قۆناخێکی مەترسیدارتری هێرشە ئەلیکترۆنییەکان

 

 

ادیار سەعدی
  دیار سەعدی

 

 

تاوەکو تەکنەلۆژیا زیاتر پێشبکەوێت، دژەکەیشی دەستی باڵاتر دەبێت، یەکێک لەوانە هێرشبەرانی جیهانی دیجیتاڵن کە بۆ دوو چین دابەشبوون؛ چینێکیان ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمپانیاکان و هاووڵاتییانە بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی پارێزراو لەنێو فەزای دیجیتاڵی (سایبەری)دا. چینەکەی دیکە ئامانجی وێرانکاری و دزینی زانیاری و داتای کۆمپانیاکانە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو.

چینی هێرشبەر هەندێکجار سەرچاوە دەگرێت لە گرووپێک کە لەلایەن دەوڵەتێکی دیاریکراوەوە سپۆنسەر دەکرێت و بەشێکیشیان گرووپی تاوانکاریی نێو جیهانی سایبەرین، ئەوانیش بە (سایبەر گانگ) ناسراون و هەندێکی دیکەیان بە گرووپە تاوانکارییە ئەلیکترۆنیەکان (سپایدەرەکان) ناسراون.

دەمەوێت بۆ ساتێک خەیاڵ بکەیت و بڵێیت چی دەبێت کاتێک هێرشبەران دزەیان کردە نێو سیستمی کارەبای وڵاتەکەمان و تەواوی کارەبای نەخۆشخانەکانیان کوژاندەوە؟ چی دەبێت کاتێک هێرشبەران دزەیان کردە نێو سیستمی بەنداوێک و رێژەی کلۆری زیاتریان خستە نێو ئاوەکە و پاشان چەندین هەزار کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن و رەنگە زۆربەیان گیان لەدەست بدەن. چی دەبێت کاتێک هێرشبەران دزە بکەنە نێو سیستمی شەمەندەفەرە خێراکان و گۆڕانکاریەکیان لە خێرایی شەمەندەفەرەکە کرد! ئایا چەند سەد کەس لە سەرنشینان گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن؟ ئەمانە هیچی خەیاڵی نێو رۆمانێک و فیلمی سینەمایی نین، بەڵکو هەمووی لە دەرئەنجامی هێرشێکی ئەلیکترۆنیە بۆ سەر کارگەیەک و چەندین رووداوی هاوشێوە روویانداوە.

دەگەڕێینەوە بۆ شەوێک پێش ساڵی 2016 لە ئۆکراینا؛ رووسیا هێرشێکی ئەلیکترۆنی کردە سەر وێستگەیەکی کارەبا و زیاتر لە 700 هەزار شوێن کارەبایان کوژایەوە! یان ئۆپەراسیۆنی ستەکس نێت لە دژی وێستگەی ئەتۆمی ئێرانی لە ساڵانی 2008 بۆ 2010 کە زیاتر لە هەزار سەنترفیوژ سووتان و پیتاندنی یۆرانیۆم وەستا؛ دەتوانین بڵێین بەم هێرشە ئێران 10 ساڵ گەڕایەوە دواوە.

لە ساڵانی رابردوودا زۆرینەی پسپۆڕان و توێژەرانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی سەرنجیان لەسەر پاراستنی کۆمپیوتەر و وێبسایت بوو تاوەکو دووربن لە دزەکردنی داتا و هاککردن، بەڵام ئێستا مێزەکە پێچەوانە بووەتەوە، لە کۆنفڕانسەکانی ئاڕ ئێس ئەی، هاکتیڤی، بلاک هات و دێف کۆن، جەخت دەخرێتە سەر سیستمی نێو کارگەکان، چونکە دەتوانن زیانگەلێکی زیاتر بگەیێنن. وێستگە نەوتییەکانیش بێبەش نین لەم هێرشانە. ساڵی 2012 بە دیاریکراوی مانگی 7، ڤایرۆسێک بەناوی شەمعون هێرشی کردە سەر ئارامکۆی سعودی و لە ماوەی چەند کاژێرێکدا سیستمی لەسەر نزیکەی 30 هەزار کۆمپیوتەر رەشکردەوە و زیانی چەندین ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیای ئارامکۆ دا. 

