هاوشێوەى بەشەکانى دیکەى کوردستان، بەشە جوگرافیاى رۆژئاواى کوردستانیش لە چوارچێوەى نەخشەى (سایکس بیکۆ) بۆ دابەشکاریى ناوچەکە، لەدواى جەنگى یەکەمى جیهانى بەبێ خواستى کورد و بەزۆر لکێندراوە بە دەوڵەتى تازە دامەزراوى سوریاى عەرەبییەوە. نە لە سەردەمى ئینتیدابى فەرەنسى و نە لە قۆناخى دواى بەدەستهێنانى سەربەخۆیى سووریا، کورد وەک دووەم گەورەترین پێکهاتەى نەتەوەیى ئەو وڵاتە، هیچ مافێکى پێڕەوا نەبیندراوە. تەنانەت ئاستى چەوساندنەوە و هەوڵەکانى پاکتاوکردنى کورد گەیشتبووە ئەو ئاستە مەترسیدارەى کە ناسنامەى مافى هاووڵاتیبوونى وڵاتەکەشى لێ زەوتکرابوو.
بەڵام ئەوەى رۆژئاواى کوردستان لە بەشەکانى دیکەى کوردستان جیادەکاتەوە ئەوەیە کە لە رۆژئاوا هیچ بزاوتێکى سیاسى چەکدار و یاخیبوونێکى چەکداریى کورد دژ بە دەوڵەتى سووریا دروست نەبوو. لەکاتێکدا هەر لە دەستپێکى ئەم دابەشکارییە و دروستکردنى دەوڵەت نەتەوەی (نەتەوە سەردەستەکانى فارس و عەرەب و تورکەوە)، بزووتنەوەى سیاسى و چەکداریى کورد دژ بە داگیرکاریى و دەوڵەتى نەتەوەى سەردەستە، لە پارچەکانى دیکە دێتە مەیدان. لە باکوورى کوردستان بە رابەرایەتى شێخ سەعیدى پیران و لە باشوور بەسەرکردایەتى شێخ مەحموود و لە رۆژهەڵاتیش سمکۆى شکاک پشکۆى شۆڕش دادەگیرسێنن. شان بەشانى ئەم شۆڕش و یاخیبوونە چەکدارییانە، چەندین کۆمەڵە و رێکخستنى سیاسیى کوردی سەرهەڵدەدەن و بەدرێژایى سەت ساڵى رابردوو بەردەوام بوون.
لە رۆژئاواى کوردستان لە سەردەمى ئینتیدابدا چەند هەوڵێکى سەرەتایى هەبوون بۆ بەدەستهێنانى رەزامەندیى فەرەنسییەکان بەپێدانى مافى خوێندن بەزمانى کوردى لەناوچە کوردییەکاندا. بەڵام فەرەنسا ئەوەشى پێڕەوا نەبینیوون. لەدواى سەربەخۆیى سووریاشەوە نەک هیچ مافێک بە کورد رەوا نەبیندراوە بەڵکو قۆناخى نکوڵیکردن و هەوڵدان بۆ توانەوەى کورد بەچەندین رێگە و شێواز دەستیپێکردووە. بەشێکى کورد راگوێزراون بۆ ناو قوڵایى ناوچە عەرەبیەکان و عەرەبێکى زۆر هێندراونەتە سەر ماڵ و موڵکى کورد. بەپاساوى نەبوونى ناسنامە، کورد لە هەموو مافە سەرەتاییەکان مەحرووم کراون.
زووڵم و ستەمکاریى دەسەڵاتە یەک لەدواى یەکەکانى شۆڤێنیى عەرەبى لە سووریا ئەگەر زیاتر نەبووبێت لە ستەمکاریى دەوڵەتەکانى دیکەى عێراق و تورکیا و ئێران، کەمتر نەبووە. لە بەرانبەردا کورد وەک نوخبەى رۆشنبیر و سیاسییەکانى بەردەوام بەدواى دۆزینەوەى رێگەچارەى سیاسى و مەدەنییەوە بوون بۆ بەدەستهێنانى مافە زەوتکراوەکانى کورد لەو وڵاتە و هیچ کات دەستیان بۆ چەک نەبردووە.
