له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی رابردوودا له‌باره‌ی رێزگرتن له مرۆڤەوە راو بۆچوونی زۆر بڵاوكراوه‌ته‌وه. مرۆڤ له به‌رامبه‌ر دیارده‌كانی وه‌ك كۆیلایه‌تی، كۆمۆنیزم، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی یه‌كسانی و ئازادیی و شكۆی مرۆیی زۆری هه‌وڵداوه، به‌ڵام به راستی شكۆی مرۆیی واتای چییە؟
شكۆی مرۆیی به زمانێكی ساده و ساكار، واتە به‌های جه‌وهه‌ری كه له هه‌ر یه‌ك له ئێمه‌دا هه‌یه. به ره‌سمی ناسینی شكۆی مرۆیی، واتە رێزگرتن له پێگه‌ی تایبه‌تی مرۆڤه‌كان كه ئێمه له گیانله‌به‌ره‌كانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه. شتێكه كه ناتوانین نكۆڵی لێبكه‌ین. ئازادیخوازیی، فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسی به‌رفراوانه كه كۆمه‌ڵگە له ده‌وربه‌ری چەند چه‌مكێكی وه‌ك ئازادی و دادپەروەریی و یه‌كسانی ( كه ریشه‌ی له خودی ده‌روونی مرۆڤایه‌تی دا هه‌یه) رێكده‌خاته‌وه. گیانی هه‌ر یه‌ك له ئێمه به‌هایه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری هه‌یه، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌شێكین له مرۆڤایه‌تی و هه‌ر بۆ ئه‌وه‌شه كه شایانی رێزین.
زۆر كه‌س له ئێمه شكۆی مرۆیی به بابه‌تێكی به‌ڵگه‌نه‌ویست وێنا ده‌كه‌ن و زۆرجار كاتێك شكۆی مرۆڤێك پێشێل و خه‌وشدار ده‌بێت، ناچارمان ده‌كات كه به‌رگریی لێبكه‌ین، به‌ڵام شكۆی مرۆیی زۆر له ناتوندتیژی و هه‌ڵاواردن و زۆرداری و ملهوڕی گه‌وره‌تره. شكۆی مرۆیی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سانه سه‌ربه‌ست و ئازاد بكه‌ین كه خۆیان به دوای ئامانج و به‌خته‌وه‌ریی خۆیاندا بڕۆن، به‌ڵام دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌مارگیر و ملهوڕه‌كان له‌وانه‌یه هه‌ڕه‌شه له‌و ئازادی و سه‌ربه‌ستییانه بكه‌ن و سه‌ركوتی بكه‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له كۆمه‌ڵگە سروشتییه‌كاندا نه ته‌نها ئاشتیانه‌یه، به‌ڵكو به‌رفراوانیشه و رێگه به ئه‌ندێشه و شێوازی ژیانی جیاواز و هه‌مه‌ڕه‌نگ ده‌دات.
شكۆی مرۆیی له راستیدا شێوازێكه له ژیان، كه تێدا خۆشگوزه‌رانی، ئازادی ئه‌ندێشه، په‌یوه‌ندیی نێوان تاكه‌كان، بواردان به هه‌ڵبژاردنی تاكه‌كه‌سی و چێژوه‌رگرتن له جوانییه‌كان دەگرێتەخۆ.
چه‌مكی رێزگرتن له مرۆڤ
چه‌مكی رێزگرتن له مرۆڤ، یان شكۆی مرۆیی 250 ساڵ له‌مه‌وپێش سه‌ری هه‌ڵداوه و له 100 ساڵی رابردووش‌دا گرنگییەكی زۆری پێدراوه.
