سرودێك بۆ ئیكارۆس و گەڕان بەدوای شێوازگەراییدا

حەمەسوار عەزیز

داهێنانی كولتووری و شاری گەرم:
گومان لەوەدا نییە كە پەیوەندییەكی دیالیكتی زیندوو لەنێوان مرۆڤ و ژینگەكەی هەیە، بەو ڕادەیەی هەندێك فەیلەسوف پێیانوایە كە دەتوانرێت لە ڕێگەی ژینگەوە مرۆڤەكان بناسین و لە حەزو خولیاو ئارەزوو و ئاستی هزری و ڕۆشنبیرییان تێبگەین، هەر بۆیە بوونی گرووپێكی شانۆیی بەنێوی گرووپی شانۆی (ز) لە شارێكی وەك هەڵەبجە، دەمانباتەوە نێو ئەو ڕووبەرەی كە پرسیار بكەین، بوونی ئەم گرووپە شانۆییە لە هەڵەبجە چ پەیوەندییەكی بە واقیعی سیاسی و مێژوویی و كۆمەڵایەتی هەڵەبجەوە هەیە، ئایا ئەم گرووپە هیچ لێكەوتەیەكی بە ڕەهەندەكانی شارەوە هەیە، ئایا هەڵەبجە وەك شارێكی گەرم و هەمیشە زیندوو پەیوەندی هەیە بە هەوڵەكانی ئەم گرووپە بۆ جیاوازبوون و هەوڵدان بۆ پێشكەشكردنی فۆرمێكی جیاوازی شانۆیی؟
ئایا كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو جینۆسایدكردنی خەڵكەكەی و بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی درێژخایەن بەهۆی ئەم كارەساتە لە كوێدا توانیویەتی وەك پاشخانێكی پڕ كارەسات كاربكاتە سەر ئەم كۆمەڵە گەنجەو هەوڵبدەن لە ڕێگەی شانۆو فۆرمێكی جیاوازی شانۆوە گوزارشت لەمە بكەن، ئایا ئەو هەستەی كە هەمیشە خەڵك وەك قوربانی سەیرت  بكات و بەزەیی پێتدابێتەوە لە جیاتی ئەوەی وەك مرۆڤێك رێز لە بوون و داهێنان و قوربانییەكانت بگرێت، چ كاریگەری بەسەر هەست و بیركردنەوەی ئەم گەنجانەی هەڵەبجە دروستكردووەو چۆن توانیویانە بە هونەرەكەیان وەڵامێك بۆ هەموو ئەمانە بنوسنەوە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی شێوازێكی تایبەتی كاركردن كە هەستی بەزەیی بگۆڕێت بە سەرسام بوون و ڕێز گرتن لە داهێنان و جیاوازبوون؟
هیچ گومان لەوەدا نییە كە شارو ژینگە كاریگەری دیاری بەسەر هونەرمەنددا هەیەو دەكرێت لە ڕێگەی بونیادی ئابووری و كۆمەلایەتی و كولتووری شارەوە وەڵامی زۆر پرسیارمان دەسبكەوێت كە ڕەنگە لە دەرەوەی ئەو ڕووبەرە وەڵامدانەوەی ئاسان نەبێت، لەبەر ئەوەی هەمیشە شار سێبەری بەسەر سێكتەری هزری و فەرهەنگی تاكەكانییەوە هەیە، لە شارە ئارام و بێ كێشەكان، لە كاتێكدا مرۆڤ زۆرینەی پێداویستییەكانی بەردەستن، كەمتر بیر لە داهێنان و ئەزموونكاری و پرسیاری جیاواز دەكەینەوە، لەبەر ئەوەی ژینگە جۆرێك لە تەمەڵی و ڕازیبوونمان پێدەبەخشێت، پێویستییەك نییە كە وامان لێبكات هەوڵبدەین جیاواز بیربكەینەوەو بەدوای چارەسەری تردا بگەڕێین، هەر بۆیە بە هەموو شارەكانی كەنداوی عەرەبی بە قەد وڵاتێكی وەك فەلەستین نوسەرو بیرمەندو داهێنەری تیادا نییە.
