سپینۆزا و سزادانی لەلایەن کۆمەڵگەوە

کاتێک سەیری مێژووی فیکر و فەلسەفە دەکەین، دەبینین زۆرێک لە فەیلەسوف و بیرمەندانی جیهان، لە ژیانیاندا دژایەتیی زۆریان کراوە، بەتایبەتی لەلایەن خێڵی بەخیڵان و جەهالەتپەرستەوە. یەکێکیش لەو فەیلەسوفانەی کە لە ژیانیدا زۆر دژایەتی کرا، فەیلەسوفی هۆڵەندی باروخ سپینۆزایە. کە ئەمەش خاوەنی حکایەتێکی ئێجگار تراژیدییە.
Baruch Spinoza باروخ سپینۆزا یەکێکە لە فەیلەسوفە مەزنەکانی هۆڵەندا و جیهان، لە 24 نۆڤێمبەری 1632 لە شاری ئەمستەردامی هۆڵەندا لەدایک بووە و لە 21 فێبروەری 1677 لە شاری لاهای هۆڵەندا کۆچی دوایی کردووە. 
ئەو خوێندکارێکی زیرەکی دیکارت بوو، بەڵام پاشتر دژی تێزەکانی مامۆستاکەی دەوەستێتەوە و رێچکەی خۆی دەگرێتەبەر. 
سپینۆزا بە یەکێک لە باوکەکانی رەوتی فەلسەفەی عەقڵانیی و ماتریالیستی دادەنرێت. ئەو لە بواری ئەخلاق و مەعریفە و ئایین و مرۆڤ، کۆمەڵێک تێزی گرنگی هەیە، یەکێکیش لە کتێبە گرنگەکانی بە ناونیشانی « ئیتیک - ئەخلاق» کە ساڵی 1677 نووسیوێتی، بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی فەلسەفە دادەنرێت لە جیهاندا.  
جگە لەوەش کاریگەریی گەورەی بەسەر فەیلەسوفەکانی رۆشنگەرییەوە هەبووە بەتایبەتی رۆسۆ و ڤۆلتێر. هەتا ئەمڕۆش تێزەکانی ئەم فەیلەسوفە مەزنە لە زانکۆکانی جیهاندا دەخوێنرێت.
 کوڕە جووە زیرەکەکە
بنەماڵەی سپینۆزا لە پورتوگالەوە چوونەتە هۆڵەندا، پاش ئەوەی جووەکانی ئیسپانیا و پورتوگال رووبەڕووی چەوساندنەوە و زوڵم و ستەم بوونەوە، بەشێكی زۆریان بەرەو وڵاتانی جیهان کۆچییان کرد، لەوکاتەشدا هۆڵەندا بەتایبەتیش شاری ئەمستەردام، داڵدەی بەشێکی زۆری جووەکانی  نیمچە دوورگەی ئیبریای دا. بنەماڵەی سپینۆزاش، لە بازرگانە ناسراو و دەوڵەمەندەکانی جووەکانی پورتوگال بوون و پاشان چوبوونە ئەمستەردام.
ئاوارەبوون و ستەم لەسەر جووەکان، مێشکی سپینۆزای ئاخنی بوو، هەرچەندە باوکی بازرگانێکی گەورە بوو، بەڵام سپینۆزا حەزی بە کارەکەی باوکی نەبوو، بۆیە لە سەرەتای لاوێتیدا خۆی خزاندە کنێستی جووەکان و لەناو ئاینی جوودا تۆخ بۆوە، سەرەتا دەستیکرد بە خوێندنەوەی تەورات زۆر بە جدییەوە وانە ئاینییەکانی دەخوێند، ئەمەش سەرنجی گەورە پیاوانی جووی بۆ لای خۆی راکێشا و هەموو هیوایان وابوو، کە لە داهاتوودا ئەم کوڕە گەنجە ببێتە مامۆستایەکی گەورەی ئایینی.
 بەڵام دوای ئەوەی لە خوێندنەوەی تەوارت لێبۆوە، ئینجا دەستیکرد بە خوێندنەوەی کتێبی تەلمود و لەویشەوە بۆ کتێبەکانی تری زانایانی جوو لەوانە: ئیبن دیمون، لیڤی بن گوڕین، ئیبن عەزار...هتد.
