سافۆ، یەکەم ژنە شاعیر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

سارا محەمەد عەلی 

لە رەوتی مێژووی مرۆڤایەتیدا کۆمەڵە کەسانێک هەن، هەرچەندە مرۆڤایەتی وەچەرخانی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ناتوانێت لە بیریان بکات و لە گرنگی و کاریگەرییان کەم بکاتەوە، بێگومان  یەکێک لەو نموونە زیندوانە سافۆ-ی خانمە شاعیرە کە جیهانی ئەدەب و شیعر ژنێکی لەوجۆرەی بەخۆیەوە نەبینیووە.
ئەگەرچی سەردەمی دەرکەوتنەکەی سافۆ سەردەمێکی دژوار و زەحمەت بووە، تەنانەت بۆ پیاوانیش، بەهۆی بارودۆخی ئایینی و سیاسی، بەڵام سافۆ بوو بە درەوشاوەترین ژن لە مێژووی ئەدەبیدا کە پێش حەزرەتی مەسیح ژیاوە. 
شیعرەکانی سافۆ بوونەتە مایەی سەرنج و بایەخپێدان لەلایەن فەیلەسوف و شاعیران و پیاوە سیاسییەکانی  سەردەمی خۆی و دوای خۆشی، تەنانەت کەسانێک هەبوون کە چەندین سەدە دوای خۆشی لە نووسینەکانی ترساون، بەتایبەتی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە بە سەدەی تاریکستان ناسراوە، چونکە پیاوانی ئایینی کۆنترۆڵی دەسەڵات و ژیانی خەڵکیان کردبو و دەستیان کردبوو بە چەواشەکاری، لەبەرئەوە زۆرترین بەرهەمەکانی بەهۆی ئەوەی کە کاریگەریی لەسەر فیکر و بیری خەڵک هەبوو، لەناوچوون.
هەرچەندە دواتر رێنیسانس بەرپاکرا، بەڵام بەشێک لە بەرهەمەکانی سافۆ تیاچوون.
 یەکەمین خانمە شاعیر 
سافۆ - Sappho لە نێوان ساڵانی 610 – 560 ی پێش زایین ژیاوە، ئەو لە خێزانێکی ئەرستۆکراتیی دوورگەی(لیزبۆس)ی یۆنانی لەدایکبووە. 
لە چەند سەرچاوەیەکەوە وا باس دەکرێت کە سافۆ سێ برای هەبووە  بە ناوه‌کانی (کاراکسووس، لاریکووس و ئۆریگیووس) هه‌بووه‌. به‌ پێی زانیاریی مێژوونووسان دووریکای ژنه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی شه‌راب فرۆش برا گه‌وره‌ی سافۆ واته‌ کاراکسووس- ی له‌ میسرییه‌کان کڕییه‌وه‌.
سافۆ له‌ شیعره‌کانیدا به‌ هۆی هه‌بوونی پەیوه‌ندی له‌نێوان کاراکسووس و دوریکا که هێڕۆدۆت ناوی ئه‌وی به‌ (رۆدوپیس) تۆمارکردووه‌، ره‌خنه‌ له‌ برا  گه‌وره‌کەی ده‌گرێت. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ چاخی که‌وناراش -دا به‌ زۆری باسی له‌سه‌ر کراوه‌.
ژنە شەراب فرۆشەکە و  کاکی سافۆ
(ئیسترابۆ) نووسیوێتی که‌ له‌ چاخی یەکەمی به‌ر له‌ زاییندا گێڕانەوەیەک بووه‌ که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات‌ گوایە یه‌کێک له‌ هەڕەمەکانی  میسر «دوریکا» بینای کردووه‌ و له‌ برای دووه‌می سافۆ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ زانیاری له‌به‌رده‌ستدایه‌ که‌ شەرابی به‌ حکومه‌تی (میتی لین) فرۆشتووه‌ و ئه‌و ئه‌رکه‌ش به‌ رای (ئاتێنئۆس) ته‌نیا تایبەت بووە  بە کوڕانی لاوی بنه‌ماڵه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌کان.
له‌وه‌وە بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ سافۆ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌ شان و شه‌وکه‌تی دوورگه‌ی لیزبووس-دا هەڵكه‌وتووه‌ که‌ خاوه‌ن زه‌ویوزارێکی زۆربوون له‌ شاری (میتی لین) و دەوروبەری و هیچ هه‌واڵێکیش سه‌باره‌ت به‌ برای سێیه‌می سافۆ له‌به‌رده‌ستی مێژوونووساندا نییه‌.
باوک و مێردەکەی سافۆ
هێرۆدۆت ده‌ڵێت: ناوی باوکی سافۆ ئیسکاماندرۆ نیمۆس-ه‌ و ناوی دایکیشی به‌  کله‌ ئیس تۆمارکراوه. 
هەروەها سافۆ شوویکردووە بە کیه‌رکۆلاس کە پیاوێکی دەوڵەمەندی بازرگان کە خه‌ڵکی دوورگه‌ی (ئانۆرۆس) بووە.
