شەڕ بەڵایە

 

سیروان رەحیم

     سیروان رەحیم

 

پێشکێشە بە کاکە حەمەی شەناغە..

کاتێک فرانسوا مێتێران دەبێتە سەرۆکی فەرەنسا، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دا، لێی دەپرسن: 

دوا کتێب کە خوێندووتانەوە چ بوو؟

وەڵام: رۆمانی (تاوانی گوزەری ئاسنگەران)ـی یاشار کەمال.

ئەی نووسەری خۆشەویستی ئێوە، وەڵامی ئەو پرسیارەیشی هەر (یاشار کەمال) بووە.

[یاشار کەمال لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نووسەر زولفو لیڤانەلی، ساڵی 1997]

لە رۆمانی (کاریتە) یان (ئەودیوی چیا)دا، یاشار کەمال دەنووسێت: هەموو کەس ناتوانێت گوێ لە دەنگی خاک بگرێت، بیستنی دەنگی خاک گوێی دەوێت.

چارەنووسی مرۆڤ و خاک، مرۆڤ و ژینگە پێکەوەیە، یەک شتە، چمکێکن. 

یاشار کەمال خۆی نووسەری سرووشت بوو، چیرۆکی خاک و ئاو و درەختی دەگێڕایەوە، وشەی دەکردە مەل و مەلیشی ئازاد دەکرد، تەنانەت باسی لە ئاوخواردنەوەی مێروولەیش دەکرد. 

رۆژگارێک تورکیا بە ژمارەی هەمیشە هەڵکشاوی پێشێلکردنەکان لە بواری مافی مرۆڤ دا بەردەوام لە رۆژەڤ دا بوو، بەڵام هاوکات رۆمانەکانی یاشار کەمال بۆ دەیان زمان دەهاتنە وەرگێڕان.

نووسینەکانی دەبوونە مایەی هیوا بۆ کەسانێکی یەکجار زۆر، کەچی سیستم کە خۆی بەردەوام سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرا لە بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دا، ئەم نووسەرەیان دەدایە دادگا، نووسەرێک لەو دەمەدا کارەکانی هاوکات بۆ دەیان زمان وەردەگێڕدران، کەچی دادگا سزای ئەوەی بەسەردا دەدا کە ئیدی نابێ بنووسێت.

یاشار کەمال لەو بارەیەوە دەیگوت: بە مردن سزام بدەن باشترە لەوەی سزایان داوم کە ئیدی نەنووسم. 

رۆژێک داستانێکی بزربووی چەرکەزان دەخوێنێتەوە، چەرکەز یەکێک لەو گەل و کولتوورانەن کە لە تورکیای هاوچەرخ دا توانەوە، یاشار کەمال لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر ئەو هەموو بەرهەم و کولتوورە نایابانە وایان بەسەر نەهاتبا، ئەگەر تواندنەوە و سڕینەوە نەبووایە لە وڵاتی ئێمەدا، من ئەم یاشار کەمالەی ئێستا نەدەبووم، زمانم، خەیاڵم و رۆمانم دەوڵەمەندتر دەبوون، ئەگەر ئەو زمان و کولتوورە جیاواز و دەوڵەمەندانەیان نەکوشتبا.

پاراستن و مانەوەی کولتووری نەتەوەیی و خۆجێیی یەکجار گرنگە؛ ئەگەر ئەو کولتوور و زمانانە نەکوژن مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی سرووشتی، مرۆڤێکی خوەزا، مرۆڤی سرووشتی، مرۆڤێکی داهێنەر. 

لە هەمان هەڤپەیڤینی ساڵی 1997 لەگەڵ زولفو لیڤانەلی، یاشار کەمال دەڵێت: من کوردی دەزانم و بە داستانە کوردییەکان گەورە بووم. من کوردم و خێزانەکەم لە وانەوە هاتوون. 