خوێندنی فەلسەفە
 حەزی خوێندنەوە، ئەم کوڕە گەنجەی بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر برد، کاتێک دەستیکرد بە خوێندنی زمانی لاتینی و لەمەشدا مامۆستایەکی زیرەکی بەناوی «دن ئاند»  دەستکەوت، بەڵام  ئەم زانایەش کەسێکی بێ باوەڕ و دژە دەسەڵات بوو،  ئەمەش وایکرد کە لە ساڵی 1674 لەلایەن شای فەرەنساوە سزای  لەسێدارەدانی  بۆ دەربچێت. 
بەهەرحاڵ فێربوونی زمانی لاتینی کە لەوکاتەدا زمانی رۆشنبیری  و کەلتور و دەستەبژێری خوێندەواری ئەوروپا  بوو، ئاسۆی بیرکردنەوەی سپینۆزای فروانتر کرد و بەرەو فەلسەفە پەلکێشی کرد، لێرەشەوە ژیانی ئەم فەیلەسوفە بەرەو تراژیدیا رۆیشت. 
لە سەرەتای تەمەنیدا زۆر سەرسامی بیرۆکەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی ریینە دیکارت بوو، بنەمای سەرەکی بیرکردنەوەی دیکارتیش ئەوەیە کە « هۆش» لە پێش مادەوەیە، گرنگترین رستەی «من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم»، بەڵام دواتر، سپینۆزا دژی تێزەکانی دەوەستێتەوە.
دادگاییکردنی
کاتێک دەستیکرد بە خوێندنەوەی فەلسەفە، وازی لە تەواوی بۆچوونەکانی پێشووی هێنا، بەتایبەتی هەموو ئەو بۆچوونانەی کە پەیوەندییان بە فیکری ئاینییەوە هەبوو. هەرئەمەش وایکرد کە لەشکرێکی گەورە لە نەیارانی دژی بوەستنەوە. لە ساڵی 1656 دا بە تۆمەتی گومڕایی ئایینی بانگکرایە بەردەم دادگای پیاوانی کنێست لە ئەمستەردام و  لێپێچینەوەیان لەبارەی نووسین و قسەکانی دژبە ئایینی جوو لەگەڵداکرد، هەرچەندە بە تەواوەتی نازانرێت وەڵامی ئەو لەوبارەیەوە چۆن و چی بووە، بەڵام ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە، لە پاش دادگاییەکە، کەسایەتییە ئایینییەکان ماوەی مانگێکیان بۆ دانا کە لە بۆچوونەکانی پاشگەزببێتەوە، بەڵام ئەمەش کەڵکی نەبوو،  بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر لەسەر بۆچوونەکانی بەردەوام بوو، زۆرکەسیش هاتن شایەتیان لە دژی سپینۆنزا دا، دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی پیاوانی ئایینی جووەوە، نەفرەتی لێدەکرێت و لە کنێست دەری دەکەنە دەرەوە و تۆمەتی کافربوونی بەسەردا دەسەپێنن.
سەرۆکی دادگا  دەڵێت: «داوا لە خودا دەکەین هەرگیز بەر لێبوردنی نەخات و بەردەوام غەزەبی خۆی بەسەردا ببارێنێت و لێی دەپاڕێینەوە کە خواپەرستان بپارێزێت و رزگاریان بکات. کەس قسەی لەگەڵ نەکات و بە نووسینیش نەیدوێنن و هیچ کەس هاوکاریی و کۆمەکی نەکات و چاکەی لەتەکدا نەکات و کەسیش لەگەڵیدا لە یەک خانوودا نەژی و کەسیش هیچ شتێکی ئەو نەخوێنێتەوە.
ئەمەش بە تەواوەتی ژیانی ئەم فەیلەسوفە دەخاتە مەترسییەوە.
