چێژێكی تری هەبوو,لەلایەكی تریشەوە جۆرێكی تر دەركەوت,ئەمەش دوای گەڕان وپشكنینێكی ووردی بەشەكانی كتێبخانەكە وزانیاری زیاتر لەسەر پێكهاتەوە وگرنگی سەرچاوەكان وزەمەنی دامەزراندنی كتێبخانەكە.تێڕوانینەكان گۆڕانكاریان بەسەر هات.مێژووی كتێبخانەكە زۆر كۆنە ودەگەڕێتەوە بۆ میرنشینی بابان,ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات كەمیرەكان,یان دەسەڵات,بایەخێكی زۆریان داوە بەزانین وسەرچاوە وچەمكە فیكری وڕۆشنبیرییەكان,بەوپێیەی ئەو سەرچاوانەی كەدەكەونە نێو زەمەنی میرنشینەوە سەرجەمیان لەڕووی زانین ومەعریفەتەوە بەسوودن ,زۆربەشیان خۆیان لەدەستنووسەكاندا دەبیننەوە چونكە بۆ ئەو كات تەنها ڕێگەیەك بوو بۆ دەوڵەمەند كردنی بیر وهزری تاكە خوێندەوارەكان وچاپەمەنیش ڕووی لەناوچەكە نەكردبوو.دیارە دوای هەرەسی میرنشینی بابان لە 1851,بەهۆكاری جیاواز,كەسانێكی دڵسۆز بەكلتور وزانین توانیان ئەم سەرچاوانە بپارێزنن,یەكێك لەوانە كاك ئەحمەدی شێخ بوو (1793 - 1887),بەبەڵگەی ئەوەی سەرچاوەكان بەكتێب ودەستنووسەكانەوە لەمزگەوتی گەورە پارێزراو بوون تا ئەو كاتەی كتێبخانەی ئەوقاف دامەزرا.گومان لەوەدا نیە كتێبخانەكە وبەپێی قۆناغە زەمەنییەكانی دوای هەرەسی میرنشین گەشەی زیاتری بەخۆوە بینیوە وئێستا نزیكەی (30 )سی هەزار سەرچاوەی بەزمانەكانی كوردی وعەرەبی وفارسی وتوركی لەخۆ گرتووە ودەستنووسەكانیش (3840)سێ هەزار وهەشت سەد وچل,زۆربەیان تەواو دەگمەنن.ئەمە جگە لەڕۆژنامە وگۆڤارەكان كەژمارەیان یەكجار زۆرە,ئەمانیش ئەرشیفێكی دەوڵەمەندی زانیارییەكا..بەوپێیەی سەردانێكی زۆری كتێبخانە عەرەبی وجیهانییەكانم كردووە,بەئاشكرا تێبینی ئەوەم كردووە دەسەڵات بایەخێكی زۆری پێداون وڕۆژانە ئەو كتێبخانانە لەگەشەدان چونكە بەشێكن لەناسنامە زانین وكلتوری وئەدەبی وفیكری ونیشتمانی ونەتەوەییەكان,خەڵكیش ڕۆژانە وبەمەبەستی جیاواز سەردانیان دەكەن.بۆ نموونە,كتێبخانەی نیشتمانی بەریتانیا كەلەساڵی 1973 دامەزراوە ومێژووەكەی بەبەراوورد لەگەڵ كتێبخانەكەی بابان زۆر تازەیە,بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بایەخدانی بەرپرسان یەكێكە لەكتێبخانە بەناوبانگەكانی جیهان,سەرجەم ئامێرە سەردەمییەكانی تێدا بەردەستە وبەشێوازێكی شایستە ونوێ پارێزگاری لەدەستنووسەكان دەكەن.ئەمە جگە لەوەی هەموو بەشەكانیانیان بەئێلكترۆنی كردووە وكارئاسانی تەواوی بۆ خوێنەر وتوێژەر كردووە.بەڵام گەر بەویژدانی ڕەخنەوە بڕوانینە كتێبخانەكەی بابان (كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی)ئەوا لەزۆر ڕووەوە بەهەژاری دەردەكەوێت ولەئاست بەهاكانی سەرچاوەكاندا نیە,بەتایبەتی لەڕووی جێگە وپاراستنی تایبەت بەئەرشیفە گرنگ ودەستنووسە بەنرخە ئاڵتونییەكان وبەشی بەرگتێگرتن وئامێر وكەرەستەی پارێزگاری مانەوەی دەستنووس وئەرشیفەكان وئامێری لەبەرگرتنەوە (كۆپی پێشكەوتوو )ئەمە لەكاتێدا دراوسێكان بەهەر نرخێك بێت لەهەوڵی ئەوەدان ئەو ئەرشیف ودەستنووس وسەرچاوە بەنرخانە بەلای خۆیاندا ڕاكێشن.