لە هەمان هەڤپەیڤینی ساڵی 1997 لەگەڵ نووسەر زولفو لیڤانەلیدا یاشار کەمال بەسیمایەکی گرژەوە دەڵێت: من دژی شەڕم، شەڕ بەڵایە. 

وا بیر دەکەمەوە؛ ئەم دونیایە ئەوەندە خۆشە، دونیایەک ئەوەندە جوان، شایستەی مرۆڤی وەکو ئێمە نییە. بەردەوام وەها بیر دەکەمەوە کە مرۆڤ شتێکی ئەوەندە ترسناکی وەکو شەڕی داهێناوە، بەو سەرە پڕ لە نەفرەتەی خۆیەوە، کە ئێمە شایستەی ئەم دونیا جوانە نین، من وەها بیر دەکەمەوە.

یاشار کەمال درێژە بە قسەکانی دەدات سەبارەت بە شەڕ و کۆچ پێکردنی زۆرەملێ و دەڵێت: تاوانباری ئەم دۆخە دەوڵەتە، دەوڵەت رەسمەن تاوانبارە. باس لە کۆچکردنی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن مرۆڤ دەکرێت.

کۆچی زۆرەملێ هەیە، کۆچی برسیبوونیش هەیە، کە ئەمەیش هەر کۆچی زۆرەملێیە، هەروەها کۆچی زۆرەملێیی سیاسیش هەیە. 

١٠ بۆ ١٥ ملیۆن کۆچبەری زۆرەملێ لە ئەنادۆڵەوە بۆ شارە گەورەکان چوون.

کاتێک من سەردانی ئەدەنەم دەکرد، ژمارەی کورد، ٥٪ بوو، من سەرژمێریم دەکرد،

پێش ئەوەی بێم بۆ ئیستەنبووڵ من فەرمانبەریی سەرژمێریی بووم،  ئەوکات ژمارەی کورد لەوێ لە سەتا سێ بۆ چوار بوو، ئێستا ژمارەی کورد لە ئەدەنە بەرەو لە سەتا پەنجا و پێنج - شەست هەڵکشاوە. [یاشار کەمال ٢٠٠٢ هەڤپەیڤین لەگەڵ زولفو لیڤانەلی].

نووسەربوون کارێکی سەخت و دژوارە:

سەبارەت بە نووسەربوون جارێکیان لە هەڤپەیڤینێکدا یاشار کەمال گوتی: نووسەربوون کارێکی سەخت و دژوارە، حەزم دەکرد هەر لە چۆکورئاڤا شۆفێری تراکتۆر بام.

بەڵام بەسەرهاتی کاکە حەمەی شەناغە لە نزیک شاری کەرکووک شتێکی دیکەی سەلماند؛

بۆ مرۆڤی خاک داگیرکراو شۆفێری تراکتۆریش ئاسان نییە، داگیرکراو بیت هەمیشە بەرانبەر بە ترسی کوشتن و خنکاندنیت، خنکاندن بە ملپێچەکەی خۆت. 

چونکە کاتێک مرۆڤ بتوانێت گوێ لە خاک بگرێت، دەنگی خاک ببیستێت، لە دەنگی زەوی حاڵی بێت ، چێژ لە کێڵانی وەربگرێت، خاکەکەیشی داگیرکراوبێت، بەردەوام لەبەردەم ئەگەری کوشتندایە.  

مرۆڤی داگیرکراو، لە نێو بازنەی خنکێنەری "جینۆسایدی و ئیکۆساید"دایە، خۆی و ژینگەکەی پێکەوە دەکوژرێن.

سەرباری پەلاماردان بە ئامانجی دزینی خاکەکەت، بەڵام کاکە حەمەی جوامێر، تۆ سەربەرزانە، وەکو یەکێک لە پاڵەوانەکانی خاک و تەنێکی هەرە بزێو و بوێری نێو رۆمانەکانی یاشار کەمال دەمێنیتەوە. کاکە حەمەی شەناغە تۆ یەکێک لەو داستانانەیت کە دەبوو یاشار کەمال نووسیبای.

 

سەرچاوە : ڕووداو