فیلمی کوردیی (ئەزموون) کە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە لە یەک کاتدا لە چوار شاری کوردستان نمایش دەکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
بڕیارە سەعات (8)ی ئێوارەی شەممە 30/4/2022 لە بۆنەیەکی هونەریی تایبەت و ناوازەدا کە تایبەتە بە هونەرمەندان و کەسایەتییەکان لە شاری سلێمانی دەست بە نمایشی فیلمی کوردی (ئەزموون) بکرێت و بڕیاریشە لەدوای ئەو نمایشە تایبەتە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بۆ ستافی بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری فیلمی (ئەزموون) بەڕێوەبچێت.
ئەم فیلمە لەسەر ئەرکی هەریەک لە کۆمپانیای مەستی فیلم لە کوردستان و مینۆس فیلم لە ئەڵمانیا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە کە لە دەرهێنانی هونەرمەند شەوکەت ئەمین کۆرکی-یە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمپانیای مەستی فیلم لە کوردستان کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە واقیعی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات و وەک لە راگەیەنداراوەکەشدا ئاماژەی پێدراوە فیلمی ئەزموون لەیەک کاتدا لە رۆژانی جەژن لە هەریەک لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و دهۆک) نمایش دەکرێت و لە رۆژانی دوای جەژنیش نمایشەکە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەش کە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە فیلمی (ئەزموون) و دەرهێنەرەکەی و سیناریستەکەی تائێستا چەند خەڵاتێکیان لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتدا بەدەستهێناوە وەک: (خەڵاتی سیناریۆ لە فێستیڤاڵی بوسان لە کۆریای باشوور، خەڵاتی رەخنەگرانی نێودەوڵەتی لە چیک، خەڵاتی داوەران لە فێستیڤاڵیتیرانا لە ئەلبانیا، خەڵاتی کۆگۆ و پۆستەر لە فێستیڤاڵی ئیستانبوڵ لە تورکیا، خەڵاتی داوەران لە فێستیڤاڵی مۆنس لە بەلجیکا، خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤیکتۆریا لە کەنەدا و خەڵاتی دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی قاهیرە لە میسر).
هەروەک ئاماژە بەوەش دراوە کە فیلمەکە جگە لە بردنی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییانە، لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا نمایشکراوە.
سەرچاوە: knwe