نیاز سەعید عەلی
یەکێک لەستایلەکانی نیشتەجێبوون بۆ ، کۆمەڵگە لەئێستادا کە لەدەیان وڵاتدا پەیرەوکراوە؛ بریتیە لەدروستکردنی شارێک، یان چەندین شاری نوێی نیشتەجێبوون بۆ خێزانەکان؛ بە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری و مارکێت و خوێندنگە و پەرستگای ئایینی و … هتد
بە چەشنێک کە لەزۆربەی وڵاتە گەشەسەندووەکاندا بووەتە مۆدێلێکی نوێی نیشتەجێبوون و دیاردەکە لەبڵاوبوونەوە و بەرفراوانبووندایە .
بەدەر لەوەی کە سلێمانی لەبنەڕەتدا بۆ کردنە پایتەختی میرنشینی بابان دروستکراوە، بەدەر لەوەی کە لەکاتی بنیاتنان و دامەزراندنەکەیدا، زۆرترین مەرج و خەسڵەت و بنەما و ژێرخان و سەرخانی شاری مۆدرێنی بە پێوەرەکانی ئەو سەردەمە ، تیا ڕەچاو و جێبەجێکراوە؛ لەوە گرنگتر ئەتوانین بڵێین بنیاتنانی شاری سلێمانی، لەبنەڕەتدا بریتیە لەبنیاتنانی یەکەمین ، یان یەکێک لە یەکەمین شارە مۆدرێنە پێشوەختە دروستکراو و ئامادەکراوەکان لەجیهاندا بۆ نیشتەجێبوون، هەر بۆیە دوای نزیکەی دووسەد ساڵ لەدروستکردنی ئەم شارە؛ بەلاساییکردنەوەی نەخشەی بنیاتنان و دروستکردنی شاری سلێمانی، هەزاران شاری نیشتەجێبوون لەجیهاندا، بە پێداویستی و پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی ژیانکردنەوە دروستکراوە .
هەر بۆیە نەتەوەی کورد؛ ئەتوانێت لەرووی هونەری تەلارسازی و بیناسازی و دروستکردنی شاری بنیاتنراو بە تەواویی؛ شانازیەکی تریش بەدەر لەشانازیەکانی تری ئەم شارە؛ بخاتە ناو خەرمانی مێژووی ڕەسەنی خۆی .