شەڕ و كێشەو ماڵوێرانی و ململانێی بەردەوام و بوونی ڕەنگی جیاوازو گوتاری جیاوازو بەرژەوەندی جیاواز، بیركردنەوەی جیاواز دروست دەكات، ئەمەش وادەكات فۆرم و شێوازی جیاواز بەرهەم بێت و هەمیشە نوێبوونەوە وەك پڕۆسەیەكی بەردەوام لە كارا بێت، هەر بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگەیە بەراووردێكی نێوان زۆنی سلێمانی و زۆنەكەی تری كوردستان بكەین، دەبینین كارێكی ئاساییە كە زۆنی سلێمانی هەمیشە لە نوێبوونەوەو بەدیاركەوتنی فۆرمی تازەی گوزارشتكردن و داهێنانی هزری و هونەری بەردەوام بێت، گەرم و گوڕی شارەكە لە هەموو بوارەكانەوە كاریگەری بەسەر بیركردنەوەو جیهانبینی خەڵكەكەی هەیە، هەر بۆیە دەبێ لامان ئاسایی بێت كە زۆرینە جولەو هزرە سیاسی و ئەدەبی و هونەرییەكان لەم زۆنەوە چەكەرە بكەن و دواتر بە كوردستان بڵاودەبنەوە، شیعر لەو زۆنە نوێدەبیتەوە، ڕۆمان لەو زۆنە گەشە دەكات، شانۆ لەو زۆنە فۆرمی جیاواز دەدۆزێتەوە، هزر لەو زۆنە فرەڕەنگی دەكاتە پڕەنسیب، ئازادی رۆژنامەوانی و ڕادەربڕین و فرەحیزبی و ڕەتكردنەوەی تاكگەرایی بەشێكی زۆری لەو زۆنەوە ژینگەیان سەوز دەبێت، هەڵەبجەش وەك بەشێكی جیاوازو زیندووی ئەم زۆنە لەوە بەدەر نییە، بۆیە بوونی گروپێكی شانۆیی گەنج لە هەڵەبجە كە هەوڵدەدەن بە هەمووانی نیشان بدەن كە هەڵەبجە ئەو شارە نییە كە بە چاوی بەزەییەوە وەك قوربانی سەیری بكەن، هەڵەبجە ئەو شارەیە كە بەداهێنان و جیاوازبوون و شێوازی تایبەت ناچارتان دەكات ڕێزی لێبگرن، دان بە جیاوازبوون و ئەفراندنی گەنجەكانیان بنێن، ڕێگەی دوور ببڕن بۆ ئەوەی نمایشەكانیان ببینن، چیتر هەڵەبجە شاری قوربانیان نییە، ئێستا هەڵەبجە شاری داهێنەرانە، ئەو داهێنەرانەی كە ڕەچەلەَكیان دەچێتەوە سەر داهێنەرەكانی دوێنێی ئەم دەڤەرە.
من پێموایە بەشێكی گەورەی جیاوازبوونی ئەم گرووپەی هەڵەبجە بۆ ئەو ژینگەیە دەگەڕێتەوە كە وایكرد بەرەنگاربوونەوە لەنێو ناخی ئەم گەنجانە دروست بكات، لە ماوەیەكی كورتتدا شانۆیەك دروست بكەن كە هەمووان لە ئاستییدا سەرسام بن و بە بایەخەوە ناوی ببەن، ئێستا ئەگەر باسی شانۆی كوردی بكەین نەوەكو تەنها لە باشوور، بەڵكو لە سەرئاستی هەر چوار پارچە، بێ شانۆی هەڵەبجە، ناسنامەیەكی ناتەواوە، هەڵەبجە بەشێكی گرنگی شوناسی شانۆی كوردییە، تەنانەت لە خودی عێراقیش ئێستا زۆرێك لە شانۆكارانی عێراقی ئاشنان بەو تایبەتمەندی و جیاوازییانەی كە شانۆی هەڵەبجە هەڵیگرتووەو پێی سەرسامن، بۆیە ئێستا شانۆكارانی هەڵەبجە ناسنامەیەكی تریان خستۆتە سەر ناسنامەكانی تری شار، ئێستا هەڵەبجە بە هۆی ئەم كۆمەڵە گەنجە سەنتەرێكی گرنگی داهێنان و وێناكردنی فۆرمی جیاوازی شانۆیە لە كوردستان، هەڵەبجە جیاواز لە هەموو شارەكانی كوردستان لە ڕێگەی ئەم گرووپەوە هەوڵدەدن بگەن بە شێوازێكی شانۆیی تایبەت كە بڕاندی تایبەتی هەڵەبجەیەو لە هەموو شوێن و زەمەنێك دەناسرێتەوە.
