سەحەر موعێزی، فەرهەنگی ئینسایكۆپێدیكی ڕەنگی كوردی لە پیشانگای نێودەوڵەتی كتێب دەخاتە بەردیدی خوێنەران

  سەحەر موعێزی

سەحەر موعێزی لەبارەی کتێبی فەرهەنگی ئینسایکلۆپیدیکی رەنگی کوردی بۆ ئاپۆرانیوز دوا و وتی:-

 "ئەو کتێبە فەرهەنگێکە سەبارەت بە ناوی 73 هەزار رەنگ و شەبەنگی رەنگەکانە لە کوردەواریدا، هەروەها بە سەرجەم زاراوەکانی زمانی کوردی ناوی رەنگ و شەبەنگی رەنگەکانی تێدایە و باس لە مێژوو و فیزیای رەنگەکان کراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە کتێبەکەدا باس لە رەنگدانەوەی رەنگەکان کراوە لەنێو ئەدەب و فۆلکلۆری کوردەواریی و ئەدەبیاتی زارەکی و چەند بابەتێکی دیکە، لەم کتێبەدا شرۆڤە بۆ رەنگەکان کراوە و واتای رەنگەکانی تیادا باسکراوە".

سەحەر موعێزی باسی لەوەکرد "لەکاتی نووسینی ئەو کتێبە بەربەستی زۆرم بۆ دروستبووە، چونکە بۆ ژنێک ئاسان نییە بە تەنها هەموو ناوچە کوردییەکان بگەڕێت".

ئاشکراشیکرد "نوێترین کارم نووسینی کتێبی (پەیڕەو)ە و لەئێستادا سەرقاڵی نووسینم و ئەویش بە هەمان شێوە فەرهەنگێکی کوردییە"

سەحەر موعێزی لە ساڵی 1981 لە شاری سنە لەدایکبووە و خاوەنی هەردوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا و ماستەر لە ئەدەبی بەراوردکاری، خاوەنی 13 کتێبی چاپکراوی ئەلیکترۆنی منداڵانە، هەروەها خاوەنی کتێبەکانی (ئەژین و رێنووسی ئەوین و فەرهەنگی ئینسایکلۆپیدیکی رەنگی کوردییە)

 

سەرچاوە : سایتی ئاپۆرا نیوز