'شەوێک لە دۆزەخدا' لە فیستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز کێبڕکێ دەکات

مۆنۆدرامای 'شەوێک لە دۆزەخدا' لە نووسین، دەرهێنان و رۆڵبینینی سدیق حوسێن و بەرهەمی گرووپی سات، لە 17یەمین فیستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبێت.
سدیق حوسێن، بە رووداوی راگەیاند، مۆنۆدرامای 'شەوێک لە دۆزەخدا' لە دوای بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی شانۆی مۆنۆدرامای هەولێر و بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین بەرهەم، دەرهێنەر و ئەکتەر، ئەمجارە بەشداری لە 17یەمین فیستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مۆنۆدراماکە لە دووەم رۆژی فیستیڤاڵدا کە دەکاتە رۆژی شەممە 14-5-،2022 لە بەشی پێشبڕکێ نمایشدەکرێت و بەربژێری خەڵاتە.
گرووپی شانۆیی سات لە 1994 لە هەولێر دامەزراوە، تاوەکو ئێستا لە چالاکی بەردەوامە و ساڵانە بەرهەمی هەیە، سدیق حوسێن سەرۆک و دامەزرێنەری گرووپەکەیە.
فیستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز لە 13-17 ئایاری 2022 لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان سازدەکرێت.
لە خولی ئەمساڵی فیستیڤاڵەکەدا، 39 بەرهەمی شانۆیی بەشدارن، 21 بەرهەمیان لە دەرەوە و 18ـی دیکەشیان بەرهەمی ناوخۆیین، 10 بەرهەم لە بەشی پێشبڕکێدان، شەشیان بەرهەمی ناوخۆیی و چواریان بەرهەمی دەرەکین.
جگە لەبەرهەمەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمی دیکەی شانۆیی لە هەرێمی کوردستان، سووریا و تورکیا بەشدارن.

فیستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز، لە دوای فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، بە گەورەترین فێستیڤاڵی شانۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێت.

 

 

سەرچاوە: rudaw