قسەکەری کوشندە

 

 

دەلیل جەمال

 

بەختیار علی لەکتێبی (خوێنەری کوشندە)بەوردی و گشتگیر باس لەوتایپە لەخوێنەر دەکات کە پێش تێگەشتن بڕیاردەدات یان لە ڕوئیای خۆیەوە دەقێک وێران دەکات،، لێرەدا من باس لەو تایپە لەقسەکەر دەکەم بۆیە دەڵێم قسە چونکە ناچنە خانەی بابەت و تێزو ڕوئیای ڕون و بابەتیانە ، ئەگەر تێفکرین ئێستا واقعی ئێمە لەدۆخێکدایە لەفەزایەکی شێواوو پڕلە دەنگدانەوەی بۆش و قسەی بێ مانا، پەلاماردان لەچوارچێوەی بێ ناسین و شوناس ،قۆناغێک کە بەشێک تەنها بینەری فۆڕمن و ناتوانن بچنەناوکرۆکەوە تەهشیردەکەن و نازانن بۆ؟ قسەدەکەن و ناناسن ، ئەم قۆناغە غیابی مەعریفەی جدییە ، چونکە نوسەرە جدییەکان زیاتر بێدەنگن ... ئاخر لەکوێدا هوشیاری کۆمەڵگە دروست دەبێت لەکاتێکدا فەزایەک ئامادەیە تەواوی سنورەکانی بەزاندووە بە هێڵە گشتییەکانی مرۆڤ بونیشەوە ئازادییەک بەتامی بەرڵایی نمایش دەکرێت.

 ئەستەمە بەم کەرەستانەی لەمرۆڤ و دنیابینیمان بتوانین فەزای ئەمڕۆ بگۆڕین و دەربازمان بێت لەوەی کەهەیە. نوسین بێ بەهانەی مەعریفی دەچێتە خانەی نەخۆشی و پەتاو دواجار ڕادێین بەو نەخۆشی و پەتایە، بەڕادەیەک ئەندێشەی کۆمەڵگە بەو ئاراستە ڕێدەکات دەرباز بوون لەم نەخۆشییە بۆخۆی نەخۆشییە و پەتای کوشندەیە. ئێمە سواری شەپۆلەکانی فەوزابووین، تەنانەت بوێریمان لەدەستداوە، ئیرادە لەمەنجەڵی یەقینا خەفەکراوە.ئێمە  ئێستا لەم فەزایەی کەهەیە بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە لەمیدیا لەسیاسەت لەڕۆشنبیری هتد ، تەنها سەیرەکەرێکی گۆکارین، تۆسەیربکە ڕەخنە لەفەزاکە دەگرین هەرخۆشمان ڕەخنە لەچارەسەری دەگرین، وەک چۆن دەڵێین نەخۆشین، بەهەمان دووری نامانەوێت چارەسەر وەربگرین بۆ؟

چونکە دەترسین چونکە بڕیارمان پێنادرێت، بۆخۆی لەحەقیقەتی ناخی خشمان دەترسین، لەبەرئەوەی نامانەوێت چاکبێت، لەبەرئەوەی ئێمە دونیای عەمەلیمان لەناو قسەو دەربڕیندا یەخسیرکردووە، هەرکاتێکیش بمانەوێت کارێک بۆ ڕێکخستنەوەو چاککردنەوەی ئەم فەزا شێواوە بکەین، پێش هەمووکەس ئەوانە دەترسن و دێنەگۆ کە خۆیان ڕەخنەگری ئەم فەزا شێواوەن، کەوابوو ئێمە خەممان بۆ چاککردن نییە، بەڵکوو خەممان بۆ ونبوونمانە، ئەمەش واتە ئێمە لەناو شێواویدا خۆمان دەبینینەوە لەناو ژاوەژاودا دەتوانین ببیستین، کەوابوو ئێمە بەرهەمی فەزاو ناڕێکین، دەزانین هەڵەین بەڵام گیرۆدەی قسەکردن و گۆکردنی ناڕێکین. 

ئەم فەزا شێواوە پاڵەوان و خاوەنی هەیە لەخۆوە درووست نەبووە، هەربۆیە لەکاتی ڕێکردنەوەیدا خاوەنەکانیان ئەوانی دیکەش پەلکێشی وەستانەوە و دژایەتی کردنی دەبنەوە، کارەساتەکە ئەوەیە خاوەنی ئەم فەزا شێواوە دەزانن بۆدژی هەر بەرنامە و پڕۆژەیەک دەوەستنەوە کە فەزاکە ڕێکبکاتەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئەی ئەوانەی دەکەونە ژێر ئەو بابەتە بۆچی ؟ هەرئەمەشە دەڵێین ئێمە ترساوین لەبڕیاری جدی و هەنگاوی بەرهەمدار ، بەئاسانی باش و خراپ جیاناکرێتەوە، کەدونیامان کرد بەدونیای قسەکردن ئیتر سیاسی بازرگانی دەکات و بازرگان سیاسەت ئیتر شاعێرێک دەبێتە نەوت فرۆش و پسپۆڕێکی ئابووری دەبێتە شیکەرەوەی ڕۆمان، لەماڵەکەی خۆیەوە دەگاتە پەرلەمان و لە دووەم پێکا دەبێتە عیملاقی ڕاگەیاندن، تەنانەت لەڕاستییەکانیش دەترسین، بەڕادەیەک دوو چەمک زۆر کاریگەریان هەیە و تەواوی دونیای ئەمڕۆیان مۆنۆپۆڵکردووە، ئەویش(ئەگەر و گومان) کە هەردووکیان چەمکی پێش دەربڕینن و پێویستە لەهزرا پوخت بکرێنەوە ناکرێت لەناو بڕیار و گۆکردنماندا زۆر ترین ئەگەر و گوومان بونیان هەبێت.

 

سەرچاوە : خەندان