چوارەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب بەردەوامە و زۆرینەی سەردانیکەرانی لە ژنان و گەنجان پێکدێن، بەوتەی خۆیان ناونیشانە فەلسەفی و مێژوویی و دەروونشیکارییەکان زۆرترین خواستیان لەسەرە، هەروەها ڕۆمانی “شازادەکەی ئورفا” یەکێکە لە پڕ فرۆشترین کتێبەکانی پێشانگاکە.
ڕۆمانی “شازادەکەی ئورفا” یەکێکە لە پڕ فرۆشترین کتێبەکانی پێشانگاکە، کە لەلایەن نوسەر نەبەز گۆرانەوە نوسراوە و باس لە ژیانی ڕێبەری گەلی کورد دەکات، لە لەدایکبوونییەوە تا ساڵی 1999، واتا لە ئورفاوە تا ئیمراڵی.
ئاڵی ئاوارە، یەکێکە لە سەردانیکەرانی پێشانگاکە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: زیاتر بەدوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێم، کە لە دەروونی مرۆڤیان کۆڵیوەتەوە و بابەتی دەروونشیکارین، هەروەها دەمەوێت زیاتر شارەزای مێژووی وڵاتەکەم بم، بۆیە بەدوای کتێبی مێژوو کوردستاندا دەگەڕێم.
ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەنجان و خوێنەران و نوسەران، منیش وەک خوێنەرێک بۆ ئەو مەبەسەتە هاتووم، کە کتێبی دڵخوازی خۆم بدۆزمەوە، خوێندنەوە گرنگترین شتە بۆ تێگەشتن لەخۆت و لە کۆمەڵگە و کەسانی دەورووبەرت و ڕووداوەکان، بۆیە ئامۆژگاریی ژنان دەکەم بەتایبەتی، کە بخوێننەوە و گرنگی پێبدەن، من خۆم حەزم کە ناونیشانە فکری و فەلسەفەییەکانە.
سەرچاوە: rojnews