قانوون و رێكخستنی كۆمەڵگە

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین*

وشەی قانوون وشەیەكی یۆنانی كۆنە، كە لە بنەڕەتدا لە وشەی (كەنۆنیمۆس)ەوە هاتووە، بەڵام چەندین ئەكادیمستی كورد و شارەزای زمانەوانی و قانوونی،  وشەی یاسایان پێشنیاز كردووە وەك كوردییەكەی لەگەڵ ئەوەی دانیان بەوەدا ناوە كە (یاسا) وشەیەكی توركی مەغۆلییە و تێكەڵی زمانی كوردی بووە و ئەسڵەكەی (یاسوون)ە، بەو هۆكارە زۆرینە بە شیاوتری دەزانن كورد هاوشێوەی عەرەب و فارس وشەی (قانوون) بەكار بهێنن.
 قانوون، بریتییە لە كۆمەڵێك پرەنسیپ و بنەما كە لە جێبەجێكردنیدا كۆمەڵگە رێكدەخرێتەوە و تایبەتمەندیی دەسەڵات و پەیوەندیی هاووڵاتی بە دەسەڵاتەكانەوە دیاریدەكرێت تا دەگاتە ئەوەی لە توانایدایە شێوە و جۆرەكانی هەڵسوكەوتی مرۆڤەكان رێكبخاتەوە و لایەنە نەرێنییەكان بخاتەڕوو و لە كاتی پێشێلكردن و لادان سزای بكەر دیاری بكات.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بدەین بەوەی كە قانوون تەنها بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی نییە، بگرە ئێستا بۆ پاراستنی سەراپای بوون پەنا دەبرێتە بەر قانوون، لەوانە چەندین قانوون دەرچووێنراون بۆ پاراستنی ئاژەڵ، كەشوهەوا  ژینگە و... هتد.
قانوون بۆچی گرنگە و ئامانجەكانی چین و چۆن دەتوانێت كۆمەڵگە رێكبخات؟
زۆر هۆكار هەن گرنگێتی و پێویستیی بوونی قانوون دەسەلمێنن، دیارترینیان بریتییە لە:
 یەكەم، رێگە و دەروازەكانی گەیشتن بە دادپەروەریی دیاریدەكات، قانوون بەتەنها ناڕوانێتە ئەو كەسەی كە ستەمی كردووە و یان ستەم لێكراوە، بەڵكو ئەوەی گرنگە لەو نێوەندەدا لادان و پێشێلكردنی قانوونە و گەیشتنەوەیە بە دادپەروەری بەبێ رەچاوكرنی جیاوازییەكان.
دووەم، ئاسایشی كۆمەڵگە دەپارێزیت لە رێگەی بەدیهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەوەش بەداڕشتنی قانوونی سەردەمیانە و شایستە پەیوەست بە سەرجەم بوارە پێویستەكان و چەسپاندنی ئاسایشی خۆراك و دڵنیایی تەندروستیی مرۆڤەكان.
سێیەم، قانوون تاكە پارێزەری چەند چین و توێژێكی تایبەتە لە كۆمەڵگە، چونكە لە رێگەی چەند قانوونێكی تایبەت كە رەچاوی دۆخ و سروشت و هەڵكەوتەیان دەكات لەوانە ( كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت) دەتوانێت ماف و ژیانیان دەستەبەر بكات.
چوارەم، قانوون باشترین و كاریگەرترین ئامرازە بۆ جێگیركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێشخستنی كۆمەڵگە، ئەوەش لە رێگەی بە سیستمكردنی دامەزراوەكان و هاوشانكردنی قانوونەكان و رێكارەكانی جێبەجێكردنی لەگەڵ پێشكەوتن و پێویستییەكانی كۆمەڵگە.
ئەو خاڵانەی سەرەوە دیارترین گرنگییەكانی بوونی قانوون بوون لە كۆمەڵگەدا، لێرەوە ئاماژە دەدەین بە ئامانجەكانی قانوون كە بە كورتی دیارترینیان بریتییە لە: دڵنیایی مافەكانی تاكەكان، هێنانەدی دادپەروەری، ئاسانكاری و بەردەستخستنی ئامرازەكانی  ژیانێكی ئارام.
قانوون كۆمەڵگە رێكدەخاتەوە  لە رێگەی داڕشتن و دەرچواندنی قانوونی پێویست یان جێبەجێكردنی هەنگاوە پێویستەكان یان گۆڕانكاریكردن لەو قانوونانەی كە هەن و وا گونجاوترە بگۆڕێن.
ئەوەی گرنگە هەرێمی كوردستان ئێستا خاوەنی چەندین قانوونی سەردەمیانە و شایستەیە كە تەنها بە جێبەجێكردنیان وەك خۆی كاریگەر و رێكخەری سەرەكیی  كۆمەڵگە دەبێت، تاك و ژیانی  كۆمەڵگە بەگشتی لە شپرزەیی و لادان دەپارێزیت، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی كرداریی حكومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و هۆشیاریی تاك و  پاڵپشتیی هەموان هەیە.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