کچێکی لێی هەبووە بە ناوی کلێ ئیس، ئەگەرچی هەندێ پێشبینی لە بارەی ناوی کچەکەیەوە هەیە، ئەماژەیان بەوە کردووە کە کلێس ناوی کچەکەی نییە بەڵکو ناوی خۆشەویستەکەی سافۆ خۆی بووە. 
ئەو خانمە شاعیرە زۆربەی ژیانی لە شاری میتیلین لە لیزبۆس بەسەربردووە، ماکسیمۆس تیروسی به‌: سافۆ- ی جوان ناوی هێناوە، چونکه‌ سوکرات له‌به‌ر جوانی شیعره‌کانی و که‌سایه‌تی خۆی، له‌کاتێکدا ئه‌و کورته‌ باڵا و ئه‌سمه‌ر بووە و نووسه‌رێکی تری که‌ونارا ده‌ڵێت: سافۆ لەڕووی جەستەوە  بووه و ناتەواو بووە و به‌‌ بولبولی باڵکراو و مرۆڤی بسته‌ باڵای چواندووە.
و.ی.ب- دوبوا رۆشنبیری ئەفرۆ-ئەمریکایی به‌پێی نووسراو‌ی ئۆیدیۆس ده‌ڵێت: سافۆ رەشپیست بووه‌، ئه‌و  سافۆ له‌گه‌ڵ ئاندروم- ی کچی پاشای (ئیتیۆپی)دا بەراورد دەکات و دەڵێت هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه‌ که‌ خه‌ڵکی ئائۆرلی دوڕڕه‌ بوون و له‌گه‌ڵ پێوه‌ری ئاتێنییه‌کان؛ واته‌ باڵای به‌رز و قژی کاڵ نه‌ده‌گونجان، به‌ڵام رەشپیستبوونی سافۆ راسته‌قینه نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ سافۆ ورد و کورته‌ باڵا بووه‌، ده‌کرێت بڵێین له‌ شیعرێکیدا خۆی  ئاماژەی بەوە داوە کە (ده‌سته‌کانی ناگاته‌ ئاسمان، چونکه‌ ئه‌و یەکجار وردیله‌یه‌)، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و باسی جه‌سته‌ی خۆی ده‌کات یان لەبەرامبەر  کاکێشانی گه‌وره‌ی جیهان خۆی به‌ بچووک ده‌زانی؟

دووجار ئاوارەکردن
روخساری سافۆ له‌سه‌ر (پارەکان) به‌ ئافرۆدیت-ی خوداوەندی جوانی نه‌خشێندراوه‌ و جوانیی ده‌روونی سافۆ-ش هه‌م له‌ وته‌ی هاو سەردەمەکانی ده‌رده‌که‌وێت و هه‌م له‌ شیعرەکانیدا خۆی دا.
ئەگەرچی لەو سەردەمەدا کە سافۆ- ی تێدا ژیاوە، سەخت بووە بۆ ژنێک دەست بۆ شیعرو نووسین ببات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سافۆ توانیوێتی ئەوە بکات و پێگەی خۆی لەناو رەوتی ئەدەبیی مێژوودا بچەسپێنێت. 
ئەو لە تەمەنی هەرزەکاریدا توانایەکی هونەریی بەرزی هەبووە،  هەموو شیعرەکانی سافۆ لە چوارچێوەی خۆشەویستی و جوانی و سروشتدا بوون، هەربۆیە ئەمەش وایکردووە لە ژیانی گشتی خەڵکدا رەنگبداتەوە و کاریگەریی لەسەریان هەبێت لەڕووی سیاسییەوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی دووجار لە شاری  لیزبۆس ئاوارە بکرێت، کە بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی 19 ساڵیدا بوو، جاری دووەمیش لە 21 ساڵیدا. 
ئەم پەرچە کردارەی کاربەدەستان بەهۆی ئەوەوە بوو کە ترساون کاریگەریی نەرێنی بکاتە سەر رای گشتی  خەڵک و هانیان بدات بۆ یاخیبوون لە دەسەڵات و سەرکەشی و ئازایەتی لە خستنەڕووی بیڕوڕاکانیاندا بکەن و پەرچەکرداریان هەبێت.
جگە لە نووسینی شیعر،  هونەرمەندیش بووە
سافۆ هونەرمەندێکی لێهاتوو بووە، پێیوابووە کە ناتوانرێت هەست و سۆزی زیندانی بکرێت.
ئەم خانمە شاعیرە دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە ژیانی دەربەدەری گەڕاوەتەوە شارەکەی خۆی. هەربۆیە بووە بە یەکێک لەو شاعیرانەی کە بەھۆی جوانی لە نووسینەکانیدا لە ھەموو سەردەمەکانی یۆناندا ناسراوبووە و ناوی کەوتۆتە سەر زاری هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەک کە کەسێک نەبووە بتوانی نکوڵی لێبکات، تەنانەت لای فەیلەسوفەکانی سەردەمی خۆی و دوای  خۆشی جێگایەکی تایبەتی هەبووە.
