سیستمی هەڵبژاردنی فرە بازنەیی

 

 شانیا محەمەد

هەڵبژاردن لەسەر دوو بنەما دامەزراوە، یەکەمیان تا چەند زۆرترین کورسی لە رێگەی پشتبەستن بە شوێنی جوگرافیای دەنگەکانەوە حزبێک لە قاڵب دەدەن.
دووەم رادەی پشتبەستنی حزبێک بە "دەنگی کەسی" تاکەکەسی کاندیدەکان.
ئەو پڕۆسەیە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە واقیعی سیاسیی کۆمەڵگەکاندا، بەو پێیەی کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان دەبێت.
 شارەزایان و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن لە جیهاندا، 12 جۆری هەڵبژاردنیان دیاریکردووە، بەو پیێەش جۆرێکی دیاریکراو نییە کە بۆ گشت وڵاتان بە شێوەیەکی دیاریکراو بەکاربهێنرێت، چونکە هەر وڵاتێک بە پێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی جیاوازە و شێواز و ستایلێک لەگەڵیدا گونجاوە.
لە هەرێمی کوردستان لە دوای 31 ساڵ لە حکومڕانیی خۆماڵی و تێپەڕاندنی چەند هەڵبژاردنێک، بە هۆی ئەوەی لە ساڵی 2020 دا بەبڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ‌هەڵبژاردنەکانی عیراق، لە یاسای ژمارە (9)، یاسای هەڵبژاردن عیراقی کرد بە 83 بازنە و بازنەی هەڵبژاردن بچوککرایەوە، لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی 2021دا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای هەڵبژاردنی گۆڕی لە یەک بازنەییەوە کرا بە فرە بازنەیی، ئەوەش گۆڕانکارییەکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە زانستە سیاسییەکاندا، بەکارهێنانی هەڵبژاردنی فرەیی لە چەندین ناوچەی هەڵبژاردنی تاک براوەدا بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی فرەیی، زۆرجار بە فرەیی تاکە قەزا ناودەبرێت. 
هەروەها ئەم پێکەوە گرتنە بە "براوە هەموو شتێک دەبات" ناودەبرێت بۆئەوەی لەگەڵ سیستمی نوێنەرایەتی رێژەییدا بەراورد بکرێت.
هەڵبژاردنی فرەیی بریتییە لە سیستمێکی هەڵبژاردن، تیایدا کاندیدێک یان کۆمەڵێک کاندید کە دەنگی زیاتر لە هاوتاکانیان بەدەستبهێنن، واتە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنن هەڵدەبژێردرێن. 

هەڵبژاردنی فرەیی سیستمێکی هەڵبژاردنە، تیایدا کاندیدێک یان کۆمەڵێک کاندید کە دەنگی زیاتر لە هاوتاکانیان بەدەستبهێنن، واتە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، هەڵدەبژێردرێن

لە سیستمێکدا کە لەسەر بنەمای بازنەی تاکە کورسی دامەزراوە، تەنها یەک ئەندام لە هەر بازنەیەکەوە بە زۆرترین دەنگ، دەنگی تاک هەڵبژاردن، زۆرینەی سادە، یان زۆرینەی رێژەیی ناسراوە هەڵدەبژێردرێت.
بە واتایەکی دیکە، سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردنی نوێنەری گشت ناوچە بچووک و گەورەکانی ئەو وڵاتەیە کە لەسەر (بنەمای جوگرافیا) نوێنەر هەڵدەبژێردرێت، پاریزگا و قەزا و ناحیەکان دابەش دەبن بۆ سەر چەند بازنەیەک.
تەنانەت لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان 43 وڵات سیستمی هەڵبژاردنی فرەیی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان یان نیشتمانییەکان بەڕێوەدەبەن، ئەمەش لە بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و هیندستان زۆر باوبووە. 
لە هەڵبژاردنی فرەیی تاک براوەدا، هەر دەنگدەرێک بۆی هەیە تەنها دەنگ بە یەک کاندید بدات و براوەی هەڵبژاردنەکەش ئەو کاندیدەیە کە نوێنەرایەتی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران دەکات، واتا هەرکەسێک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنابێت، ئەمەش وا دەکات هەڵبژاردنی فرەیی ببێتە یەکێک لە سادەترین سیستمەکانی هەڵبژاردن بۆ دەنگدەران و بەرپرسانی ژماردنی دەنگەکان.
 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تاک کورسیدا، هەر دەنگدەرێک لە ناوچەیەکی هەڵبژاردنی جوگرافیدا دەتوانێت دەنگ بە یەک کاندید بدات لە لیستی کاندیدەکان کە کێبڕکێ دەکەن بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەو قەزایە. 
بەپێی سیستمی فرەیی، براوەی هەڵبژاردن دەبێتە نوێنەری تەواوی بازنەی هەڵبژاردن و لەگەڵ نوێنەری ناوچەکانی تری هەڵبژاردندا کاردەکات.
لە سیستمی فرەبازنەییدا دەرفەتێكی باش بە هاووڵاتیان دەدرێت، ئەو كەسانە بە نوێنەری خۆیان هه‌ڵبژێرن کە خەڵكی سنوورەكەی خۆیانن و دەیانناسن، بەڵام لە سیستمی یەك بازنەییدا حزب باڵادەستە كێ‌ دەكاتە نوێنەر، بۆ نموونە دەتوانێت كەسێك بكاتە نوێنەر لە سلێمانی كە خەڵكی هەولێر بێت، ئەوكاتە دەنگدەر ناچار دەبێت دەنگی پێ بدات.
بەگشتی کاغەزی دەنگدان لە سیستمی هەڵبژاردنی فرەییدا دەتوانرێت بۆ دوو جۆر پۆلێن بکرێت. 
بۆئەوەی دەنگدانێکی باشتر بەڕێوەبچێت، کاغەزەکانی دەنگدان ناوی هەموو کاندیدەکانی لەگەڵدایە و ژمارەیەک دانراوە لە تەنیشت ناوی کاندیدەکە و بۆشایییەکی سپی بۆ نووسینی ناوی کاندیدەکە.
لێکەوتەکانی سیستمی فرە بازنەیی
دەنگدەر بۆی هەیە تەنها دەنگ بە پاڵێوراوی شار و ناوچەکەی خۆی بدات، بەم هۆیەشەوە دەنگدەر بە رێژەیەکی زۆر بێبەش دەبێت لە گەیاندنی دەنگەکەی بە پاڵێوراوی دڵخوازی خۆی.
لایەنە کورسی فرۆشەکان ئەگەری بەدەستهێنانی کورسییان زۆر کەم دەبێتەوە، بەمەش ناچار دەبن راستەوخۆ لەکاتی هەڵبژاردنەکەدا دەنگەکانیان بفرۆشن.
حزبەکان ناتوانن دەنگەکانی بازنەیەک ببەن بۆ بازنەیەکی دیکە، واتا ئەگەر نرخی کورسی لە بازنەی هەڵەبجە 15 هەزار دەنگ بێت و حزبێک لە بازنەی هەڵەبجە 14 هەزار دەنگی هەبێت ئەوە ئەم  14 هەزار دەنگە دەفەوتێت.
سوودی ئەم حاڵەتە ئەوەیە حزبەکان ناتوانن بە دەنگی ناوچەیەک پاڵێوراوی ناوچەیەکی دیکە بنێرنە پەرلەمانەوە.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