سەرباری رێگری و سەرکووتکردنی ئاسایش گردبوونەوە لە چیای گوێژە بەڕێوەچوو

 

 

 

 

 

هەرچەندە هێزێکی زۆری ئاسایش لە شوێنی گردبوونەوەی رۆشنبیر و چالاکوان و ژینگەدۆستان لە چیای گوێژە بڵاوەیان پێکرابوو، هاوکات رێگەنەدرا میدیاکان رووماڵ بکەن و مۆبایلیان لەهەر چالاکوانێک دەستاند کە وێنەی گرتبا، هەروەها چەند چالاکوانێک رووبەرووی توندوتیژی و لێدان بوونەوە، بەڵام رۆشنبیران و چالاکوانان سووربوون لەسەر خوێندنەوەی وتارەکەیان و چەند هۆنراوەیەک.

بەیانی ئەمڕۆ پێش ئەوەی ئەو کەسانەی کە لەسەر داوای بانگەوازی گوێژە بپارێزە بگەنە شوێنی گردبوونەوەکە لە بناری ئەو چیایەی کە شێوێندراوە، هێزێکی زۆری ئاسایش کە هەندێکیان دەمامکدار بوون لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکرابوو لەگەڵ گردبوونەوەی نارازییەکان کە زۆربەیان کەسانی ناسراوی ژینگەپارێز و چالاکوان و رۆشنبیربوون، هێزەکە بەزۆر کەناڵەکانی میدیایان دوورخستەوە، دواتر فشارێکی زۆریان کردە سەر خۆپشاندەران تا مەراسیمەکە سازنەکەن، هەروەها دەستیانکرد بە مۆبایل سەندن لە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان هاوکات هێزەکانی ئاسایش ئازاری چەند چالاکوانیان دا، کە ئاسەواری ئازاردان و لێدان بە جەستەی چەند چالاکوانییەکەوە دیارە و بە قسەی  ( سووک) هێرشیان کردە سەر چەند چالاکوانێکی تر.

خۆپشاندەران سووربوون لەسەرئەوەی کە مەراسیمەکە سازکەن و دەستکرا بە خوێندنەوەی وتار لەلایەن هەڵوێست عەبدوڵا ژینگەپارێزو و ئەندامی تیمی (گوێژە بپارێزە) و دواتریش هۆنراوەی شاعیری گەورەی کورد بەختیار زێوەر کە بۆ گوێژەی نووسیوە بە یەک دەنگ خوێنرایەوە، دوای تەواوبوونی وتارەکە خۆپشاندەران سووربوون لەسەر ئەوەی تا سەرجەم مۆبایلەکان وەرنەگرنەوە شوێنەکە چۆڵ ناکەن، ئاسایش ناچارکرا مۆبایلەکان رادەستکاتەوە.

دواتریش بەکۆمەڵ گەڕانەوە پارکی ئازادی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میدیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان سازکرد و جارێکی تر دەقی ئەو وتارەی تیمی گوێژە بپارێزەیان خوێندەوە کە لە شوێنی خۆپشاندەکە بە بێ بوونی میدیاکان خوێنرابوویەوە، هەروەها هەڵوێست عەبدوڵا لە وتەیەکدا باسی ئەو پێشێڵکارییانەی کرد کە ئاسایش بەرامبەریان ئەنجامیداوە و مۆبایلی تایبەتی لێسەندوون و رۆژنامەنووسان دۆکۆمێنتی لێدان و ئازارەکانیان تۆمارکرد کە ئاسایش رووبەرووی چالاکوانان  ئەنجامیان دابوو.

زانیاری و وێنە و ڤیدیۆی زیاتر لە هەواڵەکانی داهاتوو دەخەینەڕوو.


 بۆ بینینی ڤیدیۆی ساتی سەرەتای خۆپیشاندانی گۆیژە بپارێزە لە بناری چیا تێکدراوەکە جوێنی تیلیگرامی سپی بکەن: 


سەرچاوە : سپیمیدیا