ئەمەش جۆرێك دەبێت لەسڕینەوەی شوناس وبیرو هزری تاكی كورد كەهیچ كات لەبەرژەوەندی گوتارە مەعریفی وزانینەكانی كوردا نیە,بەڵكو هەڕەشەیەكیشە بۆ نەمان وفەوتان وقڕكردن.بۆیە لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كەسەرچاوەی ئەم قوتابخانەیە پێویستییەكی نەتەوەیی ونیشتمانی بوو,چونكە كتێبخانەكە لەزەمەنی میرنشیندا لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە. جگە لەوەی كتێبخانە بووە ئەوا لەهەمان كاتدا قوتابخانە ومەڵبەندێكی زانستی وفێركاری وپیداگۆجیش بووە بۆ هەمووان بەجیاوازی دیالێكت وجێگەكانەوە,زانایانی ئاینی وشاعیران ونووسەران وبیرمەندەكان هەموویان سوودیان لەم مەڵبەندە بینیوە,شێخ حوسەینی قازی ونالی وكوردی وسالم وسەی ئەحمەد فایز ومەحوی ومەلیك مەحمود ...هتد.واتە ئەم كتێبخانەیە گەنجینەیەكی ئاڵتوونییە,نیشتمانە,نەتەوەیە,ناسنامەیە,شوناسە,ئەدەبە,مەعریفەتە , مۆزەخانەیە ,گەلەرەییە, پایتەختێكی ڕۆشنبیریی وئەدەبی وفیكرییە.ئێمە ,لەم وتارەدا ,مەبەستمان نیە ناوەكەی بگۆڕێت بۆ كتێبخانەی نیشتمانی,ئەم ناوەی ئێستاش بەشێكە لەناسنامە كلتوری ومێژووییەكان هاوشێوەی كتێبخانەی ئەزهەر, بەڵام بەپێوانەی ئەو خەسڵەتانەی سەرەوە مەسەلەكە زیاتر مۆركێكی نیشتمانی بەخۆیەوە دەبینێت.گەر لەئایندەشدا دەسەڵاتی ڕۆشنبیری وئەوقاف ناوەكەی گۆڕی بۆ "كتێبخانەی نیشتمانی"ئەوا گۆڕینەكە,جگە لەخزمەتی گوتارێكی گشتگیری بۆ كورد وكوردستان ولەگەڵ ئەو پەڕی سوپاسگوزاری بۆ وشەی ئەوقاف كەتوانیویانە دڵسۆزانە كلتور وناسنامەی ئەم كتێبخانەیە بۆ چەندین ساڵ بپارێزن,هیچ كێشە ومەترسییەك دروست ناكات,بەڵكو لادانێك ناخوڵقێنێت.ئەوەتا "كتێبخانەی نیشتمانی عێراقی",سەرەتا ولەساڵی 1920 دا لەژێر ناوی كتێبخانەی ئاشتیدا بوو (مكتبە السلام )دواتر لەساڵی 1929 ناوەكەی گۆڕا بۆ "كتێبخانەی گشتی",ئەمەشیان,دوای تێكەڵكردنی لەگەڵ "كتێبخانە وئەرشیفەكان -دار الكتب والوپائق - "لەساڵی 1961 بەرگێكی تری پۆشی وناوەكەی گۆڕا بۆ "كتێبخانەی نیشتمانی".
بەهۆی گرنگی سەرچاوەكانی كتێبخانەكە,پێویستە حكومەتی هەرێم,بەتایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم,یان وەزارەتی ڕۆشنبیری وئەوقاف, جێگەیەكی شایستەتر وسەردەمیانە تەرخان بكات,لەگەڵ دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی كتێبخانە,بەئامێر وكەرەستەی لەبەرگرتن وپارێزگاریكردن وجێگەی تایبەت بەهەڵگرتن وپاراستنی دەستنووسەكان وهۆڵی خوێندنەوە وكۆنفراس.هەروەها بەئەنجامگەیاندنی ڕاهێنان وبەشدریكردنی ستافی تایبەت بەكتێبخانە وئەرشیف ودەستنووسەكان لەدەرەوەی هەرێم,دیارە ئەمەش لەپێناو بەرز ڕاگرتن ومانەوە وبەردەوامی كتێبخانەكەیە كەدواتر ئەگەرێكی زۆری هەیە بچێتە نێو پشبڕكێ جیهانییەكانەوە ونوێنەرایەتی بیر وهزر وزانینی كورد بكات.

 

 

سەرچاوە ؛ کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان