عێراق بەنیازە مۆنیۆمێنتێک بۆ ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکان دروستبکات

وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق رایگەیاند، بە نیازی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکن بۆ هەڵبژاردنی جوانترین دیزاینی مۆنیۆمێنتێک کە بۆ رێزگرتن لە ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە دەستی داعش دروستی دەکەن. قایمقامی پێشووی شنگالیش دەڵێت، بەغدا هیچ رۆڵێکی نەبوو لە رزگارکردنی ئافرەتە ئێزدییەکان.
قاسم تاهیر سوودانی، بریکاری وەزیری رۆشنبیریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "وەزارەتی رۆشنبیری بە نیازی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە بۆ هەڵبژاردنی جوانترین دیزاینی مۆنیۆمێنت کە بۆ رێزگرتن لە ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە دەستی داعش لە بەغدا دروستی دەکات".

بریکاری وەزیری رۆشنبیریی عێراق گوتیشی: "ئەم دەستپێشخەرییە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەغدا دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 8ی یاسای ئافرەتە رزگاربووەکانی دەستی داعش کە لە ساڵی 2021 دەرچووە".

سەبارەت بەم بابەتە، مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و قایمقامی پێشووی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر لە ئیدارەی شنگال داوای دروستکردنی مۆنیۆمێنت و مۆزەخانەمان بۆ قوربانییانی ئێزدی کرد، ئەم دەستپێشخەرییە باشە، بەڵام حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە هاوکاریکردنی رزگاربووانی ئێزدی".

مەحما خەلیل گوتیشی: "حکومەتی عێراق هەروەها هیچ رۆڵێکی نەبوو لە رزگارکردنی ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکان و بەغدا لەم دۆسیەیەدا شکستیهێنا، بۆیە دروستکردنی ئەم مۆنیۆمێنتە تەنیا بۆ راگەیاندنە و هیچی دیکە".

چەکدارانی داعش لە رێککەوتی 3/8/2014 هێرشیان کردەسەر شنگال و کۆمەڵکوژییان دژی کوردانی ئێزدیی ناوچەکە ئەنجامدا و ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدییان رفاند.

نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش کە لە هەرێمی کوردستانە، لە دوا ئاماریدا لە مانگی پێنجی ئەمساڵ رایگەیاند: "لە تێکڕای شەش هەزار و 417 ئێزدی کە لە لایەن داعشەوە رفێندراون، تا ئەمڕۆ سێ هەزار و 552 لەو رفێندراوانە رزگارکراون کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن. هەروەها تەرمی 146 لەو رفێندراوانەمان گەڕاندووەتەوە، بۆیە هێشتا دوو هەزار و 719 ئێزدی بێسەروشوێنن و رزگارنەکراون".

 

سەرچاوە: rudaw- ئاسۆ فیشەگی