سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق و هەرێم

د. رزگار ئاغا

 

هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکا تەرزێکی قووڵیی دامەزراوەییان هەیە: کە هەماهەنگییەکی بەرچاو و پێکەوەکارکردنیان هەیە, کە بەدرێژایی دەیان ساڵ راهێنان بۆ شەڕکردن و دانوستان وەک تیمێک پەرەیان پێ دراوە. هەروەها زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا نا-دیموکراتن؛ ئەندامە سەرەکییەکانیان پشکێکی هاوبەشیان هەیە لە بەشداریی لە ململانێ و ناکۆکییەکان و پاشان پاراستنی جیهانێکی پارێزراو بۆ لیبراڵیزم. لە کۆتاییدا، هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکا لە پەیماننامە نەنووسراوەکان و بەڵێنە ژێربەژێرەکانی بەرژەوەندی نیوانیاندا پیرۆز ئەکرێن. ئەمە سرووشتییە، چونکە ئاسان نییە بۆ هاوپەیمانە ئۆتۆکراتەکان بتوانن پەیماننامەی ئاشکرا درووست بکەن و رای بگەیەنن. بەڵکو، چەوشاکاریی سیاسیی یەکێکە لەو ئامڕازانەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکان بۆ گەلەکانی خۆیان بەکاری ئەهێنن.هەروەها بەلای ئەم هاوپەیمانانەوە، ئەم نهێنکارییانە زۆر گرنگە چونکە دڵی لێدانی هەموو هاوپەیمانێتییەکی ئەمەریکا، وابەستەی بەڵێنی واشنتۆنە بۆ یارمەتییدان و پشتیوانییان لە تەنگانەکاندا یان ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر.

ئەم چاوپێکەوتنانەی ئەمەریکا و عێراق و تورکیا (بە سەردانەکەی هەولێریشەوە) رواڵەتی ئەو پەیماننامە ژێربەژیرانەیە، کە بێ ناو و ناونیشانن لە پلاتفۆرمی رووداوە سیاسییەکاندا. بەڵام، بێگومان بڕیارگەلێکی درێژخایەن و کاریگەر ئەبن لە گۆڕینی سیاسەتی ناوچەکە و هاتنە ئارای دۆخێکی جیاوزتر لە ناوچەکە و، بەدەر لەو کرژیی و شەڕ و ناکۆکییانەی کە درێژەی مێژوویی یەک سەدەیان هەیە بە لایەنی کەمەوە. ئەم هاوپەیمانێتیی و رێکەوتنە نوێیانە لە سەردەستی سەرکردەگەلێکن کە لە دوادوایی حوکومڕانییەکانیاندان و واژۆی ئەکەن و بۆ دەسەڵاتە هاتووەکانی داهاتوو ئەمێنێتەوە، کە جێبەجێیکردنەکان ئەبەنە کۆتایی و رەفتار و مامەڵەیان بەو پێیە ئەکەن.

هاتنی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق وەک تەواوکەری بینینەکەی بایدن و سۆدانییە کە لە بەغداد ئەو رێکەوتنە سیاسیی و ئابوورییانە واژۆ بکەن کە شوێن واژۆی سەرۆکی تورکیا بە واژۆ نەکراوی جێهێڵرا بوو لە واشنتۆن.

دیارە، ئەبوو کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی لەوێ لە واشنتۆن بکرایە، بەڵام یەکێک لە میکانیزمی نهێنیی پارێزییەکان، دوور لەیەک و بە دوو جێ ئەم کارە کراوە، لە پارێزگرتنی هاوپەیمانێتیی و رێکەوتنی ستراتیجیی ئەم سێ لایەنە لە ئاستە نێودەولەتییەکان. ئەوەی مایەی سەرنجە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تەنها فەرمان و هەندێ کاری پێوەست بە هەرێمی کوردستانی لەسەرە پێڕەوی بکات، وه سەرۆکی تورکیاش بە سەردانە کەمخایەنەکەی بە دەمیی و هەر خۆی بە تەنها پێی راگەیاندوون! ئەم بینیینە جیایەی سەرۆکی تورکیا بەو سەرپێیەوە، ئەو مانایەش ئەدات کە کورد لەو هاوپەیمانێتییە نوێیەدا بوونی نییە جگە لە پابەندبوون نەبێت بە هەرچییەک کە بڕیاریان لەسەر دراوە. خاڵێکی گرنگتریش،  لە ئاستی عێراق دا، هییچ ئاگاداربوون و ئامادەبوون و دەنگدانێکی پەرلەمانیی نییە لە ئاستی پابەندبوون و پەسەندکردنەکانی عێراقییدا بۆ مەرج و بەرژەوەندییە بالاکانی ئەمەریکا و تورکیا، ئەگەرچیی ئەم دوو هێزە بە بێ پرس و رای پەرلەمان و کۆنگرێس هییچ هەنگاوێکی لەم شێوەیەیان لە دەسەلاتدا نییە.

