سرودی کۆیلەیی...
پشکۆ ڕەحیم
ئێمەین کۆیلەی حیزب و پارتین
داشی دامە و پول و کارتین
ڕۆشنبیر و زمان لوسین
شیعرچی و ڕۆژنامەنوسین
ژەنیارو گۆرانی بێژین
تیمساحێکی فرمێسک ڕێژین
لەئاست ڕاستی کوێر و کەڕین
ئاخوڕ گەرم و ئالیک تەڕین
ورگ تێر و گیرفان پڕین
ماین و تانجی و تاپڕین
گوێ ڕایەڵین،وەک ڕۆبۆتین
دوژمنی ڕەخنەو بایکۆتین
پشتگیری زوڵم وناهەقین
دۆستی بەند و دار و شەقین
گوێ بڕاو و کلک قیتین
دۆستی ئیتڵاعات و میتین
بەدەنگی (نا) توڕەو پەستین
شارەزای ماستاوی خەستین
دەست لەسەر سنگ لەسەر چۆکین
ملکەچ و بەندەی سەرۆکین
قەڵەممان بۆ جەنابیانە
سوێندمان بەقەبری بابیانە
بڵێت قیریش وەکو ماستە
بەگەردنمان ، دەڵێین ڕاستە
دابەستەی ناو ئاخوڕیانین
نۆکەری کوڕاوکوڕیانین
ئیشمان لەبەریان هەستانە
مووچەی ئێمە بێ وەستانە
ئێمەین کۆیلەی حیزب و پارتین
داشی دامەو پول و کارتین.
سەرچاوە : فەیسبوکی پشکۆ ڕەحیم