لە شاری سلێمانی ئاژانسی میترۆگرافی یەکەمین رێوڕەسمی خەڵاتی ساڵانەی كامەران نەجم رێکدەخات.
سەرتیپ عوسمان فۆتۆگرافەر لە مێترۆگرافی لە لێدوانێکی رۆژانەمەوانی رایگەیاند بە مەبەستی دەستگیرۆیی فۆتۆگرافەران و رەخساندنی زەمینەی پێشبڕکێی بۆ کاری فۆتۆگرافی و دەرخستنی توانا شاراوەکان زیاتر لە ساڵێکە لە ئامادەکاریداین و بانگەواز بۆ فۆتۆگرافەر، ڤیدیۆگرافەر، رۆژنامەنووسان کرا تا لە ھەرشوێنێکی ئەم جیھانەن بە بەرھەمەکانیان بەشداری خەڵاتی کامەران بکەن و بابەتەکانیان پێشکەش بکەن کە لەسەر دوو ئاستی گشتگیر کارەکان رێکخراون و خەڵات دەبەخشرێت.
یەکەمیان بریتییە لە خەڵاتی رۆژنامەوانیی کامەران کە بڕی 12 ھەزار دۆلار دەبەخشرێتە رۆژنامەنووسێکی براوە کە لە یەکێک لە بوارەکاندا وەک پرۆژەی درێژمەودا کاری کردووە.
دووھەمشیان خەڵاتی یادکردنەوەی کامەران دەبەخشرێتە خێزانی فۆتۆگرافەرێک کە لەکاتی کارەکەیدا بێسەروشوین بووە، ئەمەش لەپێناوی وننەکردنی ئەزموون و ژیانی ئەو سەربازە ونانەی کە بە زوومی کامێراکانیان خزمەتی مرۆڤایەتی و بەھا مرۆییەکانیان کردووە و ژیانیان بەخشییەوە بە پیشەکەیان.
ژمارەیەک دادوەریش کە پێکھاتوون لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا ھەڵسەنگاندیان بۆ بابەتە پێشکشکراوکان کردووە و بێلایەنانە بڕیار لەوە دەدەن کێ دەبێتە براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵ كە سبەینێ لە رێوڕەسمەکەدا ئاشکرادەکرێت.
خەڵاتی کامەران، بەناوی فۆتۆگرافەر و دامەزرێنەری ئاژانسی مێترۆگرافی کامەران نەجمەوە ناونراوە کە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لەکاتی رووماڵکردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی تیرۆریستی داعش برینداربوو و تاوەکو ئێستاش بێسەروشوێنە.
خەڵاتی کامەران ئەمساڵ بۆ یەکەمجار سازدەکرێت و دەبێتە رێوڕەسمێکی ساڵانە و لەلایەن ئاژانسی مێترۆگرافیەوە زەمینە دەڕەخسێنرێت بۆ ھەموو ئەو فۆتۆگرافەر، ڤیدیۆگرافەر، رۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت لە پیشەکەیاندا داھێنان بکەن و خزمەت بکەن، یاخود لە رێگای زومی کامێراکانیان خزمەتی کۆمەڵگایان کردووە و بونەتە قوربانی و ژیان و ئەزموونیان بە بیردەھێنرێتەوە.
سەرچاوە: knwe