ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا بڵاو كردەوە و دەڵێت: لە هەرێمی كوردستان ٦٠٢ گوند مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، كامەران عوسمان، لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوەكە باسی لەوە كردووە "لە دوو ڕۆژدا توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان چەند خانوویەكی گوندنیشینانی لە سنووری ئامێدی تەقاندووەتەوە و سێ گوندی سنووری ئاكرێش بەهۆی مەترسیی بۆردومانەكانەوە چۆڵ كراون".
هەروەها ڕوونیكردووەتەوە: بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا و مەترسی ئۆپراسیۆنی سەربازی، هاووڵاتیانی گوندەكانی "نپاخێ، بێركەكورێ و كافیا" لە بناری چیای گارە گوندەكانیان چۆڵ كردووە و ڕوویان لە ئاكرێ و دینارتە كردووە.
ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی ڕایشیگەیاندووە: بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشی داگیركاریی توركیا لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستە ١٨٣ گوند چۆڵ كراون، ٦٠٢ گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵكردندان و نزیكەی ٤٠٠ گوند ناتوانرێت ئاوەدان بكرێنەوە.
سەرچاوە : سپی میدیا