هەوڵدان بۆ بونیاتنانی شێوازێكی تایبەتی شانۆیی كە فۆرمی تایبەت بە خۆی هەبێت، زیاد لە دە ساڵە لەم شارە دەستیپێكردووەو ئێستاش خەریكە بەو ئامانجە دەگەن كە دوێنێ كاریان بۆ دەكرد، ئەم پێشەكییە دەبێتە دەروازەی قسەكردنم لەسەر دواهەمین كاری شانۆیی گرووپی (ز) بۆ شانۆی هەڵەبجە كە نمایشی (سروودێك بۆ ئیكارۆس) بوو.

شێوازگەرایی چییە؟
شێوازگەرایی میتۆدێكی ئەدەبی، هونەری ، ڕەخنەییە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو لەسەر دەستی زاناو فەیلەسوفی سویسری فێردیناند دی سوسێر و خوێندكارەكەی شارلز باڵی سەریهەڵداوە، میتۆدێكە بۆ توێژینەوەو شڕۆڤەكردن و ناسینەوەی شێوازی نوسینەوەی دەقی ئەدەبی و هونەری بەكاردەبرێت، ئەم زانستە پشت بە كۆمەڵێك پێوەرو چەمك دەبەستێت بۆ دیاریكردنی شێوازی تایبەتی و تایبەتمەندییەكانی نوسەرو داهێنەری دەق.
شێوازیش ڕێگایەكی دیاریكراوی بەكارهێنانی زمانە (قسە-زمان-دەربڕین) بەشێوەیەك دەبێتە خاڵی جیاكەرەوەی نوسەرو جۆرێك لە تایبەتمەندی پێدەبەخشێت، یا دەكرێت بەوە پێناسە بكرێت كە جۆرێكە لە دەربڕین ماهیەتی بیركردنەوەو دونیابینی نوسەر نیشان دەدات، شێوازگەراییش وەك شاڕلز بالی پێناسەی دەكات، زانستی توێژینەوەی دەبڕینە، لای ڕومان جاكبسۆنیش گەڕانە بەدوای تایبەتمەندی هونەری بە بەراوورد بە بەشەكانی تری گوتاری دەق، بەو شێوەیەی كە دەبێتە فاكتەری دەرخستنی سیمای تایبەتی نوسەرێك یا هونەرمەندێك و جیای دەكاتەوە لەوانی تر.
شێوازگەرایی بە حوكمی ئەوەی میتۆدێكی ئەدەبییە و تایبەتە بە شرۆڤەكردنی زانستەكانی زمان و دەق، كۆمەڵێك پێوەرو پێودانگی هەیە كە دەكرێت لە رێگەیانەوە لە نێو دەقێكی ئەدەبی یا كارێكی هونەری شێوازی داهێنەرەكەی بناسینەوە، لەوانە (هەڵبژاردن ، لادان ، دووبارە بوونەوە).
هەڵبژاردن لەم پڕۆسەیەدا ئەو چەمكەیە كە لە ڕووی زمانەوە نوسەر وشەیەك یا ڕستەیەك لەنێو كۆمەڵێك بژاردەی تردا هەڵدەبژیرێت كە زیاتر خزمەتی مەبەستی دەربڕینەكەی دەكات، لە ڕووی هونەریشەوە ئەو زمانە دەربڕینكارەیە كە نوسەر یا دەرهێنەر هەڵیدەبژیرێت بۆ داڕشتنەوەی فۆڕمێكی شانۆیی دیاریكراو كە جۆرێك لە تایبەتمەندی پێدەبەخشێت و زیاتر دەچێتە خزمەت ئەو پرۆسە هزری و هونەری و جوانكارییەی كە دەیەوێت لە ڕێگەی فۆڕمی دروستكردنی ئەو كارە هونەرییە دروستیبكات، بە مەرجێك ئەو زمانەی كە هەڵیدەبژیرێت نامۆ نەبێت بە گوتاری گشتی كارەكەو سوودی بۆ كارەكە هەبێت.
