سەنتەری میترۆ لە 14 ی تەممووزدا پێشێلکاری بەرامبەر چەندین تیمی رۆژنامەڤانی کراوە

 

سۆلین حەمەدەمین

 سۆلین حەمەدەمین

 

 

رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، تەنیا لە 14ـی ئەم مانگەدا، چەندین تیمی رۆژنامەڤانی دووچاری پێشێلکاری بوونەتەوە. رێکخەری سەنتەرەکەش دەڵێت: "بەهۆی ئەو هەموو پێشێلکارییە یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان تەنیا رواڵەتە".

رۆژی چوارشەممە، 16ی تەممووزی 2025، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کام یاسا رەوایەتی بە هێزە ئەمنییەکان دەدات کە خەڵک نەتوانێت داوای دادپەروەری ئاوی خواردنەوە بکات؟ هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە، داخوازی بۆ ئاو بچێتە خانەی قەدەخەکراوەکان".

بە گوتەی رەحمان غەریب، رەفتاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر میدیاکاران گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، هەموو ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵیان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەڤانان دروست دەکرێت لە رووماڵکردنی. گوتیشی: "دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانان بەبێ فەرمانی دادگە، تووندوتیژی و پەلاماردانی تیمەکان، هێشتنەوەیان لە بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش، هەڕەشەکردن و پێنەدانی زانیاری وای کردووە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان رواڵەتی (دیکۆر) بێت".

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، قەدەخەکردنی رووماڵی ناڕەزایی و دەمکوتکردن پەرەدەستێنێت، "هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، بە شەق، هەڕەشەکردن، جنێودان و دەستبەسەر مۆبایلی رۆژنامەڤانان و کەلوپەلی رۆژنامەگەری دەگرن،" بە مەرجی وەرگرتنی ژمارە نهێنی مۆبایلەکانیان رادەست دەکەنەوە، هەموو ئەمانە جێگەی رەتکردنەوە و سەرکۆنە کردنن.

بەپێی سەنتەری میترۆ لە رۆژی 14ی تەممووز لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر، کۆنگرەی رۆژنامەڤانی و ناڕەزایەتی هەبوون، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی شوێنەکانیان دا و ئاستەنگیان بۆ کاری رۆژنامەڤانان دروست کرد.

سەنتەری میترۆ دەڵێت، لەو رۆژەدا ژنانی کورانی عەنکاوە لە شاری هەولێر لە بەرامبەر کەمی ئاوی خواردنەوە، شەقامی سەرەکی گەڕەکەکەیان داخستبوو؛ لەو کاتەدا تیمێکی کەناڵی ئێن ئارتی چووبوون بۆ رووماڵکردنی رووداوەکە، لەگەڵ گەیشتنیان، هێزێکی ئەمنی پەلاماری دان و ئەو تیمە پێیانگوتین: "پێنج کەس بە شەق پەلاماریداین، بێڕێزییان کرد و جنێویان پێداین" .

میترۆ رایگەیاندووە، لە هەمان رۆژدا تیمێکی کەناڵی سپێدەش دەڕۆنە شوێنی ناڕەزایەتییەکە (کورانی عەنکاوە)، ئاسایش سەرقاڵی بڵاوەپێکردنی بەشداربووانی چالاکییەکە و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم شەقامەکە بوون. ئەو تیمە بە میترۆیان گوت: "کە گەیشتین، هێزە ئەمنییەکان هاتنە لامان و گوتیان بڕۆن واز لەو خەڵکە بهێنن، ئێوە ئاژاوە مەنێنەوە، هیچ کێشەیەکیان نییە و یەکێک لە هێزە ئەمنییەکان دەمانچەشی بەدەستەوە بوو"

هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سەنتەری میترۆ ئەو رۆژە پێشێلکاری بەرامبەر چەند میدیاکارێکی دیکە کراوە، لەوانەش تیمێکی وێستگەنیوز.

سەنتەرەکە راشیگەیاندووە، 14ـی مانگ کۆنگرەی رۆژنامەگەری یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی عێراق بوو. تیمێکی کەناڵی زووم پاش ئەوەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەیان رووماڵکرد، هێزەکە نزیکیان دەبنەوە و بۆ ماوەیەک دەستبەسەریان دەکەن، مۆبایل و کامێرا و کەلوپەلەکانیان لێ دەستێنن.

بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەڤانانی کوردستان، ساڵی رابردوو 45 پێشێلکاری بەرامبەر 73 رۆژنامەڤان و دەزگای راگەیاندن کراوە.

لە ئامارێکی جیادا و بەگوێرەی سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

سەرچاوە : ڕووداو