سەید عەبدولسەمەدی برای سەید عەبدولعەزیزی...

سەید عەبدولسەمەدی برای سەید عەبدولعەزیزی شێخولئیسلامی سنە هەبوو، پیاوێکی ریش سپی کەڵەگەت و نەخوێندەوار و قسەخۆش بوو، لەبەر شێخولئیسلامی برای، هەموو کەس ڕێزی لێ ئەگرت. سەید عەبدولحەمیدی نازم ئەلشەرعیش پیاوێکی کەڵگەتی جوان و چاک و لاوچاک و بەجەوهەر بوو، ئەم نازم ئەلشەریعەیە کوڕی سەید عەبدولعەزیز و برازای سەید عەبدولسەمەد بوو.
ڕۆژێک هەروا دائەنیشن قسە ئەکەن. سەید عەبدولسەمەد بە سەید عەبدولحەمید ئەڵێ: ئەولحەمی! تۆ بووی بە بەڵا بەسەر ئێمەوە، ناوێرین لەگەڵ ژنەکانمانا قسە بکەین، خێرا پێمان ئێژن دە بچن، بچن دەم و لەوستان بەرن بەولاوە، ئەیژێ سەی ئەولحەمین بە جوانخاسی خۆتانەوە بنازن!

سەید عەبدولحەمیدیش پێی ئەڵێ: بە ڕاستی مامە تۆیش بەسەر ئێمەوە بووی بە بەڵا، ناوێرین بە منداڵەکانمان بێژین بخوێنن، خێرا پێمان ئێژن دەلاچن لاچن، ئەی مام ئەولسەمەمان بەو زلی و گەورەییە بۆ چی نەیخوێندووە!