(الانزیاح-لادان)یش بە تێگەیشتنە ئاسانەكەی، خۆپاراستنی دەرهێنەر یا نوسەرە لەو ڕێگە تەقلیدی و دووبارانەی كە هەیە بۆ داهێنانێكی شێوازێكی تازەی ناباو لە ڕێگەی بەكاربردنی كەرەستەكانی دەربڕین بەشێوەی چاوەڕواننەكراو كە تیاییدا ئاسۆی پێشبینی بینەر و وەرگر تێكدەشكێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی ڕابكێشیت و كاریگەری بەسەرەوە دروست بكات.
دووبارەبوونەوە لە پڕۆسەی شێوازگەرایی جۆرێكە لە تایبەتمەندی یا مۆرك و خەسڵەت كە نوسەر یا دەرهێنەر هەوڵدەدات كارەكانی پێ بناسرێتەوەو لەنێو كارەكانی بە فۆرمی جیاوازو داهێنەرانە دووبارە ببێتەوەو وەك جۆرێك لە ئینتیما بۆ شێوازێكی كاركردنی هونەری.
لەم ڕوانگەیەوە بە بەكاربردنی ئەم پێوەرو پێودانگانە دەكرێًت لە بواری نوسینەوەی تێكستی شانۆیی تایبەتمەندی نوسەرانی شانۆیی و شێوازی دەبڕینی نوسەرانی وەك شكسپیرو چێخەف و سترندبێری و بیكیت و كامۆو پینتەر بناسینەوەو بە ئاسانی بە شێوازی نوسین و ڕێگاكانی دەبڕینیان ئاشنا بین، لە بواری دەرهێنان و بونیاتنانی جەستەیی شانۆییەوە ئەم میتۆدە دەروازەكەیە كە زۆرێك لە ڕەخنەگران و شڕۆڤەكاران توانیویانە توێژینەوەو شرۆڤە لەسەر  تایبەتمەندییەكانی شانۆكارە مەزنەكانی وەك ئەدۆلف ئەبیا و گۆردن گریك و مایرهۆڵدو بڕێخت و پیتەر بڕوك و رۆِبەرت ویلسۆن بكەن و كارەكانیان بناسنەوەو ئەو كەرەستە و تەكنیكە داهێنەرانە دەستنیشان بكەن كە ئەو داهێنەرانە بەكاریان هێناوە  لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی.
لای خۆشمان دەكرێت ئەم میتۆدە بۆ ئاشنابون بە شێوازی كاركردنی كۆمەڵێك شانۆكاری كورد بەكار ببەین، بەهۆی بوونی جۆرێك لە تایبەتمەندی و هەوڵدان بۆ جیابوونەوەو بەكاربردنی شێوازی تایبەتی دەربڕین، كارەكانی شانۆكارانی وەك ئەحمەد سالار لە شانۆی ئاهەنگسازی و شەمال عومەرو هاوڕێكانی لە شانۆی ئەزموونگەری و نیهاد جامی و مەهدی حەسەن و سدیق حوسێن و هۆرێن غەریب و هیوا فایەق و تیپی شانۆی شۆڕەشڤان لە دهۆك و تیپی شانۆی ئەزموونگەری لە هەولێر و گروپی شانۆی تاڤ لە سلێمانی و دواترینیش گروپی (ز بۆ شانۆ) ی هەڵەبجەی ڕاڤیار نەوزادو هاوڕێكانی.
