حەمید بەدرخان
رۆژی پێنج شەممە ، 30/03/2023 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا ، سەردانی بەڕێز بەکر فەتاح ، باڵوێزی عێراق لە نەمسامکرد ، لەلایەن بەڕێزیان و ستافی باڵوێزخانە بە گەرمی پێشوازیکراین ، خۆشی پێشوازییەکی برایانە و دۆستانەی کرد ، چەندین تەوەرە تایبەت بە رەوەندی عیراقی و کوردی و نەتەوەکانی دیکە باسکرا ...تیشکیش خرایە سەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی پاش ئافاتی کۆڕۆنا ( کۆڤید 19 ) و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و دنیای سوسیال میدیا .
لەتەوەرەیەکی دیکە قسەکرا ، دەربارەی بۆچی تاکو ئێستا رۆژانە یاداشت یا بیرەوەرییەکانی خۆی نەنوسیوەتەوە کە بەڕێزیان هەندێکجار لە دیواری فەیسبووکەکەی خۆی چەندین سەرەقەڵەم بڵاودەکاتەوە دەربارەی ژیانی تایبەتیی خۆی و ژیانی پێشمەرگایەتیی ، کە هەردووکمان تێبینیی ئەوەمانکرد ، کە هاوڕێیانی سەردەمی شاخ و خەڵکانێکی زۆر دەیخوێننەوە و بەڵکو هەندێکجار جاریش تێبینی و کۆمێنتیش دەنووسن .
باڵوێز کاک بەکر خاوەنی هەڵوێست و داکۆکیکاربووە لە مافی هەقخوراوی گەلان و گەلی کورد کە بۆ چەندین ساڵبوو لە خەباتی پێشمەرگایەتی و دبلۆماسیەت بێوچان تێکۆشاوە . بەڕێزیان بیرۆکەکەیان لا پەسەندبوو و گفتی ئەوەیدا کاربۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیی بکات .
سەبارەت بە سازدانی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی بەدرخان ( 2004-2019) کە لە وڵاتە جیاجیاکان ئەنجامدراوەو ئامانجیشمان دروستکردنی پردی روناکبیریی نێوان گەلان و گەلی کوردە بەتایبەتی .
لە هەمانکاتیشدا قسەمانکرد کە بڕیارە ساڵی 2023لە وڵاتی فینلەندا شانزدەمین فێستیڤاڵی بەدرخان ئەنجامبدرێت .
منیش وەکو پێشنیارێک بەباشمزانی بۆ ساڵی 2024 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان سازبدرێت ،بەڕێزیان رەزامەندی نیشاندا کە هەموو هاوکارییەکمان بکات بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵی بەدرخان بۆ ساڵی ئایندە ، چونکە ساڵی 2025بڕیارە لە بڕۆکسڵی پایتەختیی بەلجیکا هەژدەیەمین فێستیڤاڵی بەدرخان سازبدرێت .
دیارە هەگبەی من لە سەردانەکانمدا هەمیشە پڕاوپڕە لە دیاری بە تایبەتیی کتێب و بڵاوکراوە ( کوردی ، عەرەبی و ئەڵمانی ) هەربۆیە چەندین کتێب پێشکەش بە باڵوێز بەڕێز بەکر فەتاح کرا ... چونکە ناوبراو کەسێکی ئاسایی و خاکی بە حسابی پێشمەرگایەتیی و دبلۆماسیی سەردەمی شاخ لە خزمەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای عیراقی و کوردیی دەکات .
شایانی گوتنێیە پاش قسەکردن لەسەر زۆر شتی دیکە جەنابی باڵوێز میوانداریی نان خواردنی کردین .
سەردانیکردنی ستافی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و کەلتور بۆ لای رەوەندی کوردان کە خۆی دەبینییەوە لە سازدانی سیمینار و دیدار لەگەڵ رەوەندی کوردیی و روناکبیرانییدا ، هەموو ئەو کەسانەش رۆژێک لە رۆژان ماندووبوون بە مەبەستیی کارکردن بۆ تێکەڵاوبوونی کەلتوورە جیاوازەکان لە ناو نەتەوە و میللەتە جیاوازەکاندا .
هەمیشە ئەکادیمیای بەدرخان بەمەبەستی زیاتر قسەکردن لەمەڕ کەلتوور و ژیاندۆستیی و ژیانخۆشیی و گیانی لێبووردەیی و بەیەکەوە ژیانی گەلان لەهەمپەر ئەو گۆڕانکاریانەی دوای کۆڤید نۆزەدە ( کۆڕۆنا )روویانداوە ، وەکو ئافاتێکی نەخواستراو دژ بە مرۆڤایەتیی کە سەرتاسەری دنیای گرتەوە، بۆیە قسە و باسەکان سەبارەت بەو بابەتانە دەبێت .