دیارە، بۆ عێراق دوو رێکەوتنی سێ قۆڵییە کە ئەوی تریان عێراق- ئەمریکا- ئێران ە کە رەنگە ماوەیەکی تر جموجووڵی زیاتر لە نیوان عێراق- ئێران دەست پێ بکات و ئەوە تەواو بکا، هەرچەندە پێشتر هەندێک هەنگاوی جیدیی نراوە، لەوانە دوورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سنووری عێراق- ئیران لە ناوچەی سلێمانیی، ئەمە هەنگاوێکە بەرەو چەکداماڵینی ناوچە سنوورییەکان بەرەو عێراقێکی سەقامگیر و خاوەن سەروەریی بە رێکەوتنی لایەنەکان لە هەردوو بەرەی ئێران و تورکیاشەوە.

ئەم رێکەوتنانە هییچ پیوەندیی بەو کرژیی و سیناریۆ بەیەکدادانەی ئەمەریکا و فەسائیلی سەر بە ئێران نییە، کە ئەوانیش لە دوو توێی ئەم رێکەوتنە ستراتیجییە ناتوندوتیژە سێ قۆڵییەدا، هاوسەنگیی و پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و پرۆتۆکۆلەکانی بازرگانیی و دابەشکردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان لە سنووری هەرێمایەتیی عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران ساغ ئەکەنەوە.

لە میدیاکانەوە، لە دەمی شرۆڤەکارە سیاسییەکانەوە، ئەوترێت کە کۆبوونەوەی بایدن و سۆدانی دوور لە باسی کشانەوەی هێزی ئەمریکا تەواوبووە، ئەمە راستە بە روونی نەکراوەتە سەردێڕی کۆبوونەوەکان، بەڵام ستراتیجەکە ئەو رادەستکردنەیە لە هاوکێشەیەکی سێ قۆڵیی ئەمریکا-عێراق-تورکیا و ئەمریکا-عێراق-ئێران دا، بە کوێرکردنەوەی هەبوونی کورد لە هییچ لایەکی ئەم هاوکێشەیەدا و بەتایبەتیی هەرێمی کوردستان کە پێویستبوونی جێگەی لەم هاوکێشەی هاوپەیمانێتییە نوێیەدا نەماوە و نایبێت. بەڵام ئەوەی کە ئەکرێ بخرێتە جێبەجێکردنەوە و، یەکسەر سەردانی سەرۆکی تورکیای بۆ رێکخراوە و بە سەردانەکەی لە کۆبوونەوەی تورکیا و عێراقدا تەواوکراوە و واژۆکراوە، ئەم رێکەوتنانە بۆ ئەم سێ لایەنە ئەمریکا-ئێراق - تورکیایە بە خۆشییان بێت یان ناخۆشیان بێت بڕیاری سەروو خۆیانی لێ دراوە و مرەکەبەکەی وشکبۆتەوە! بۆیە ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە ئامادەسازییەکە بۆ داهاتووی ناوچەکە، هەتا کشانەوەی سوپای ئەمەریکایی سنوور بۆ چڕیی و ئامادەبوونی دابنرێ،بە بێ هەبوونی بڕیارێکی راشکاو یان بە بێ پێوسیستبوونی فیزیکیی سوپای ئەمەریکایی لە عێراقدا بەڕێوە بچیت و لەگەڵیدا نیگەرانییەکانی هەر وڵاتێکی تری پێوەندییدار بڕەوێنیتەوە بە هێنانەدیی و پاراستنی سەقامگیریی و هاوسەنگیی هێزی سێ لایەنی ناوچەکە. بەڵام هەر چۆن بنکەیەکی زەبەلاحی ئەمەریکا لە ئینچەرلیک هەیە بە هەمیشەیی، هەرواش بنکەی سەربازیی حەریر و ئەسەد لە عێراق ئەمێنێ.

------------

نوسەری ئەم بابەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژیینەوەی زانستیی

*سکرتێری نووسینی گۆڤاری "کوردستانیی" بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتیژییە

سەرچاوە : ئاوێنە