شۆڕشێ لەناخەوە..بۆڕووبەڕووبوونەوەی ترس وگومانی خود..

 

 

 دیالۆگی نیشتمان..

 

 

لە پانۆڕامایەکی دەوڵەمەند وباوەڕپێکراوی مێژووی دێرینی کورد ونیشتمانی کوردان(مەزرابۆتان؛میزۆبۆتامیا) لەنیشتنەوەی کەشتیەکەی نوح لەسەرچیای ئارارات ودەستپێکردنەوەی ژیان لەسەرخاکی مەزرابۆتان وبڵاوبوونەوەی شارستانی دوای لافاوە مەزنەکەوە بەرەو زەوی یەکانی دەوروبەری مەزرابۆتان  ... ئەم ڕاستیە سەلمێنراوە لە سێ کتێبی ئاینی پیرۆزدا. پاشان یەکەم شارستانی سۆمەری ویەکەم دەوڵەتی یاسای پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بۆ نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان ودواتر ئیمپراتۆرەکانی مادوساسان .

ئەم مێژوووە چۆن فەوتێنران کران بەژێر لێوەوەو چەواشەکران ودزران ؟

بۆ لەم 700 ساڵەی دواییەدا نیشتمانی کوردان بوو بە مەیانی جەنگی دوو زلهێزی شەرخوازی قاجار و عوسمانلی !

بۆ پاوانخوازی  داگیرکردنی زۆرترین زەوی مەزرابۆتان زێدی کوردان ... !

لەگشت خاکی داگیرکراو وبەشکراوی کوردستانا بەدرێژایی ئەم 700 ساڵە  تیشکی ئاگری خەباتێکی پڕمەینەتی بەردەوام  لەناوچەجیاوازەکانی نیشتمانی کوردان  هەڵ دەسێ وشەوقی داوەتەوە .. خەباتێک پڕچەرمەسەری بۆمانەوە دژبە دوژمنێکی خوێنڕێژ کەهەموو سنوورەکانی ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت و بە درێژایی هەشت  تا دە سەدە وەک گورگی هار بەردەبنە نەوەکانی کۆرش وکەیخاسڕەو ودیاکۆی مادو ئەردەشیری ساسان وتادەگاتە سەلاح دین ومحەمەدعەلی...! تاناچارکران  ژینی ژێردەستەیی قبوڵ بکەن وفێری ژینی کەساسی سەرکزکردن ببن ..تەنها لەپێناو مانەوەوژیانی کولەمەرگی بردنەسەر..ژینی ملکەچی سەربەرماڵ وپاڕانەوە لەیەزدان هەڵبژێرن ،ڕازیبن بەقەدەرێ بۆیان هاتۆتەخوار بێویستی خۆیان ..! 

 لە وڕۆژەوە سەروەری کورد لەناوخورج کراو ماڵی کورد لەگانرا..!

 ڤایرۆسی بەربڵاوی ترس وتۆقاندن ،گومان وهەستی  دۆڕان وخۆبچوک کردنەوە و خۆبە کەم زانین پەلیکێشا بەسەرکوردانی ڕزگاربووی جەنگی دوو دەسەڵاتی خوێناوی قاجار وعوسمانی ، کوردانی ڕزگار بوو لەجەنگی سڕینەوەی تۆوی کورد لەشەپۆلی ئیسلام هەرلەزێدی باب وباپیرانی خۆیان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانی عەرەب،فرس پاشان تورک ..تادەهات جەنگی سڕینەوەی تۆوی کورد  دڕندانە تروخوێناویتر دەبوو..

تەنها چارەیەک بۆ کورد مابۆوە ، هەڵهاتن لە ئارەزووی خوێنڕێژی و دڕندانەی قاجار وعوسمانی وهێنانی شەرە خوێناویەکانیان بۆ ناو ماڵی کورد هانا بردن بۆو بۆ کەژو کێوەکان بوو وەك  تاکە پەناگا..!