ساڵی 1853 حاخامێكی ئه‌ڵمانی به ناوی «سامۆئێل هیریش» له وتارێكدا له ژێر ناونیشانی دینی مرۆڤایه‌تی، كۆیلایه‌تی شه‌رمه‌زار كرد و رایگه‌یاند: ئه‌و شكۆ راسته‌قینه‌ی كه له ناخی ئێمه‌دایه و خۆشمان ده‌وێت، ناچارمان ده‌كات شكۆی مرۆیی بۆ كه‌سانی دیكه به ره‌سمی بناسین و رێزی لێبگرین و خۆشمان بوێت. ئه‌و دەڵێت: «ئه‌گه‌ر بتوانم براكه‌م وه‌ك گیاندا‌رێك ببینم كه به‌تاڵه له ئیراده و كه‌سی ئازاد و سه‌ربه‌ست نییه، ئه‌وا به‌ڵگه‌یه‌كی روونه بۆ ئه‌وه‌ی كه من شكۆی مرۆیی راسته‌قینه‌ی خۆم نه‌ناسیوه». كۆیلایه‌تی بە واتای خۆكوشتن و كوشتنی كه‌سانی دیكه له‌ڕووی مه‌عنه‌وییەوە. ته‌نانه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتی دڵسۆزانه‌ی خاوه‌ن كۆیله‌كان له‌گه‌ڵ كۆیله‌كاندا پاساوێك نییه بۆ ئه‌و تاوانه، چونكه خاوه‌ن كۆیله‌كان هه‌رگیز ناتوانن به شێوه‌یه‌كی مرۆیی له‌گه‌ڵ كۆیله‌كان بجووڵێنه‌وه. كاتێك كه مرۆڤ بوو به كاڵا، ئیتر شكۆی مرۆیی ئه‌و دزراوه و زه‌وت كراوه.
په‌یمانگای مامۆستایان له ویلایه‌تی كانزاس له ساڵی 1917 بابه‌تێكی بۆ وانه‌وتنه‌وه ده‌ركرد كه تێیدا داوای له مامۆستایان كرد یارمه‌تی خوێندکارەکانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌هره و سوود له ته‌مه‌نی خۆیان وه‌ربگرن، چونكه ژیانێكی خۆش و به‌شكۆ و هۆشیارانه، به‌ڵێنێكه له ئاستی شكۆی خواوه‌ند.
تۆماس بێل له «رۆمانی رزگاربوون له‌م دۆزه‌خەدا « باس له ژیانی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كۆچه‌ری سلۆڤاكیا دەکات له ویلایه‌تی پەنسلڤانیا كه یه‌كێك له ئه‌كته‌ره‌كانی ناو رۆمانه‌كه ده‌ڵێت: «گرنگ نییه له كوێ له دایكبوویت، یان باوكت خه‌ڵكی كوێیه، به‌ڵكو ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه و هه‌ستی تۆ بۆ زۆربه‌ی شته‌كان گرنگه، بۆ نموونه، ئازادیی راده‌ربڕین، یه‌كسانی مرۆڤه‌كان، گرنگیدان به بوونی یاسایه‌ك بۆ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆشت ده‌وێن یان خۆشت ناوێن.
گرنگیــــــــدان به‌وه‌ی كه هه‌موو مرۆڤه‌كان مافی خۆیانه كه ژیانێكیان هه‌بێت كه خۆیان ده‌یانه‌وێت، مافیان هه‌بێت كه به‌رگریی له خۆیان بكه‌ن و مافی گۆڕانكارییان و شكۆیان هه‌بێت به شانازییه‌وه بژین و مردنه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ هه‌موو گیانله‌به‌ره‌كانی دیكه جیاواز بێت. به‌شێوه‌یه‌ك كه دواجار به‌هایه‌كی یه‌كسان بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌به‌ر چاو بگرێت، ته‌نانه‌ت بۆ نه‌یار و دوژمنه‌كانیشی».
جۆن فاسته‌ر داڵس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به وڵاتانی كۆمۆنیستی دەڵێت: «وڵاتانی كۆمۆنیستی له‌وانه‌یه بتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ن له‌باری داراییه‌وه خاوه‌ن پێگه بن، به‌ڵام به‌رهه‌می ئه‌وان زۆر گه‌وره و مه‌زن نییه، به‌ڵكو شه‌رمه، چونكه به‌هۆی بێڕێزی به شكۆی مرۆڤه‌كانەوە به‌ده‌ستهاتووه».
داڵس پێیوایه شكۆی مرۆیی بەواتای ئه‌وه‌یە مافی جۆرێك ژیانت هه‌بێت کە تێیدا خۆشگوزه‌رانی، ئازادی ئه‌ندێشه و ئایین و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هاوتاكانی خۆت و هه‌روه‌ها بواری هه‌ڵبژاردنی تاكه‌كه‌سیت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له جوانییه‌كان ببینیت.
