كتێب!!!!

 

 

 

تاڤگە سابیر

 

کتێبی بن دەستی فاڵچیەک پێی  ووتم 
ڕۆژێك دێ جەستەت لە سێبەرەکەت جێ دەمێنێ
بێ مانا لە عەشق دەپرسی لە ووشکە ساڵیەکی مرۆڤدا
پێڵاوەکانت وندەکەی
پێی ووتم  !!
بەختی تۆ بەستراوەو بەر نابێ 
بەختی  تۆ لە قتوی یادەوری ژنێکدا ئەسیرە و
لە ڕۆخی دەریادا نووستوە
بەختی  تۆ  بەستراوەو  بەر نابێ
پێی ووتم!
ئەبێ تۆ .. ھەزاران نشێوو ھەزاران  دارستان تەواو بکەی
ھەزاران  فرمێسک و ھەزاران تەسبیحات تەواوکەی
تاڵێکی مووی سپی سەری خۆت ھەڵگری و
لە بەرپێی ئەو قافڵانەدا دای بنێی
یەکەمین تفیان گرتە نیشتیمان 
ھەر دەبێ بەڕووتی بە کوچەو تەنیایی پایزەکاندا تێپەڕی
لەگەڵ  زستانە نسرمەکاندا بخەوی
لەگەڵ  بەیانیە ساردەکاندا ھەڵبێیت و
لە ئێوارە بێ تینەکاندا ئاوابی
من ھەر خۆم دەمزانی چ تاعونێك ھاتوتە ناو ژیانمەوە
بۆ ئەبەد تولە ڕێکانی دەریام لێ تێکدەچێ
لەو شەوەو ترسێکی گەودوەنی چۆتە ناو  دڵمەوە
کە یەکەمین  بایەقوش...!
بەسەر  بانیژەی ئومێد و درەختی ھەمیشەیی من و تۆوە نیشتەوەو
بۆ دواجار
بەسەر ژووری تاقانەو دیوانە سەوزەکەی مندا بانگیدا
میھری تۆی لە ڕۆحم و
جەستەی تۆی لە شەرم و
وڵاتی لە خەونمدا تەکاند
ئەزیزی من!!!
ئەوە یەکەمین  شەوی دۆزەخی من بوو
کاتێ ھەناسەم بوو بە تۆز
بەسەر نیشتیمان  داباری و
چاوە سیحراویەکانی  لێ ونبوو
من سەرەتای ئەو با یەم دەبینی
جاروبار دەھاتە ژوورەکەم و
پەڕەی کتێبەکانمی دەژاکاند
جاروبار  غوبار و تۆزێکی گەردوونی
بەسەر ئەم دڵە خوێنینەی مندا
ئەباراند...!
لەیەکەم بەیانیەوە دەمزانی
دەبێ بڕۆم و وەك قەرەجێکی بێ شوناس
لە ناو بەھاری عومری تۆو
فێنکی کتێبەکان بچمەدەرێ
دەمزانی  ئەبێ پێ بە پێ
منیش بچمە ناو گوناھە گەورەکانەوە و
کەس وەسییەتێکم بۆ نەکات
ئەزیزم ...!
بە ڕوخساری شپرزەیی وەرزەکاندا دەمزانی 
ڕۆژێك دەبێ
ماڵئاوایی ڕابردووە شیرین و تاڵەکانم بکەم و
وەك  گەڕیدەیەکی دۆست مردوو
تێکەڵ بم لەگەڵ  کاروانە سەر لێ شێواوەکاندا
قەتارەی ئەو مەخلوقانە ببینم
بێ سەواد پێدەخەنە دڵی زەویە نەیارەکانەوە
بەبێ ھیچ قیبلە نومایەك
نیشتیمانەکان تاقی دەکەنەوە و قوتبەکان دەگەڕێن.