دڵپاک مەجید، دەرهێنەر
نیشانەکردن دڵپاک مەجید
دڵپاك مەجید، کچە دەرهێنەرێکی کوردی ئێزدییە و نزیکەی دوو ساڵە کار بۆ بەڵگەفیلمێک دەکات و لەلایەن رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی لە 2024 پاڵپشتی لە بەرهەمهێنانیدا بکەن.
دڵپاک مەجید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی بەڵگەفیلمی 'من و دایکم' کە نزیکەی دوو ساڵە کاری بۆ دەکات، لەلایەن بەشی 'کان سپۆتلایت'ـی سەر بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی لە 2024 پاڵپشتی لە بەرهەمهێنانیدا بکەن و لە 2026 لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری پێبکەن. گوتیشی، بۆ ئەو زۆر گرنگە وەک کچە کوردێک فیلمەکەی لە کان بەشدار بێت.
فێستیڤاڵی فیلمی کان ساڵانە پاڵپشتی هەشت پڕۆژەی بەڵگەفیلم لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات، هەندێ جار بە پاڵپشتی دارایی و هەندێ جاریش بە دابینکردنی پرۆدیۆسەر بۆ فیلمەکە، دواتر لە بەشی 'کان سپۆتلایت' پێشاندەدرێن و بەشێکیان دەخرێنە کێبڕکێیەوە.
دڵپاک مەجید، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە لە دوای بەشداربوونی لە دووەمین خولی رۆژانی بەڵگەفیلمی جەزیرە بۆ پڕۆژەی فیلمەکان کە لە چوارچێوەی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی جەزیرە - بەلکان بەڕێوەدەچێت، توانی دوو خەڵات وەربگرێت کە پاڵپشتی داراییە بۆ دەرهێنەر و پرۆدیۆسەری فیلمەکە بۆ ئامادەبوون لەو دوو فێستیڤاڵە و بەشداربوون لە وۆرکشۆپ.
فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 9-11ـی ئەیلوولی 2023 لە سەراییڤۆی بۆسنیا بەڕێوەچوو و 22 پڕۆژە لە کێبڕکێدابوون کە لە کۆی 177 پڕۆژە پێشکێشی ئەو چالاکییە سینەماییە کرابوون.
بەرهەمەکان لە سێ بەشدا بەشداربوون، یەکەمیان ئەو فیلمانەی کاری بەرهەمهێنانیان بۆ دەکرێت، ئەو فیلمانەی بەرهەمهێنراون و ئەستێرەکانی بەلکان کە تایبەتە بە پیشەسازی فیلم لە ناوچەی بەلکان.
دڵپاک مەجید لەرێگەی پڕۆژەی بەڵگەفیلمی 'من و دایکم' توانی لە بەشی فیلمەکانی لە قۆناخی بەرهەمهێناندان، توانی دوو خەڵات وەربگرێت، یەکەمیان پاڵپشتی فێستیڤاڵی فیلمی کان بوو و ئەوی دیکەیان پاڵپشتی دارایی فێستیڤاڵی فیلمی قەرتاج بوو لە تونس.
دڵپاک مەجید، کوردی ئێزدییە و خەڵکی کۆمەڵگەی شاریای پارێزگای دهۆکە، رۆژنامەڤانی دەستپێکی کاری بووە و ماوەی سێ ساڵە رووی لە کاری فیلمسازی کردووە.
'من و دایکم' باس لە ژیانی رۆژانەی دایک و کچێک دەکات کە خاوەنی 40 مەڕ و بزنن، لە دوای مردنی دایکەکە، کچەکە بە تەنیا دەمێنێتەوە و ئەرکەکەی قوڕستر دەبێت.
پڕۆژەی ئەم فیلمە ئەمساڵ لەگەڵ 77 پڕۆژەی دیکە پێشکێش بە حەوتەمین دیداری سینەمایی بەیروت کرا و یەکێک لەو 12 پڕۆژانە بوو کە وەرگیران و پێشبڕکێی بۆ بردنەوەی شەش خەڵاتکرد و توانی خەڵاتی 'IDFA Spotlight' بەدەستبێنێت کە خەڵاتێکی تایبەتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام بوو لەو دیدارەدا، بەمەش دەرهێنەر لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام لە هۆڵەندا بەشدار دەبێت کە چالاکییەکانی لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەدەچێت.
جۆست دامن، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام، لەبارەی پڕۆژەی فیلمەکە پێشتر رایگەیاندبوو، پڕۆژەکە زیادکردنێکی ناوازەیە بۆ ئەو فیلمانەی کە بەم دواییانەدا لەبارەی کوردانی ئێزدی بەرهەمهاتوون. هەروەها دەڵێت: "ئەم فیلمە لە ناوەوە هاتووە و سێ نەوە لە کەسایەتی بەهێز و سەربەخۆ لەخۆدەگرێت: دایک، کچ و فیلمسازێک".
جگە لەم بەرهەمە، دڵپاک مەجید، پێشتر یەکەم ئەزموونی لە بواری سینەمادا لە 2022 تاقیکردوە و کورتە فیلمێکی بەناوی 'گەدۆ' بەرهەمهێنا، سەرچاوەکەی چیرۆکێکی راستەقینە بوو و باس لە کچێکی کوردی ئێزدی ژێر دەستی داعش دەکات.
سەرچاوە : ڕووداو دیجیتاڵ