
سروە عەلی
چەند ڕۆژێکە بۆ جارێکی دیکە نائارامی و گرژییەکان لە سوریا پەرەی سەندووە، و ڕۆژانە هەواڵی کوژرانی هاوڵاتیانی سووری لەناو میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە، لە ئێستادا دروزەکان کەوتوونەتە ژێر پەلاماری گروپە چەکدارەکانی حکومەتی کاتی، پێشتریش عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ دەکران و کوردەکانیش لە رۆژئاوای کوردستان لە ژێر هەڕەشەی جدی دان.
دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لەو وڵاتە هەوڵ دەدات بە جۆرێک رەوایەتی سیاسی و دەسەڵاتی سەربازی بەسەر سوریادا بسەپێنێت، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و هەر جارە و لە ناوچەیەکی ئەو وڵاتە ئەو جۆر لە رووداوانە دووبارە دبێتەوە، لێردەدا پرسیار ئەوەیە هۆکاری روودانی ئەو پێشهاتانە چییە و لە کۆتاییشدا چۆناوچۆن و لە ڕێکەی چ میکانیزمێکەوە دەتوانێت چارەسەر بکرێت.
1-سوریا وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرەئایینە، پیشتر ئەو نەتەوە و ئایینانە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەعس و لە رێگەی بەکار هێنانی هێز کۆنترۆڵ دەکرا بەڵام، لە ئێستادا ئەو دەسەڵاتە ناوەندییە نەماوە ، لە ئێستادا حکومەتی کاتی تەنها دەسەڵاتی بەسەر کەمتر لە 40٪ وڵاتەکەدا هەیە و ناتوانیت ڕۆڵی حکومەتێکی بەهێز و بەدەسەڵات بگێرێت .
2-حکومەتی کاتی سوریا نەک لە ڕێگەیەکی دیموکراسییەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئاڵوگۆری سیاسیی و بەتایبەت رووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و هەر وەها دەستوەردانی هەرێمی هاتووەتە سەر دەسەڵات، بۆیەش رەوایەتی و هەژمۆنی بەسەر هاوڵاتیانی سوریا لە زۆربەی ناوچەکاندا نییە.، کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هاوپەیمانی ئەمریکا و بەرادەیەکی زۆر وڵاتانی ئورووپایین و هاوکات ئیسرائیل پشتیوانی لە دروزەکان دەکات و ئێرانیش لایەنگری عەلەوییەکانە، بۆیەش لە زیاتر لە 6 ٪ خاکی سوریە فەرمانرەوای سەرەکی نەک ئەحمەد شەرع بەڵکوو دەسەڵاتدارانە لە واشنگتۆن، تەلاڤیڤ و تاران.
3-حکومەتی کاتی لە گروپگەلی جیاواز پێکهاتووە کە زۆرتر بە مەبەستی ئامانجێکی ئایدیۆلۆژی و توند ئاژۆی ئیسلامی لە دەوری یەکدی کۆبوونەتەوە، نەک چوارچێوەیەکی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبردنی ئەمڕۆییانەی وڵات کە لە ڕێگەیەکی دیموکراتیک و هەڵبژاردن و لە کێبڕکێیەک بە بەشدارئ پارتە سیاسییەکان بۆیەش بەرژەوەندی ئەو گرووپانە جیاوازە و حکومەتیش دەسەڵاتی رەهای بەسەریانەوە نییە، لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەتی ئەحمەد شەرع هاولاتی سوری نین و بۆیەش هەستێکی نەتەوایەتی بەسەریاندا زاڵ نییە و زیاتر لە ژێر کاریگەری ئیدئۆلۆژی ئیسلامی دان، بۆیەش ئەگەری ئەوەی لە درێژ مەودادا جیاوازی بەرژەوەندی لە ناویاندا دروست بێت زۆرە و لەو کاتەدا هەر کام لەو گرووپانە قازانجەکانی تایبەت بەخۆیان پەیرەو دەکەن.
