كتێبی "سەرەتایەك بۆ جێندەرناسی"، لە نووسینی پەیڕەو ئەنوەر و لە چاپكراوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانە، بە پاڵپشتی رێكخراوی "Unhcr"، چاپ كرا.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە پەیڕەو ئەنوەری نووسەر بە "وشە"ی گوت، ئەم كتێبە لە ناوەڕۆكدا هەوڵ دەدات پانۆراما و وێنەیەكی گشتی لەبارەی جێندەر و پرسەكانی ئافرەت پێشان بدات، چ لە رابردوو و ئێستە و چ وەك خێزان و هاتنەدەرەوەی ئافرەت لە خێزانەكەی بۆ ناو داودەزگا سیاسی و حكومییەكان.
زیاتر گوتی، لە كتێبەكەدا بە وردی باس لە چەمكی جێندەر كراوە، باس لە مانا و ناوەڕۆك و رەگوریشە و مێژووی ئەم چەمكە كراوە، هاوكات وێنەی ئافرەت لە پرسە جێندەرییەكان و لەناو ئەفسانەناسیدا كراوە.
نووسەر روونی كردەوە، هاوكات باسم لە فێمێنیزم و شەپۆلەكانی و "سیمۆن دی بوفوار"، وەك باوكی رووحی فێمێنیزمەكان كردووە، پاشان باسم لە خێزان و ئافرەت لەناو خێزان و چۆنیەتی هاتنەدەرەوەی بۆ كۆمەڵگە بۆ ناو دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەكان كردووە.
كتێبی سەرەتایەك بۆ جێندەرناسی لە چاپكراوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانە و بە پاڵپشتی رێكخراوی "Unhcr"چاپ كراوە، پەیڕەو ئەنوەر، نووسەر و چالاكە و چەندان بەرهەمی چاپكراوی تری هەیە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دادەنیشێت.
چەمکی جێندەر کە مەبەست لێی یەکسانکردنی جۆری کۆمەڵایەتیی ژن و پیاو و رەتکردنەوەی هەموو جیاکارییەکە، ماوەیەکە کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوە، بەڵام دوێنێ پەرلەمانتارێکی ئیسلامیی بەناوی حاجی کاروان، نوویسبووی جێندەر واتە هاوڕەگەزبازیی ژن و ژن و پیاو و پیاو، لە کاتێکدا چەمکەکە دوورونزیک پێوەندی بەو باسەوە نییە، ئەگەرچی روون نییە حاجییەکە بەمەبەست ویستبووی خەڵک بەهەڵەدا ببات یان هەر ئەوەندە خوێندەوارییەکەیەتی.
رۆشنبیران زۆر توند لە حاجی کاروان هاتنە وەڵام و بەشێوەی زانستی و مەنتقی چەمکەکەیان بۆ شی کردەوە، بەوەیش کۆی بەرنامەی حزبە ئیسلامییەکان و بانگخوازە هاوشێوەکان، جارێکی تر کەوتەوە ژێر گومان.
سەرچاوە: wishe- ئاسان محەمەد