لە ناوەڕاستى پەنجاکانى سەدەى رابردوو بەدواوە و بەدیاریکراویى لە ساڵى 1957 تواندرا یەکەم حیزبی سیاسیى کوردى (پارتى دیموکراتى کورد) لە سووریا دابمەزرێت. بەدواى ئەویشدا تا رووداوەکانى بەهارى عەرەبى دەیان حیزبى دیکەى سیاسیى کوردی دامەزراون. لەلایەن رژێمەوە چەندین سەرکردەیان دەستگیرکراون و حوکمى زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە. بەڵام شێوازى خەبات و ململانێ و ناکۆکى نێوان کورد و دیمەشق نەگەیشتووەتە خەباتى چەکدارى.
تەنانەت لەدواى ئەو پێشهات و رووداوانەى وەک لێکەوتەى بەهارى عەرەبى لە سووریا هاتنە ئاراوە کە هەلومەرج بۆ دروستکردنى یەکەم بزووتنەوەى چەکدارى کورد دروست بوو، ئەوکاتەش هێزى چەکدارى کورد دژ بە دیمەشق وەک پێویستییەکى قۆناخەکە و بۆ بەدەستهێنانى مافە زەوتکراوەکانى کورد لەلایەن دیمەشقەوە سەریهەڵنەدا، بگرە بە هەماهەنگى لەگەڵ رژێمى ئەسەد، سوپاى سووریا لە بەشێک لەو ناوچانە کشایەوە و پاراستنی ناوچەکە بەو هێزە کوردییە سپێردرا. بەدرێژایى ئەو دوازدە ساڵەى دروستبوونى بزووتنەوەى چەکداریى کورد لە رۆژئاوا تا رووخانى ئەسەد، کێشە و ناکۆکییەکى ئەوتۆ لە نێوان دیمەشق و هێزى چەکدارى کورد نەهاتە ئاراوە.
کێشە و مەترسى لەسەر کورد لەلایەک ئەو گرووپە توندڕەوە جیهادییە ئیسلامیانە بوون کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنى سووریا راگەیاند، لەلایەکى دیکەشەوە دەوڵەتى تورکیا بوو کە بەهۆى سیاسەتى تورکیا لە مامەڵەى لەگەڵ رۆژئاواى کوردستان، وێناى کێشەى کورد لە سووریا لە کێشەى کورد لەگەڵ دیمەشق، گۆڕدرا بۆ کێشەى کوردى رۆژئاوا لەگەڵ ئەنقەرە.
پێش دروستبوونى داعش، گرووپەکانى بەرەی نوسرە و ئەو گرووپانەى دیکە کە دواتر ناوى سوپاى سووریاى ئازادیان لەخۆیان نا و ئێستا لەژێر چەترى تەحریر شام حوکمى بەشێک لە ناوچەکانی سووریا دەکەن، چەندین هێرشى چەکدارییان کردە سەر ناوچە کوردییەکان و تاوان و کۆمەڵکوژیى زۆریان ئەنجامدا. داعشیش بەشێکى زۆرى جوگرافیاى شەڕەکانیان رۆژئاواى کوردستان بوو. تورکیایش بە هێرشى راستەوخۆى سوپاکەى و بە بەکاربردنى گروپە وابەستەکانی لە سووریا چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر رۆژئاواى کوردستان و عەفرین و چەندین ناوچەى دیکەشیان داگیرکرد و خواست و پلانیشیان ئەوە بوو کورد لەسەر جوگرافیاکەى نەهێڵن. بەڵام سەرئەنجام بە قوربانیدانێکى زۆر و بەخشینى رووبارێک خوێن، کورد تا ئێستا توانیویەتى لەنێو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەدا بە بەهێزى بمێنێتەوە.
بەڵام لێرە بەدواوە کورد لە رۆژئاواى کوردستان پێچەوانەى مێژووی سەت ساڵى رابردوو، پێ دەنێتە ناو قۆناخێکى سەختى ناکۆکییەوە لەگەڵ دیمەشق کە ئەگەرى هەیە سەر بکێشێت بۆ بەریەککەوتنى چەکداری. ئەویش لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان لەلایەک بەهۆى ئەوەى ئەو گرووپانەى بە درێژایى زیاتر لە دە ساڵ شەڕى راستەوخۆیان لەگەڵ کورد دەکرد، دەسەڵاتى شام کەوتە دەستى ئەوان، ئەگەر دەستبەردارى تۆڵەکردنەوەش بووبن، لەبەر ئەوەى لە رووى فکری و فەرهەنگییەوە باوەڕیان بە قبووڵکردنى جیاوازیى و مافى پێکهاتەکان نییە، بۆیە بەر کورد دەکەون.