هەرچەندە بە بڕوای من بەشێك لەو ئەزموونە شانۆییانە لەوە دەرباز نەبوون كە هەوڵی سەرەتایی بن بۆ بەدیهێنانی جۆرێك لە شێوازو تایبەتمەندی كە جیایان بكاتەوە لەوانی تر، بەشێكی ئەم پڕۆسانەش وەك پڕۆسەی تەواونەكراو مانەوەو نەتوانرا هیچ دەرەنجامێكی ئەرێنی مسۆگەر بكەن، بەڵام وەك واقیع ئەمانەو چەند شانۆكارێكی تر كە ڕەنگە من وەك پێویست كارەكانیانم نەدیبێت بۆیە لێرە ناویان نەهاتبێت، سەرەتای هەوڵێك بوون بۆ داتاشینی جۆرێك لە شێوازگەرایی لە كاری شانۆیی و ڕەنگە بەشێكیان ئامانجیان پێكابێت و بەشێكیشیان لە سنووری هەوڵدان تێنەپەڕیووە، باشترین و كامڵترین ئەزموونیش كە تا ئێستا بەردەوامی هەبێت و لەبەر دەستا بێت، ئەزمونی گروپی (ز بۆ شانۆ) ی هەڵەبجەیە، كە من پێموایە لە دوای كۆمەڵێك ئەزموونی تایبەت هەر لە خوێنی پرتەقاڵەوە تا خۆشەویستی لە دابق و لەدایكبوونی زیندان و ماسی كوێرو شینە لە شیندام و دواهەمین هەوڵیشیاندا (سرودێك بۆ ئیكارۆس)  توانیان ڕووبەڕووی جۆرێك لە تایبەتمەندی و شێوازگەرایی بە سیماو گوتاری كارەكەیان ببەخشن و ئەم نوسینەش هەوڵێكە بۆ وەستان لەسەر ئەم شێوازگەراییە لە نمایشەكانی ئەم گروپە شانۆییە جیاوازو تایبەتە.
تێبینی/ لە كوردستان كۆمەڵێك شانۆكاری زۆر هەن كە بەشێوازی ئەكادیمی و داهێنەرانە كار دەكەن و بەرهەمی ناوازەیان پێشكەش كردووە، بەڵام بە بڕوای من ئەو ناوانەی سەرەوە هەوڵیان هەبووە كە جۆرێك لە تایبەتمەندی جیاكەرەوە لە كارەكانیان هەبێت و هەوڵیان بۆ ئەوە دابێت، مەرجیش نییە ئەو كارانەی كە تایبەتمەندییان هەیەو هەوڵدەدەن شێوازێكیان هەبێ كاری داهێنەرانەو گرنگ بن، چونكە شێوازو تایبەتمەندی خۆی لە خۆییدا پێوەر نییە بۆ داهێنان و كاری گرنگ، بەڵكو مەرجی بەكاربردنی هەر شێوازێكی كاركردن ئەوەیە كە ئەم شێوازە خزمەتی گوتارە شانۆییەكە بكات لە بوارە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانی نمایش، بوونی شێوازیش هەموو كات بەو مانایە نییە كە كەسەكە خۆی دەبێتە داهێنەری ئەو شێوازە، بەڵكو هەندێجار دەچێتە بواری كاریگەربوون و باوەڕبوون بە جۆرێك لە فۆرمی شانۆیی كە نوسەرو دەرهێنەر هەوڵدەدەن هەمیشە دووبارەی بكەنەوە.
لە كۆتاییشدا دەزانم كردنەوەی ئەم دەروازەیە لە بواری كاری ڕەخنەیی لە كۆمەڵگایەكی دواكەوتووی تاكدەنگ و ڕەنگی وەك ئەوەی خۆمان چەند سەختەو ڕەنگە ڕووبەڕووی كاردانەوەی ئەرێنی و نەرێنی جیاواز ببمەوە، بەڵام من لە سۆنگەی باوەڕبوونم بەوەی كە ئەوە بەشێكە لە كاری ڕەخنەگر ئەم هەنگاوەم هەڵهێناوەو لەسەری بەردەوام دەبم و بەو هیوایەی ناوەندەكانی توێژینەوەی ئەكادیمی زیاتر بایەخ بەو بابەتە بدەن و ئەم نوسینەی من ببێتە جۆرێك لە هاندان و دەسپێك.

 

 

سەرچاوە: galawej