شەهرام نازری بەرهەمێکی لە کۆنفرانسی جینۆسایدی کوردی فەیلی پێشکێشکرد

 

هونەرمەند شەهرام نازری لە  لە کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی کوردستان-جینۆسایدی کوردی فەیلی
 

 

 

لە کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی کوردستان-جینۆسایدی کوردی فەیلی، بڕگەیەکی هونەری بەڕێوەچوو و سەرەتا گرووپی میوزیکی سانیار بە سەرپەرشتی فەرید ئیلهامی، ژەنیاری ئامێری تەنبوور، بەرهەمێک پێشکێشكرا.

 

فەرید ئیلهامی بەر لە پێشکێشکردنی بەرهەمەکە کە لە شێوەی شیوەن بوو، ئاماژەی بۆ جینۆسایدی کوردی فەیلی کرد و بەرهەمەکەی پێشکێش بە قوربانییانی جینۆسایدەکە کرد.

دواتر شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەگەڵ گرووپی سانیار بەرهەمێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەم بەرهەمە پێشکێش بە شەهیدانی جینۆسایدی فەیلی کەڵهوڕ".

کۆنفراسەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سپۆنسەری کراوە و زانکۆکانی سەڵاحەدین-هەولێر، سۆران و دهۆک سەرپەرشتی دەکەن.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا دەژین، فەیلییەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەم لە سەردەمی حکومەتی بەعس و هەم لە دوای 2003ـەوە رووبەڕووی نەهامەتیی زۆر بوونەتەوە، بەپێی دوایین ئاماریش زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا ئەنفالکراون. لە دوای 2006ـیشەوە بەردەوام "هەڕەشەی تیرۆریان" لەسەر بووە، بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانیان دەکەنەوە.

 

سەرچاوە : ڕووداو