100 ساڵ دوای ئـــــــه‌وه‌ی كە یاسای ئه‌مـریكا مـامەڵەی لـەگەڵ ره‌شپێسته‌كان وه‌ك كاڵا قه‌ده‌غه كرد، جێمس بالدوین نووسه‌ری كتێبی ره‌شپێسته‌كان داوایكرد كه شكۆی ره‌شپێسته‌كانیش به ره‌سمی بناسرێت.
له راستیدا پاشكۆی ماده‌ی 14 ی ده‌ستوور، كه تێیدا یه‌كسانبوونی هه‌موانی له به‌رامبه‌ر یاسادا مسۆگه‌ر كردووه، به‌س نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌وه‌یه هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ هاوتا ره‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكا چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن؟
بالدوین ساڵی 1960 له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی كه‌نه‌دا ده‌ڵێت: نازانم كاتێك كه سپی پێستێك سه‌یری ره‌شپێستێك ده‌كات چ شتێك ده‌بینێت، به‌ڵام باش ده‌زانم هه‌رشتێك هه‌بێت ئه‌و من نابینێت، مرۆڤێك نابینێت.
جێمس بالدوین له كتێبی «ئاگری دواتر» كه له‌ساڵی 1963 نووسیوێتی، دەڵێت: «به‌راستی پێمخۆشه كه ره‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ن به ئازادی و ئازادییه‌كانی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام هه‌مدیسان نیگه‌رانی شكۆ و ته‌ندروستی رۆحی ئه‌وانم. دژی هه‌ر هه‌نگاوێكم كه ره‌شپێسته‌كان له‌وانه‌یه بینێن له‌به‌رامبه‌ر پێدانی كارێك، چونكه ئه‌مه ئێمه به‌ره‌و وێرانی ده‌بات، وه‌ك ئه‌و شتانه‌ی كه رۆژانه له ده‌ورووبه‌ری خۆمان ده‌یبینین». تێگه‌یشتن له‌مه زۆر ساده‌یه كه هه‌ركه‌س خه‌ڵك سووك بكات له‌راستیدا خۆیی سووك كردووه.
ژیانی تایبەتی
ژیانی تایبەتی یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی پێناسه‌ی شكۆی مرۆیی. ئه‌گه‌ر كه‌سێك به ئاسانی ده‌ستوه‌ردان له ژیانیدا بكه‌یت، به مرۆڤێكی كه‌م نرخ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و شكۆی كه‌متر ده‌بێت.
ئه‌م بۆچوونه زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌شی له تێگه‌یشتنی ئێمه له شكۆی مرۆیی هه‌یه، هه‌ر كه‌سێك، به چاوێكی كه‌م سه‌یری كه‌سێكی دیكه بكات، له راستیدا زیانی له شكۆی مرۆیی خۆی داوه.
ئێدوارد بلوستاین كه دواتر بوو به سه‌رۆكی زانكۆی راتگرز پێیوایه كه حەرەمی شه‌خسی یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی شكۆی مرۆڤە. ئه‌و نووسیوێتی: «كه‌سێك كه به ئیراده‌ی كه‌سێكی دیكه بچیته ناو ماڵه‌كه‌ی و به ئیراده‌ی كه‌سێكی تر گوێ له قسه‌كانی بگریت و ماڵ و ژیانی خێزانی به ئیراده‌ی كه‌سێكی دیكه بخه‌یته ژێر چاودێرییەوە، ده‌بێته مرۆڤێكی كه‌م بایه‌خ و شكۆی داده‌به‌زێت.
جۆن لۆئیس یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا بابه‌تێكی له رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند: كارێك بكه‌ن كاتێك كه مێژوونووسان قەڵەمەکانیان هه‌ڵگرت و ویستیان مێژووی سه‌ده‌ی 21 بنووسنه‌وه، بنووس ئه‌وه نه‌وه‌ی ئێوه بوو كه دواجار باری قورسی نه‌فره‌تیان دانا و ئاشتی به‌سه‌ر شه‌ڕ و توندوتیژیی و ده‌ستدرێژیدا زاڵ کرد.
هه‌رچی زیاتر باس له رێز و شكۆی مرۆڤ بكه‌ین باشتر تێده‌گه‌ین و خێراتر به‌ره‌و ئامانجی هاوبه‌ش له ئاشتی و رێزی دوو لایه‌نه بۆ هه‌موان ده‌چێنه پێشه‌وه.
له فارسییه‌وه/ جه‌واد حه‌یده‌ری
سەرچاوە: knwe