عەلی کەریمی کتێبی ‘سنوورە ژێرپێخراوەکان’ی بڵاوکردەوە

عەلی کەریمی سیاسەتمەداری کورد کتێبێکی بەناونیشانی “سنوورە ژێرپێخراوەکان” لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە، خۆی دەڵێت؛ هەمیشە سنوورە دەستکردەکانی خستووەتە ژێرپێیەوە، بۆیە ئەو ناونیشانەی بۆ پەرتوکی بیرەوەرییەکانی هەڵبژاردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ کافێ کتێبی غەزەلنووس لە شاری  سلێمانی، لە مەراسیمێکدا کتێبی “سنوورە ژێرپێخراوەکان” سیاسەتمەداری کورد عەلی کەریمی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی و خوێنەران بڵاوکرایەوە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی عەلی کەریمی. لە مەراسیمەکەدا نووسەر لەبارەی نووسینەوەی کتێبەکەوە وتی:”بەرهەمی چوار ساڵی کاکردنمە لە کوردستان و ئەوروپا، ئینجا توانیومە بەرهەمی بهێنم، بە تایبەت سەردەمی کەرەنتینە.

لەبارەی ناونیشانی کتێبەکەشییەوە دەڵێت:”من لە تەمەنی 21 ساڵیمەوە سنوورە دەستکردەکانم خستووەتە ژێر پێڵاوەکانمەوە، هەر لەبەر ئەوەش کتێبەکەم بەو ناونیشانە چاپکرد، بەبێ پاسپۆرت دەچوومە باشوور و دەهاتمەوە ڕۆژهەڵات، لە ساڵی 1979 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا سنووری تورکیامان خستە ژێر پێڵاوەکانمان، ئەم سنوورانە دوژمن دروستی کردووە، نابێت ئێمە خۆمان شەرعییەتی پێ بدەین، بەڵام ئێستا خۆمان سنووری دێگەڵەمان دروستکردووە، پێموایە ئەم ناونیشانە لەگەڵ ژیان و بیرەوەرییەکانم گونجاون”.

‘سنوورە ژێرپێخراوەکان’ پێکهاتووە لە بیرەوەرییەکانی عەلی کەریمیی و لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا کەریمیی بە واژۆی خۆیەوە کتێبەکەی بەخشییە ئامادەبووان.

 

سەرچاوە: rojnews- ب.ل