گۆشەگیریی و  نەخۆشیی و مردن
لە پاش ئەوەی لەلایەن کنێستی جووەکانەوە وەکو کافر و گومڕا تاوانبار کرا، لە تەواوی کۆمەڵگەی جووەکاندا لە ئەمستەردام  پەراوێز خرا. لە هەمووشی خراپتر، پەراوێزخستن و دەرکردنی بوو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە. سەرەتا هەموو خەونی باوکی و بنەماڵەکەی ئەوەبوو  کە سپینۆزا ببێتە زانایەکی گەورەی جوو، کە سەری هەموو بنەماڵەکە بەرزبکاتەوە! بەڵام دواتر بە هۆی بۆچوونەکانییەوە تووشی بێزاریی بوون، هەربۆیە باوکیشی لە ماڵەوە دەریکرد و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵدا بچڕاند. لە هەمووشی خراپتر کاتێک باوکی مرد، خوشکەکەی دەیویست فێڵی لێبکات، لە هەموو  میراتییەکی باوکی بێبەشی بکات.  هەرئەمەش وایلێکرد کە شاری ئەمستەردام بەجێبهێڵێت و بەرەو شاری لاهای هەڵبێت.
قەدەغەکردنی کتێبەکانی
نەیارانی سپینۆزا تەنها  بە دەرکردن و گۆشەگیرکردنی وازیان لێ نەهێنا، بەڵکو کەوتنە دژایەتی بەرهەم و کتێبەکانیشی. سپینۆزا لە ژیانیدا دوو کتێبی بڵاوکردۆتەوە  ئەوانیش : سەرەتاکانی  فەلسەفەی دیکارت، نامەیەک لە بارەی  ئایین و دەوڵەتەوە.  ئەم دوو کتێبەش لە ساڵی 1770 چاپکران، بەڵام هەر زوو خرانە لیستی رەشەوە و فرۆشتنیان قەدەغە کرا، ئەمەش وایکرد کە ناونیشانی کتێبەکان بگۆڕێت بۆئەوەی لە سانسۆڕ دەربچێت.  ناونیشانی کتێبەکانی گۆڕی بۆ «نامەیەکی پزیشکی، چیرۆکێکی مێژوویی» بەمشێوەیە بڵاوکرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پاش بڵاوکردنەوەیان، دەیان کتێب لە دژی بڵاوکرانەوە. یەکێک لە نەیارانی لە دژی نووسیبووی «گەورەترین خوانەناسێکی گوناهکار و داوێن پیسە، کەتا هەنووکە سەرزەمین بە خۆیەوە بینیووە»
 بەڵام هەر لەوکاتەشدا خەڵکانێک هەبوون، گرنگی و بایەخی سپینۆزایان دەزانی، کەسێک نووسیبووی: «ئەم کتێبانە گەنجینەیەکی لە بن نەهاتوون و کەڵکێکی مەزنیش دەبەخشن».
کاریگەری بەسەر  فەیلەسوفەکانی جیهانەوە
سپینۆزا یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە کاریگەری گەورەی بەسەر فیکر و فەلسەفەی ئەوروپاوە هەبووە، زۆرێک لە فەیلەسوفەکانی ئەوروپا، لەژێر کاریگەری ئەودا بوون لە پێش هەموویانەوە رۆسۆ، ڤۆلتێر،کانت، نیتچە، شۆپێنهاوەر، هیگڵ» زۆری تریش. 
یەکێک لە کتێبە ناسراوەکانی سپینۆزا کتێبی «ئەخلاق» ە، ئەو کتێبە بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی مێژووی فەلسەفە دادەنرێت، کاریگەریی گەورەی بەسەر تەواوی فەیلەسوفەکانی جیهانەوە هەبووە. ئەم کتێبە لە ساڵی 1677 لە سەرەمەرگیدا  لەلایەن هاوڕێکانییەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. 
مێژوونووس و بیرمەندی ناسراوی ئەمریکی، ویل دیورانت لە بارەی ئەم کتێبەوە  دەڵێت: کتێبی ئەخلاق، بە جوانترین و بەبەهاترین بەرهەمی فەلسەفەی سەردەم دادەنرێت.
سپینۆزا لە تەمەنی 44 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی سیلەوە، کۆچی دواییکرد، هەرچەندە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا خەڵکانێک هەبوون کە رێزیان لێدەگرت و هاوکارییان دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئەم فەیلەسوفەش هەتا لە ژیاندا بوو، لەلایەن خێڵی بەخیڵان و جەهالەتپەرستەوە زۆر دژایەتی کرا. 
سەرچاوە:
1- 
 احمد العلمی. سیبونزا و ابن رشد. سایتی الاوان
2-  ویل دیورانت. مێژووی فەلسەفە. وەرگێڕانی: ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی. چاپی یەکەم. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی .2012

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە: knwe