ئەو سیستمەی کارگەکان بەکاریدەهێنن بەشێوەیەکی گشتی ناسراوە بە (ئیندەستریاڵ کۆنتڕۆڵ سیستم). زۆرینەی کارگەکان، بەنداوەکان، وێستگە کارەباییەکان لە عێراق و تەواوی جیهاندا سیستمێک بەکاردەهێنن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەناوی سکادا کە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت و چەندین کۆمپانیاش سیستمی سکادا گەشەپێدەدەن لەوانە سیمێنس. رۆژ بە رۆژ هێرشەکانی نێو دونیای سایبەری گۆڕانکاری تەواوی بەسەردێت. ئەگەر لە رابردوودا هێرشەکان ئاراستەیان لەسەر (کۆمپیوتەر، مۆبایل و وێبسایت) بووبێت، ئەوا ئێستا ئاراستەکان گۆڕدراون بۆ (سیستمی نێو کارگەکان، ئۆتۆمبێل، ئەو ئامێرانەی پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوە یاخود ئینتەرنێتی شتەکان- ئایۆتی).

هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهانیش ئیدی پێویستیان بە تێڕوانینێکی گەورەترە لەو پرسەدا، چونکە مەترسی هاککردنی کارگەیەک، وێستگەیەک، بەنداوێک یان ئۆتۆمبێلێک زۆر مەترسیدارترە لە هاککردنی کۆمپیوتەرێک، مۆبایلێک یان وێبسایتێک. دەکرێت لە رێگەی پشتبەستن بە باکئەپ، ریستۆر پۆینت و شادۆو کۆپی دووبارە بتوانین ئۆپەرەیشنی کۆمپانیایەک بگەڕێنینەوە سەر خۆی، ئەگەر هەندێکجار لە بنەڕەتیشەوە بووبێت، بەڵام ئایا چۆن بتوانین ژیانی مرۆڤەکان بگەڕێنینەوە لە دوای وەستانی کارەبای نێو نەخۆشخانەکان، لە کاتی نەهێشتنی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەکان، لە کاتی ژەهراویکردنی ئاوی بەنداوەکان و پاشان گواستنەوەیان بۆ نێو ماڵان؟

لە میانەی گەڕانێکمدا و خوێندنی پاراستنی ئەم جۆرە سێکتەرانە بەگشتی، شتێکی زۆر سەیرم لە شوێنێک بەدیکرد، ئەویش بریتی بوو لە سیستمی گازی ماڵێک کە پەیوەستکرابوو بە ئینتەرنێتەوە. باشە تەنیا دەمەوێت بیربکەیتەوە چی دەبێت کاتێک هێرشبەرێک یان کەسێکی خراپەکار رێژەی گازی نێو ماڵەکە زیاد بکات لەکاتێکدا ئەم گازە بۆ زۆپا بەکاردێت؟ ئایا هەموو نیشتەجێبووانی نێو ماڵەکە ناخنکێن یانیش تەنگەنەفەس نابن؟ یانیش بڵێین ئەو گازەی پێویستە بە ئامێری چێشتلێنان کاتێک گازەکە کرابێتەوە و چەرخێک لێبدرێت بۆ پێکردنی ئایا تەواوی ماڵەکە ناتەقێتەوە و نیشتەجێبووانی گیان لەدەست نادەن؟ دەکرێت پرسیارێک دروست ببێت، خۆ ئینتەرنێتی وێستەگەکان و کارگەکان و بەنداوەکان جیاکراونەتەوە لە ئینتەرنێتی دەرەکی. بە شێوەیەکی زانستی واتا ئایسۆلەیت کراون یانیش ئەیەر گاپ، بەڵام هێشتا چەندین مەترسی دیکە هەن تاوەکو هێرشبەر دەستیبگات بەنێو سیستمی کارگەیەک، لەوانە ئینسایدەر ثرەیت، هایجاککردنی خزمەتگوزاری ئەپدەیتکردنەوەی سیستمی سکادا، تاکە رێگەش جێبەجێکردنی یەک پڕەنسیپە

1- هۆشیاریی کارمەندان و پسپۆڕانی نێو کارگەکە.

2- جێبەجێکردنی میکانیزمی (لیست پریڤیلەیج) 

چونکە لە چەمکی نوێی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا چەمکێکی گرنگ دانراوە ئەویش بریتیە لە (هۆشیاری + پاراستن = ئاسایشی ئینتەرنێتی. کەواتە بەکارهێنەر هۆشیاری نەبێت، بەڵام پارێزبەندی هەبێت هێشتا بێسوودە، دەبێت هەردوو چەمکەکان جێبەجێبکات تاوەکو بتوانێت تاڕادەیەک ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەردەست بخات.

 

سەرچاوە : ڕووداو