لێرەوە زەهرێک خۆی  دەڕژێنێتەناوخڕەتۆم وجەستەی کوردەوە. هێرشی ئەم ترسە نەهامەتییە فێڵبازە جۆراوجۆرەی داگیرکەران  کەهەرجارە بەناوێکەوە دەهاتنە وێزەی جەستەی شەتەکی کورد  بە درێژایی سەدەکانی  دوایی زنجیرەی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی کورد درێژەیکێشا و  سێبەرێکی تاریکی خستە سەر شوناسی کوردایەتی وگەرای ترس و نادڵنیایی لەناخی کورد دا بەخێو کرد  وپەنجەی نایە قوڕقوڕاگەی  ڕۆحی زگماکی خۆڕاگری و بەگژدا چوونەوەو سەربەرزی کورد بەنیازی خنکاندن ...!

ئەم سیاسەتە دژی  کورد لەجەنگی جیهانی یەکەم ودەرکەوتنی گەورە حاکمە خوێنمژەکانی  ڕەزاشاو مستەفاکەمال لەپێش چاوی ئەوروپاو ئەمریکاوە زۆر بێشەرمانە وبەئاشکرا هەڵکشا بەرەو جینوسایدی کورد.. 

ئەمڕۆ..بەپێچەوانەی ویست وپلانی گڵاوی داگیرکەرانی بێمێژوو،  لە ژێر چەپۆکی ئەم  پەڵە هەورە تاریکانەدا لەگشت نیشتمانی کوردان ، چرای نەوەکانی  گڵۆبالیزم ئومێدی کورد دەچرکێت وچەخماخەئەدا وە بانگەوازێک بۆ کورد  دەردەکات کەدەستپێکردنە  بە گەشتی  خۆدۆزینەوە ...

وە ڕزگاریبوون لە بێشوناسی ، باوەڕ بەخۆ بوون وەک کورد ..بەمێژوو ی کورد ..بە ڕەوایی کێسی مرۆڤی کورد ..

ئەمڕۆ شانازیکردن بەکوردبوون جەکەرەی کردووەو ڕوواوەتەوە لەناخی ڕوخاوی کورد...چونکە ئێمەی کورد بنجو ڕەگ وڕیشەی مێژووینەی کورد قوڵە.  ئەمڕۆ داماڵین وفڕێدانی بەرگی کەساسی وکۆیلەیی وهاوڵاتی پلە نزم ودۆڕاو لەسەر زێدی شەش هەزارساڵەی خۆی سەربەرزدەکاتەوە .

ئەم سەفەرە، هەرچەندە پڕە لە بەرەنگاری ، بەڵام بەڵێنی ڕزگاربوون لە کۆت وزنجیرەکانی گومان وترس وژێردەستی و کەمتەرخەمی لەخۆدەگرێت، بانگهێشتی گشت کوردان دەکات بۆ وەرگرتنەوەی جێگەی شایستەی خۆی لە تابلۆی مێژووی تێکۆشانی مرۆڤایەتیدا.

گەڕانەوەی هەستی خاوەن ماڵی  وشانازی بەکوردبوون لەخێزانەوە  دەستپێدەکات وبەردی بناغەی هەستی سەر بەخاوەن ماڵی کوردبوونی تیا دەچنرێ وگەشتە دەکات . کاتێ گۆڕانکاریی لەبیرکردنەوەی مرۆڤی کورد چەکەرە دەکات   بەردی بناغەی پەروەردەی دروستی خێزان لەگەڵ شیری دایک  لەناوخێزان  لەهزری کۆرپەی کوردا دەچێنرێ وهەرلەخێزان ولەقوتابخانە لەگشت جومگەکانی کۆمەڵگای کوردی  چەکەرە دەکات وئامادەو بەهێز دەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جنۆکەکانی ناوەوەی خودی مرۆڤی کورد ..! 

لەئامێزگرتنی پڕی باوەڕ بەخۆبوون  سەرهەڵئەدات...

دژ بە میراتێکی بۆماوەیی چەپەڵ لەتۆقاندن وترساندن..

