شاعیری نادان كێیە؟

كێشەكە ئەوەیە ئەم هەموو شیعرە زۆرەی ڕۆژانە كۆمەڵگەی كوردی دەینووسێت چی لێ بكەین؟! گەر ئەم هەموو وەبەرهێنانە لە سەوزە و میوە و كەرەستە پێداویستییە ژیانییە ژیارییەكاندا كرابا، لانیكەم ئێستا ئێمە قۆناغێكی باشی پێشكەوتنمان تۆمار دەكرد.
هەمیشە لەگەڵ ئەو شیعرانەدام كە نیگەرانم دەكەن، نەك نیگەرانیم دەڕەوێننەوە، بەڵكو درزبەخشن، نەك درزپڕكەرەوە.
ئەو شیعرانەی سەنگینن، دڵت دەدزن و دڵباشت دەكەن، لەیاد ناكرێن. بە واتایەكیتر ئەو شیعرانە بەرزن، كە دڵت دەدزن و دڵباشت دەكەن، تاسەر بەرامبەریان وەفادار دەمێنیتەوە.
هێزی شیعر لەوەدایە بتگوازێتەوە ناو دنیاكەی خۆی.
گەر ئەو پرسیارە لە مێشكتدایە و دەتەوێت بڵێیت ئەی چی لەو شیعرە هەرزەوێژانە دەكەیت، كە لەكاتێكدا خوێنەرانی خۆیان دەبەنە دونیاكەیانەوە؟!
زۆر بەكورتی نموونەیەك دەخەمە ڕوو: كەسانێك هەن ڕاهاتوون بە خواردنی دەست چێشتلێنەرێك لە جێیەكی دیاریكراودا، بەڵام هەڵكەوت وا دەخوازێت بەر تامی خواردنی چێشتلێنەرێكی دیكە دەكەون و سەرجەم ئەو تێڕوانینەی بۆ لەزەتی خواردنی چێشتلێنەرە كۆنەكەیان هەبووە، ئاوەژوو دەبێتەوە و دەگۆڕێ بۆ چێشلێنەرە نوێیەكە.
كەرەستەكانی خواردنسازی هەردوو چێشلێنەرەكە هەر هەمان كەرەستەن، بەڵام كارامەییەكەیان هاوتا نییە.
دونیای شیعری شاعیرەكەش هەرزانوێژە، ئەمڕۆ ڕەواجی لای خوێنەرانێك هەیە كە بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو ڕوانینە حیلەكارە شیعرییەدا هەیە، سبەی كە دێت، چونكە بناخەكەی بۆشە، دەڕمێت و لەناودەچێت.
یەكێك لە بەڵا گەورەكانی ناسیۆنالیزم هەر ئەوەیە ناهێڵێت چێژ لە جوانی هونەر و ئەدەبی ئەوانیتر وەربگریت.
سەردەمەكە دوایین بزماری لە تابووتی شیعری توندڕەویدا، هەر جۆرە شیعرێك بچێتە خانەی دەمارگیرییەوە، ئەدەبێكی لەرزۆك و نەزۆكە، بانگەشەیەكی چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆی توندوتیژییە؛ تونئاژۆیی بە هەزار شێوە خۆی دەر دەخات. ئەستەمە جارێكیتر بگەڕێینەوە بۆ جۆری ئەو شیعرانەی تۆوی دووبەرەكی دەچێنن، گوتاری شیعری نوێ، ئەمە لە جێی خۆیدا ڕەت دەكاتەوە. گەر ئایدۆلۆژیای ئاسمانی و زەوینی لە شیعر بەدەر نەنرێت؛ لەبری جواندیدی، مەرگەسات بەرهەم دێت، لەبری پێكەوەژیان، ژیانجودایی؛ لەبری ڕێز، سووكایەتی؛ لەبری ئاشتەوایی، ئاژاوە؛ لەبری خۆشەویستی، كینە جێی دەگرێتەوە.
ئایدیای شیعر هەر شیعر خۆیەتی نەك شتی تر، با ناسیۆنالیزم بنێرین بۆ دۆزەخ، با ئەدەبیات لە هەموو پۆشاكە ئایدۆلۆژییەكان دابماڵین، ئەمەیە ڕزگاركردنی ئەدەبیات.

بۆ ئەوەی شاعیر بیت پێویست ناكات بەپێی تیۆرەكان شیعر بنووسیت، هەر ئەوەندە بەسە ئاشناییت پێیان هەبێت.
هیچ شاعیرێك ناتوانێت بەپێی ڕێساكان شاعیر بێت، یاساكان ڕێگرن لەپەرەسەندن، گەشەی ئەدەبی دوادەخەن، تامكوژن و خۆڕسكایەتی لەناودەبەن. ئەدەبیات ڕۆح و شێتایەتی دەینووسێتەوە، نەك پەیڕەوكاری لەڕێبازەكان. سرووشتیترین شیعر ئەوەیە شاعیرەكانیان ناپابەندن و هیچ ڕێوشوێنێك ناگرنەبەر، پشتئەستوورن بە بێسەرووبەری. جەوهەری ئەدەب لەناو گژاندایە. شیعر كە ماڵیكرا، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە تەنیا وشەیە، وشەگەلێكی بێڕۆح، بە ڕەنگی ڕێزمان.

شاعیری نادان كار لەسەر گوتراوەكان دەكات، شاعیری ژیرزان كار لەسەر نەگوتراوەكان. گوتراوەكان داخوازی جەماوەرە و نەگوتراوەكان دڵخوازی ئەدەبیات. گوتراوەكان ناچنەوە سەر ڕەوتی تازەگەری، زمان بێ بەها دەگرن، مشەخۆرن بەسەر زمانی هونەری دەقەوە. دەرچەی نوێ لەسەر زمانی دەق ناكەنەوە. هەر بۆ خۆی دەق خوڵقاندنی زمانێكیتر و ڕوانینێكە كە بازدانی پێشووی خۆیەتی. نەگوتراوەكان بوونیادنەرن، خوڵقێنەری زمانێكیترن لەناو زمانی باودا. هونەر دەهێنێتە ناو زمانەوە.‌ درووستكەری ڕستەی نوێ، دیدی نوێ، گوزارەی نوێ، خەیاڵی نوێیە بۆ ناو زمان. ئەمەیە وادەكات زمان لە خەسڵەتە كۆنەكەی دادەبڕێت و دای دەهێنێتەوە. گوتراوەكان بۆیە بە تازەگەری هەژمار ناكرێن، چونكە كار لەسەر ئامادەكراوەكان دەكەن، هیچ دەقێك وەك بابەت نوێ نییە، بەڵام ئەوە تەكنیك و چۆنییەتی دەربڕین و گوتارسازییە، كە دەق داهێنەر دەكەن.  گوتراوەكان لەسەر خاكی نەگوتراوەكان خانووی دەقەكانیان بوونیاد دەنێن، سنوورێك كە تێیدان، هی خۆیان نییە و ئامادەخۆر، باشترە بڵێین مشەخۆرن! بەمپێیە بێت دەقە گوتراوەكان وەبەرهێن نین، بەڵكو بەرخۆرن. 
هیچ دەقێكی گوتراو كە بەكاربەرە، ناچێتە خانەی خۆبوونەوە، خاوەن تایبەتمەندیی خۆی نییە و لەبەرگیراوە.

دیار لەتیف

سەرچاوە: galawej