غرور لە سیاسەتدا

 

 

 

بڵند دلێر شاوەیس

هەمو مرۆڤێک مافی خۆیەتی متمانەی بە خۆی هەبێت و شانازی بەخۆیەوە بکات، بەڵام کاتێک زیادە ڕەوی دەکات لە هەڵسەنگاندنی خۆی و توانا و لێهاتویەکانی توشی گرفتی گەورە دەبێت و دەچێتە قاڵبی (غرور) لەخۆبایی بوون یان لووتبەرزی.

فەیلەسوفی مەزن(ئەفلاتون) دەڵێ: لووتبەرزی (غرور) بریتییە لە ”ستەمی خود لەسەر عەقڵ“، غرور چاوی مرۆڤ کوێر دەکات لە ئاست بینینی ڕاستییەکان بە ڕوونی، لەخۆبایی بوون مرۆڤ والێدەکات لە جیهانی چەواشەکردنی خودی خۆیدا بژی. 

مارک توەین (Mark Twain) دەڵێ: لووتبەرزی  ڕەنگە کوشندە بێت، (غرور) وادەکات مرۆڤ بەکەم تەماشای دۆخەکە بکات و لێکەوتەکان بە هەند وەرنەگرێت، ئەوەشە کە لە زۆر ڕوداودا دەبینین کاتێک هەندێک پێیان وایە سەرکەوتنی بەردەوامیان زامن کردووە بەڵام دەکەونە داوی شکستەوە.

بیرمەندی گەورە دکتۆر (علی الوردی) لە کتێبی (مهزله‌ العقل البشری)دا دەڵێت: مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا توانا و لێهاتویی و کارامەیی دەبینێت، تەنانەت گێل و ساویلکەش هەندێک جار وا گومان دەکات شایستەترە لە کەسانی تر بۆ سەرکردایەتی بەهۆی دوربینی و ئاکاری جوانیەوە.

هەر بۆیە ڕەنگە ڕاست بێت کە دەگوترێت: ” هەتا مرۆڤ گەمژەتر بێت زیاتر دڵنیا دەبێتەوە کە باشترە لە خەڵکی تر لە هەموو شتێکدا “.

گەر بۆ مرۆڤی ئاسایی لووتبەرزی (غرور) گرفت بێت و لێکەوتەکانی کەسی بن و کاریگەری نەرێنی لەسەر خودی مرۆڤەکە هەبێت، ئەوە بۆ کەسانی سیاسی و سەرکردە و دەسەڵاتدار لە خۆبایی بوون و زیادە ڕەوی لە هەڵسەنگاندنی توانا و لێهاتویی و دەستکەوتەکانی کارەسات دەخوڵقێنێت، بەهۆی ئەوەی لێکەوتەکانی ئەو غرورە لە چوارچێوەی کەسی تێدەپەڕێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی کۆمەڵگا جێ دەهێڵێت.

 یاساناسی مصری (محمد توفیق) نوسەری كتێبی(الغبا‌ء السیاسی) دەڵێت گەمژەی سیاسی: ئەو کەسە لەخۆبایی و خۆ بەڕاست زانەیە کە ئامۆژگاری وەرناگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا توانای بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵکی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانی نییە، بەهۆی بێ ئاگایی لەو شتانەی لەدەوری ڕودەدات، ئەمەش وادەکات کە کارێکی گەمژانە ئەنجام بدات، بەڵام لە دیدگای خۆیدا باشترین بژاردەیە.

لەگەڵ زیاد لەخۆ ڕازیبوون گرفتێکی دیکە دێتە ئاراوە ئەویش کێشەی زۆربەی مرۆڤەکانە، هەروەک (Norman Vincent Peale)‏ دەڵێت: پێمان خۆشە پیاهەڵدان لەناومان بەرێت نەک ڕەخنە ڕزگارمان بکات.

ئەم گرفتەش بۆ سیاسی یان بڕیاردەر کوشندەیە، بۆیە لێرەدا گرنگی تیمی پسپۆڕ و ڕاوێژکاری بوێر دەردەکەوێت، وەک زەرورەتێک بۆ چەسپاندنی جێ پێی سەرکردە و هەنگاونان بە ئاڕاستەی ڕێگا ڕاستەکە.

هەر بۆیە هەتا سەرکردە زیاتر لەخۆبایی بێت و خۆی بە تواناتر و شایستەتر بزانێت و تیمەکەی لاواز و ناشارەزا بن و بوێریان تێدا نەبێت، زووتر توشی شکست دەبێت، ئەمەشە وادەکات بڕیارەکانی کاریگەری نەرێنی زیاتر جێبهێڵن و ئایندەی وڵات بکەوێتە مەترسیەوە.

لە کۆتاییدا گرنگە ئاماژە بە ئامۆژگاری فەیلەسوفی مەزن (سوقرات) بدەین کە دەڵێت: " خۆت بناسە "، پێویستە مرۆڤەکان تواناکانی خۆیان بزانن و بە ئاگابن سەبارەت بە سنوری لێهاتویی و شارەزایەتییان، هەروەها ئاسایی و سادە بن لەگەڵ خودی خۆیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسانی تریش.

سەرچاوە : خەندان