لاجان محهمهد عوسمان
هەرێمی کوردستان لە دووای پرۆسەی ئازادی لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دۆخێکی ئابووری باشدا تێدەپەڕی بەجۆرێک داهاتی تاک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و دەرفەتی کار و دامەزراندن لەسەرجەم بوارەکاندا بە ڕووی هاوڵاتیاندا کراوەبوو، بەڵام ئەم خۆشگوزەرانییە ڕێژەییە تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو و دوواتر هاوڵاتیان بە قورسترین بارودۆخی ئابووری و داراییدا تپەڕین کە کاریگەریی دوور مەودای لەسەر تەندروستی دەروونی جێهێشتووە و لە ئێستاشدا کاریگەریەکانیان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەردەکەون. کێشە داراییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپی تەندرووستی دەروونی هەژمار دەکرێت و بابەتی تەندرووستی دەروونی یەکێکە لەو کێشانەی کە ڕووبەڕوی دانیشتوانی جیهان بووەتەوە و ڕەهەندێکی ئابووری هەیە. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ژمارەی ئەو کەسانەی لە لە جیهاندا تەندرووستی دەروونیان ناجێگیرە و توشی گرفت بوون بە زیاتر لە یەک ملیار کەس دەخەمڵێندرێت.
قەیرانە ئابوورییەکان، بێکاری، ناسەقامگیری سیاسی، ناکۆکی بەردەوام لەسەر تەرخانکردنی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەند و دۆخێکی نادڵنیایی قوڵی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە و بەردەوام وایکردووە پاشەکشە لە چەند بوارێکدا ڕووبدات و ببێتە هۆکارێک بۆ تێکچوونی تەندرووستی دەروونی لەوانەش درووستبوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ئاڵودەبوون و خراپی کوالێتی ژیان و زیادبوونی هەوڵی خۆکوشتن. سەدان گەنج و دەرچووی زانکۆ لەدووای ٢٠١٤ بێکار و بێچارە ماونەتەوە بەتایبەتی لە شارە بچوکەکان و شارۆچکە دوورەدەستەکان کە بوونەتە سەرچاوەی کۆچی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. ناسەقامگیری دارایی نەک هەر ڕێگری لە گەشەی هەرێمی کوردستان کردووە بەڵکو قەیرانێکی تەندروستی دەروونی و تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیشی لێکەوتووەتەوە کە پێویستی بە هەڵوەستەکردنە
نەبوونی دەرفەتی بازرگانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نەبوونی ئاسایشی کار بە شێوەیەکی بەرچاو بەتایبەتی لەنێو چینی گەنجاندا و ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٠ ساڵە و دەرچووی ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٤ گرفتی قوڵی دەروونی درووستکردووە. هەزاران گەنج کە تازە لە زانکۆ دەرچوون ناتوانن دەرفەتێکی گونجاوی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە تاوەکو لە ڕێگەیەوە خەونەکانیان بەدیبهێنن و هاوکاری خێزانەکانیان بکەن. ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەستکردن بە بێزاری و نائومێدی لە نێو هاوڵاتیاندا بەتایبەتی کاتێک ناتوانن کار لە بوارەکانی خوێندنیان یان تەنانەت لە پۆستە سەرەتاییەکاندا بە موچەیەکی سنوردار بدۆزنەوە. ئەوانەی لە کەرتی گشتیدا دامەزراون، ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری توندتر بوونەتەوە، بەهۆی پاشەکەوتی موچە و دوواتر دوواکەوتنی موچە و پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
ساڵانێکە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی تووشی دواکەوتنی بەرچاو دەبن لە وەرگرتنی مووچەکانیان، هەندێکجار تا دوو مانگ چاوەڕێی یەک مووچە دەکەن. ئەم پرسە ماوەی ١٠ ساڵە فشارێکی زۆری خستۆتە سەر خێزانەکان، چونکە کارمەندان کە زۆرجار موچە تاکە بژێوی ژیانیانە، ناتوانن هیچ پلانێکی دارایی دابڕێژن و پارەی پیویست بۆ خوشگوزەرانی خۆیان و خێزانەکانین تەرخان بکەن لە ترسی نەهاتنی موچەی مانگەکانی داهاتوویان. زۆرێک لەو فەرمانبەرانەی لە دووای ساڵی ٢٠١٤ خێزانیان پێکهێناوە، بەهۆی ناڕێکی داهاتیانەوە توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە. نەبوونی سەقامگیری دارایی دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێهیوایی و دەیان کێشەی دەروونی درووست دەکات کە تەنانەت دەتوانین بلێین کاریگەری لەسەر کارامەیی و هاندانیان بۆ کاری داهێنەرانەش دەبێت، چونکە بەردەوام دۆخە ئابووریەکە لە مێشکیان دەخولێتەوە و دڵنیا نین لەوەی جارێکی دیکە مووچەیان پێدەدرێتەوە یان چۆن توانای کڕینی شتە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و کرێی خانوویان دەبێت. ئەم ئاڵەنگاریانە لە کەرتی تایبەتیشدا بە ڕوونی هەستیان پێدەکرێت. نەبوونی دەرفەتی دامەزراندنی بزنسی بچوک و مامناوەند و هەلی وەبەرهێنان و کارکردن لە کوردستان بۆشاییەکی دەروونی قوڵی لەلای گەنجان درووستکردووە کە وێنەیەکی ناڕوونی بۆ داهاتوویان نەخشاندووە و بووەتەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی دڵەڕاوکێ.
لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری، تەندروستی دەروونی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە. پرسەکانی تەندروستی دەروونی ئاڵۆزن، هۆکارە بایۆلۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت و فشاری ئابووریش بەشدارێکی بەرچاوە لەم ناسەقامگیرییەدا. زۆرجار نا سەقامگیری دارایی پەیوەندی بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تەنانەت کێشەی تەندروستی دەروونی توندترەوە هەیە کە دەکرێت بگاتە حاڵەتی خۆکوشتن و لەبیرمان نەچێت چەندین حالەتی خۆکوشتن بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە ڕوویداوە کە کرۆکی ئەم بابەتەیە کە باسی دەکەم.
باوترین کێشەکانی تەندروستی دەروونی کە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە سەرهەڵدەدەن بریتین لە تێکچوونی دەروون و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. ئەو کەسانەی سەقامگیری داراییان نییە، بەردەوام نیگەرانی داهاتوویانن، بەتایبەتی کاتێک دڵنیا نین کەی مووچەی مانگی داهاتوویان دەگاتە دەستیان. ئەم فشارە بەردەوامە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ناسەقامگیری تەندروستی دەروونی، چونکە تاکەکان هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن لە بەرامبەر بارودۆخەکانیان و بێدەسەڵاتن لە بەرامبەر داهاتوویەکی نادیاردا و کەرامەتیان لەبەرامبەر منداڵ و خێزانەکانیان دەکەوێتە حاڵەتی خۆ بەکەمزانین.
بێتوانایی لە پلاندانان بۆ ژیانی مرۆڤ بەهۆی ناسەقامگیری ئابووری دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێدەسەڵاتی، کە توخمێکی سەرەکی خەمۆکییە. زۆرێک لەو گەنجانەی کە چاوەڕوانییەکی زۆریان بۆ داهاتوویان هەیە، بەهۆی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە ناتوانین هیچ هەنگاوێک بنێن. لەم دۆخەدا، هەستکردن بە چەقبەستوویی دەبێتەهۆی نائومێدی، چونکە تاکەکان هێدی هێدی هەست و ئامانج و بەهایان لەدەست دەدەن. لەوەش خراپتر، لەگەڵ خراپبوونی فشاری دارایی، ئەم هەستە بێهیواییە دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە کێشەی تەندروستی دەروونی توندتر زیاد بکات، وەک بیرکردنەوەی زۆر و لەبیرچوونەوە و متبوون و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم دۆخە مانگانە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بووەتە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو، سترێسی مانگانە و نەزانینی کات و بڕی ئەو داهاتەی کە مانگانە دەستیان دەکەوێت بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەرپرسیاریەتی منداڵ و کەسانی بەتەمەنیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی شەکەت بوونی تاک و دڵەڕاوکێی درێژخایەن و خەمۆکی و هەستکردن بە ماندوێتی سۆزداری.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە دەروونەیەی کە لە کوردستان درووست بووە، حکومەتی هەرێم دەبێت ئەولەویەت بدات بە سەقامگیرکردنی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، باشترکردن و ڕەخساندنی دەرفەتی بازرگانی لەڕێگەی پێشکەشکردنی قەرزی بچوک و مامناوەندی درێژخایەن و ئاسانکاری لە پرۆسەی تۆمارکردن و دامەزراندنی بزنسەکان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت. لە هەمووی گرنگتر چیتر موچە نەبێت بە بابەتی چاوەڕوانی و هەواڵ چونکە بەڕاستی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە وادەکات نەوەیەک درووستبێت، کە تەنها خەون و چاوەڕوانی هاتنی موچە بووە، مەترسیەکی جدییە لەسەر پیشکەوتنی وڵات و درووستکردنی نەوەیەکی داهێنەر و پیشکەوتوو لە داهاتوودا. ئەگەر لە کەسێک بپرسی کە لە ٢٠١٤ تەمەنی ١٨ ساڵ بووبێت و پێی بڵییت خەون و خولیات چی بووە، دڵنیابە بەشێکیان دەلێن هاتنی موچە لەکاتی خۆیدا، کە بەڕاستی ئەم کارەساتە. چارەسەرکردنی دواکەوتنی بەردەوامی مووچە و دڵنیابوون لە پێدانی پارە لە کاتی خۆیدا بۆ کارمەندانی کەرتی گشتی دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی. باشترکردنی کوالیتی ژیان و و تەرخانکردنی هەلی کار، لە هەمان کاتدا دروستکردنی حکومەتێکی شەفافتر و لێپراو، دەبێتە هۆی باشتربوونی تەندرووستی دەروونی هاوڵاتیان.
جگە لەوەی باسمکرد، بۆچارەسکردنی دۆخی دەروونی هاوڵاتیان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی پێویستیان بە فراوانکردن و باشترکردن هەیە. زیادکردنی ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی تەندرووستی و ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگە دەبنەهۆی کەمکردنەوەی فشارە دەروونیەکانی سەر هاوڵاتیانی هەرێم کە بەهۆی دۆخی دارایی و ئابوورییەوە درووست بوون. لە کۆتاییدا بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان نەک تەنها لەڕووی ماددیەوە گرنگە بەڵکو زیاتر بۆ تەندروستی دەروونی هاوڵاتیان و بەرزبوونەوەی کوالێتی ژیان و خۆشگوزەرانی گرنگە. سەقامگیری لە هەردوو بوارەکەدا کلیلی دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی گەشە بۆ هاوڵاتیان. بەبێ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوو ڕەگیان لە کۆمەڵگەدا داکوتاوە، پێدەچێت قەیرانی تەندروستی دەروونی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و تەنانەت قووڵتر بێتەوە و لێکەوتەی درێژخایەنیش بۆ کۆمەڵگا بە گشتی بەجێبهێڵێت.
سەرچاوە : خەندان