هۆکارى دووەمیش بەهۆى سیاسەتە دووژمنکارییەکانى تورکیاوەیە بەرانبەر بە رۆژئاواى کوردستان. چونکە هێشتا تورکیا هەر بە چاوى هەڕەشە و مەترسى لە هێزە کوردییەکان دەڕوانێت و نایەوێ ئەزموونێکى هاوشێوەى هەرێمى کوردستان لە باشوور، لە نزیک سنوورەکانى لە رۆژئاوا دووبارە بێتەوە. بەڵام دواى ئەوەى بۆى دەرکەوت نە ئەمریکا و نە وڵاتانى ئەورووپا پشت ناکەنە کوردەکان و رێگەنادەن تورکیا هێرش بکاتە سەر رۆژئاواى کوردستان و ئەو ئامانجەى هەیبوو بەدى بهێنێت، بۆیە چاوەڕوانکراوە لە برى ئەو پرۆسە سەربازییەى دەیویست، راستەوخۆ بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجامى بدات، هەوڵبدات لە رێگەى دیمەشقەوە خواستەکانى بەدیبێنێت. بەتایبەتى کە ئێستا دیمەشق و سەرۆکەکەى وەک ویلایەت و والییەکى کۆنى سەردەمى عوسمانى، وابەستەى تورکیان، بۆیە چاوى لەوەیە دەسەڵاتى دیمەشق بەسەر ئەو ناوچانەدا بەهێزبێت و بگەڕێتەوە سنوورەکانى. رەنگە بۆ ماوەیەک ئەم گوشارە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیشەوە بخرێتە سەر هێزە کوردییەکان بۆ سازشکردن بۆ شام، بەپاساوى ئەوەى پێویستە چەک لە دەستى دەوڵەتدا بێت و نابێت هیچ گرووپێکى چەکدار لە دەرەوەى دەسەڵاتى شام بمێنێتەوە. بەتایبەتى کە چاوەڕوانى ئەوەش دەکرێت دواى دەرهێنانى سووریا لەدەستى ئێران، ئێرانیش لە رێگەى عەلەوییەکان و پاشماوەکانى رژێمەکەى ئەسەدەوە هەوڵى دروستکردنى چەندین گرووپى چەکدار بدات. بۆیە ئەگەرێکى زۆر هەیە پشتیوانەکانى ئێستاى سووریا پەلە بکەن لەوەى دەسەڵاتى شام بەسەر تەواوى وڵاتەکەدا بچەسپێنن.
پێویستە کورد سیاسەتى یاریکردن بەکات پەیڕەو بکات لە گفتوگۆکردن لەگەڵ شام و هەندێک پشوو درێژ بێت. چونکە ئەم دیمەشقەى ئێستا کە بووە بە ترافیکى سیاسى بۆ وڵاتانى رۆژئاوا، بەم جۆرە نامێنێتەوە. تەنانەت بەم شێوەیەى ئێستا وابەستەى تورکیاش نابێت، لەبەر ئەوەى زیاتر لە تورکیا وڵاتانى کەنداو چاویان لەسەر ئەوەیە سووریا ببێتە بەشێک لە پرۆژە ستراتیجییەکەى ئەوان لە ناوچەکە، ئیسرائیلیش نایەوێت دەوڵەتێکى گوێلەمستى تورکیا دراوسێى بێت. بۆیە پشتیوانیى کۆمەڵى نێودەوڵەتى لە سووریا زۆر ناخایەنێت، زۆر زووتر لەوەى چاوەڕواندەکرێت، رووى راستەقینەى ئەم دەسەڵاتدارانە بۆ جیهان ئاشکرا دەبێت و ئەوکات هەموو وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا دەخوازن جوگرافیایەکى پارێزراو هەبێت لە دەرەوەى دەسەڵاتى سووریا.
سەرچاوە : ڕووداو