4-وڵاتانی هەرێمی کاریگەری سەرەکیان لە سوریا هەیە، تورکیا پشتیوان و هاوپەیمانی سەرەکی ئەحمەد شەرعە و لە راستیدا هۆکارێکی سەرەکی دەسەڵاتگرتنیشی بووە و پشتیوانی لە حکومەتی کاتی دەکات و هەژمۆنی تەواوەتی بەسەر کابینەکەیدا هەیە بۆیەش پێناچێت بەبێ رازیکردنی ئەردۆغان حکومەتی کاتی بتوانێت هەنگاوێک هەڵگرێت ، ئیسرائیل پاڵپشتی دروزەکانە و لەو ڕۆژانەدا ناتانیاهو بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع هێرشەکانیان بۆسەر دروزییەکان رانەگرن هێرشیان دەکاتە سەر و لە دوایین ئۆپراسیۆنیشیدا تەنانەت دورووبەری کۆشکی سەرۆکایەتی سورییە کە شوێنی نیشتەجێ بوونی شەرعەی بۆردومان کرد وەک پەیامێکی روون لەو بارەیەوە، ئەمریکا وبە رادەیەک فەڕەنسا هاوپەیمانی کوردن، واشنگتۆن کۆرد بە هاوبەشی خۆی لە شەڕ دژی داعش دەزانێت و نایهەوێت وا بە ئاسانی دەستبەرداری ڕۆژئاوا بێت و بۆ چەندین جار دووپاتیشیکردووەتەوە کە ئەگەر هێزەکانی هەسەدە نەمێنن داعش دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بە هەزاران ئەندامی داعش و بنەماڵەکانیان لە ژێر دەسەلاتی کورددان و هەر جۆر مەترسییەک لەسەر هێزەکانی هەسەدە دەتوانێت نیگەرانی گەورە لەوبارەیەوە دروست بکات، لە لایەکی دیکەوە ئەگەرچی ئێران لە ئێستادا هەژمۆنی پێشتری لە سوریە نەماوە بەڵام خامنەیی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دوبارە شۆڕش لە سوریە سەرهەڵدەداتەوەو وەک هێمایەک بۆ خۆتوکمەکردنەوەی گرووپەکانی سەر بە تاران لە سورییە ، بۆیەش بڕیاردەرەکان و فەرمانبەرانی سوریا نەک لە دیمەشق بەڵکوو لە پایتەختەکانی ئەو وڵاتانەوە دەدرێت.
بە خوێندنەوەی سروشتی باردوخەکە دەتوانرێت لێرەدا بگوترێت، ئەگەر ڕۆژگارێک سوریا لە ریگەی حکومەتێکی ناوەندی و بەکارهێنانی هێزەوە کۆنترۆڵ دەکرا لە ئێستادا حکومەتی ناوەندی لاوازە و توانای سەپاندنی هەژمۆنی بەسەر ئەو وڵاتە فرەچەشن و فرە نەتەوەیەدا نییە.
حکومەتی کاتی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی نارازییەکان لە چوارگۆشەی سوریا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام بە هۆی ئەو تایبەتمەندیانەی کە باس کرا رەنگە نەتوانێت بگات بە ئامانجەکانی.
لێرەدا و لە کۆتاییدا وەک ئەو جۆرەی کورد و دروزەکان پێشنیازی دەکەن پێکهێنانی جۆرێک لە حکومەتی لامەرکەزی یا خود فیدراڵی دەتوانێت تاکە ڕێگەیەک بێت بۆ ئەوەی ئاوێکی سارد بکرێت بەسەر ئاگری ئەو شەڕوپێکدادنەدا، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەی سوریە و پێکهاتنی حکومەتێکی دیموکراتیک کە نوێنەرایەتی کۆی گشتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکات زەحمەتە.
ئەگەرچی هەر ئەو جۆرەی باسکرا دەستوردانە هەرێمییەکان بەتایبەت حکومەتی تورکیا لە داهاتوودا لەبەرانبەر ئەو پێشنیازە بەربەستی جدی دروست دەکات بۆیەش رەنگە ئەو ئامانجە زۆر بە ئاسانی جێبەجێ نەبێت و وەها ئامانجێک پێویستی بە دانوستانێکی نێودەوڵەتی هەبێت کە تێیدا هەر کام لەو وڵاتانە بتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سوریا دەستەبەر بکەن.
سەرچاوە : سپی میدیا