"گوتاری سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستاندا"، كە شیكردنەوەیەكی پراگماتیكە لە نووسینی غازی حەسەن، لە خانەی موكریانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان چاپ كرا.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە غازی حەسەنی نووسەر بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە بریتییە لە دوو بەشی سەرەكی، بەشی یەكەم باسكردنی لایەنە تیۆرییەكانی گوتار و دەق و شیكردنەوە و پراگماتیكییە، بەشی دووەمیش شیكردنەوی دەقی گوتاری چوار لە رێبەر و سەركردە دیارەكانی كوردستانە، لەوانە سەرۆك مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، وەك خاوەنی گوتاری دەسەڵات و نەوشێروان مستەفا و سەڵاحەدین بەهائەدین، وەك خاوەنی گوتاری ئۆپۆزسیۆن، كە یەكێكیان خۆی وەك لیبرال و ئەوی تریشیان ئیسلامی پێشان دەدات.
زیاتر گوتی، شیكاری گوتاری هەریەك لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، لەناو كایەی دەسەڵات كراوە، ئەمەش لەسەر بنەمای دۆزینەوەی ژمارەیەك چەمكی كردە و قسەیی، دواتریش شیكاری گوتاری سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە رووی تیۆریی و پراكتیكی بەپشتبەستن بە هەمان ئەو چەمكانەوە كراوە، كە بۆ گوتاری دەسەڵات دانراوە، بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی جۆری گوتاری سیاسی لە كوردستاندا بەرجەستە بكرێت.
غازی حەسەن ئاماژەی كرد، شیكاری گوتاری ئۆپۆزسیۆن لە رێگەی بەكارهێنانی گوتاری نەوشێروان مستەفا و سەڵاحەدین بەهائەدین، لەتەك شیكردنەوەی تایبەتمەندیی گوتاری هەریەكێكیان، بەراوردێكی وردی نێوان گوتاری هەردوو خاوەن گوتارەكان كراوە.
"هەر لە بەشی دووەمدا بەراوردی نێوان گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش كراوە، هەروەها بنەمایەكی هاوبەشی گوتاری سیاسیمان داڕشتووە، بۆ ئەوەی كەس و لایەنەكان سوود لە چۆنیەتی بەدیهێنان و بەكارهێنانی گوتار لە هەرێمی كوردستان وەرگرن، راستە من لە روانگەی زمانەوە شیكاری پراگماتیكی گوتارم كردووە، بەڵام گوتار لە رێگەی زمانەوە بەرهەم دێت و لە دەوروبەرێكی كۆمەڵایەتی دیاریكراویشدا بەكاردێت، ئەمەش راستەوخۆ پێوەندی بە تیۆری پراگماتیكەوە هەیە"، نووسەر وا دەڵێت.
روونی كردەوە، دەتوانم بڵێم ئەم جۆرە شیكردنەوانە بۆ گوتار بە شێوەیەكی گشتی لە زمانی كوردی دەگمەنن، كەسانێك هاتوون قسە لەبارەی گوتار دەكەن، پتر پیاهەڵدان و لایەنگیریی پێوە دیارە، بەڵام من وەك لێكۆڵینەوەیەكی ئەكادیمی، هەروەها بەپشتبەستن بە بنەماكانی بێلایەنی لە شیكردنەوە ئەم كارەم كردووە، لەتەك ئەوەشدا ژمارەیەك بنەمای گشتیم بۆ گوتاری سیاسی لە هەریمی كوردستان داناوە، كە دەكرێت سیاسییەكان لە كاری رۆژانەیاندا سوودی لێ وەرگرن.
كتێبی "گوتاری سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا"، لە نووسینی غازی حەسەنە ز لە خانەی موكریانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان چاپ بووە و بەم زووانە دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەر، غازی حەسەن چەندان بەرهەمی چاپكراوی تری هەیە و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە.
سەرچاوە: wishe- ئاسان محەمەد