دژ بە کلتووری ترسنۆکی "دەست بەکڵاوەکانەوە بگرە  با نەیبات .."

دژبە بە پیرۆزکردنی زمانی داگیرکەروسووک ڕوانین لەزمانی دایک..

دژ بە گەورەیی وپیرۆزی هەموو شیعروگۆرانی وهونەروخوادن وجل وبەرگی داگیرکەر و لەیادکردن وبەچاوی سووک سەیرکردنی هەموو ئەمانە ی کورد ..!

ئاشنا بوون بەمێژووی ڕاست  ودروستی کورد وخوێندنەوەو گێڕانەوەی بۆنەو بەسەرهات ولاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی دزراومان لەدەمی نووسەرانی کورد نەک مێژووی چەواشەکراو وهەڵبەستراولەدەمی بۆگەنی داگیرکەرانی بێمێژوو..!

گشت مافە زەوتکراوەکان بەخوێندنەوەو کۆڕوکۆبوونەوەولە ڕێگەی زانین و ڕۆشنگەرییەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکەی.

بەخوێندنەوەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ،بەڕاماڵینی تەم ومژ لە سەر ڕەسەنی وڕەگ وڕیشە وشوناسی نەتەوەی کورد ڕوونکردنەوەو وئاشکراکردنیان.. بەڕاماڵینی چینەکانی تەپوتۆزلێنشتووی  شەش سەدساڵ  تاپلانی ستەمکاری ودڕندەیی دوژمنانی کوردوکوردستان هەڵبوەشێننیەوە، تا بەهێزتر و خۆڕاگرتر لە هەوڵەکانمان  دژ بەخۆدۆزینەوە خۆکەڕکردن وخۆ کەرکردن سەرهەڵبدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەفەرە بێ بەربەست نییە. کورد دەبێ ڕووبەڕووی ڕاستییە بەئازارەکان ببێتەوە و لەگەڵ ئاسەواری زەبر و زەنگی مێژووییدا خەبات بکات، ورە بانگهێشت بکات بۆ تەحەدای گێڕانەوەی مێژوی هەڵبەستراوی زاڵ و وەرگرتنەوەی هێزبۆ گێڕانەوەی  میژووی خۆی لە سێبەری گومانی ناخی  خۆی..!

گرنگە لەکاتێکدا کورد ئەم ڕێگایە پەیدا دەکاتەوە و بەرەو خۆدۆزینەوە دەڕوات، پێویستە هەموان  پشتیوانی و هاودەنگی پشتگیری پێشکەش بکەین.. پێویستە فەزای دیالۆگ و بیرکردنەوە دروست بکەین، کە کورد بتوانێت بە دوور لە حوکمدانی زاڵمانەی داگیرکەران  پێشوەختە لەناسنامەی خۆی بکۆڵێتەوە. بە بەرزکردنەوەی  بانگی پێکەوەژیانی گشت زارو بنەزارەکان گشت ئاین وئاینزاکان .  و چەسپاندنی ئەزموونەکانمان، بەمکارە باوەڕ بەخۆبوون وهەستی ئازادی ودەوڵەمەندی و فرەکولتوری میرات وفەرهەنگی کوردی بۆهەموان بگێڕینەوە لەژێر چەترێ نیشتمانێک بۆ هەمووان..

لە کۆتاییدا سەفەر بەرەو خۆدۆزینەوە تەنیا ئۆدیسەیەکی شەخسی نییە ، هەوڵێکی دەستەجەمعییە کە کلیلی کردنەوەی تەواوی تواناکانی گەلی کوردی لە دەستدایە. کورد بە ئامێزگرتنی ناسنامەی خۆی بە شانازی و متمانەوە، دەتوانێت سنووری ترس وگومان و کەمتەرخەمی لەخۆیدا تێپەڕێنێت و داهاتوویەک دروست بکات کە بە هێز و خۆڕاگری و باوەڕبەخودبوونی نەگۆڕی کوردانەی لێواولێوشانازی بە کوردبوون  پێناسە دەکرێ.