 ئەو ناوبانگەی لە جیهانی ئەدەب و شیعریشدا هەبووە، هەر لەبەرئەوەی شیعرەکانی بە مانا و تایبەت بوون. 
کێ ویستی شیعرەکانی لەبەر بکات؟
کاریگەریی لەسەر پیاوانی رۆشنبیریش هەبووە، بۆیە بە چاوی رێز و نەوازشەوە تەماشایان کردووە . 
یەکێک لەو پیاوە رۆشنبیرانە سۆلۆن بووە کە لەو کاتە فەرمانڕەوای ئەسینا بووە.  کە بە کەسێکی ژیر و بیر فراوان ناسراوە، سەبارەت بە سافۆ دەڵێت: «دەمەوێت شیعرەکانی سافۆ لەبەربکەم و پاشان بمرم»، ئەوەش واتای ئەوەیە شیعرەکانی سافۆ زۆر کاریان تێکردووە.
سوکراتیش وەک گەورە فەیلەسوفێک سافۆ بە ناوێکی جوان دەناسێنێت و ئەفلاتوونیش کە خوێندکاری سوکراتە لە بارەی سافۆوە دەڵێت: خودای شیعری یۆنانییە و سافۆی مرۆڤی ئاسایی بۆ ئاستی ئەفسانەکان بەرزکردۆتەوە. 
لەپاڵ جیهانی شیعریدا و دەنگە ناسک و سەرنجڕاکێشەکەی و لێهاتوویی لە ئاواز و میوزیکدا وایکردبوو کە هەرخۆی ئەو کارەش بۆ شیعرەکانی بگرێتە ئەستۆ.
سافۆ لە ژیانی پیشەییدا
سافۆ مامۆستای قوتابخانە بووە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ خوێندکارەکانیدا هەبووە، ئەمەش لە سەردەمی خۆیدا بۆتە هۆی دروستکردنی چەندین تۆمەت و پڕوپاگەندە گوایە هاوڕەگەزخوازە بەتایبەتی باس لەوە دەرکرێت کە شیعری بۆ خوێندکارێکی خۆی نووسیووە کە شووی کردووە، ناوەڕۆکەی لێکدانەوەیەکی خراپی بۆ کراوە، ئەگەرچی هەندێک ئاماژەیان بەوە داوە ئەم نووسینەی تەنها بۆ ئەوە بووە کە خوێندکارەکانی زۆر خۆشویستووە و لەگەڵیاندا بەوەفا و دڵسۆز بووە.
سافۆ-ی شاعیر زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵیداوە فێری وانە و گۆرانی و میوزیک و سەمایان بکات، بەڵام خۆ ئەگەر ئەو قوتابخانەیە خراپ بوایە، خێزانەکان کچەکانیان نەدەنارد بۆ ئەوێ چونکە ئەو کچانەی لەوێ خوێندنیان تەواو دەکرد، هەموویان شوویان دەکرد ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ناوبانگی قوتابخانەکە خراپ نەبووە. 
پاشماوەی شیعرەکانی 
سافۆ بە نزیکەیی 10 هەزار دێڕ شیعری نووسیبووە، بەڵام ئێستا تەنها 650 دێڕ لە نووسینەکانی  سافۆ لەبەردەستی ئەدیبان و لێکۆڵەراندایە. ئەوەش بە نووسین لە خۆیەوە نە ماوەتەوە، بەڵکو ئەوەی ئێستا هەیە، تەنها لە رێگای خەڵکانی تر و لە نووسینەکانیانەوە گێڕاویانەتەوە. لەناوبردنی بەرهەمە شیعرەکانی سافۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە ساڵی 1073 کە بەڵگە هەیە لەلایەن کەنیسەی کریستیانەکانەوە، پاپا گریگۆری حەوتەم فەرمانی لەناوبردنی سەرجەم بەرهەمەکانی سافۆی داوە، ئەوەش بۆ سەرکوتکردنی خەڵک. 
سافۆ و نووسراوه‌کانی بێجگه‌ له‌ دوژمنانی سه‌ره‌کیی ئایینی، قوربانیی داڕمانی کۆشکی زانستیشن له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا. 
مردنێکی گوماناوی
به‌ پێی روونکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ‌مێژووییه‌کان، هیچ کتێبێکی ته‌واو له‌ نووسراوه‌کانی ناوبراو له‌به‌رده‌ستدا نییه‌. ئه‌و به‌شه‌ له ‌نووسراوه‌کانی»سافۆ» که‌ تائێستا دۆزراونه‌ته‌وه‌، بریتین له‌ هه‌ندێک کۆپله‌ شیعر و وشه‌ و دێڕی به‌ واتا و دڵبزوێن که‌ له‌لایه‌ن نووسه‌رانی یۆنانی و رۆمه‌وه‌ کۆکراونه‌ته‌وه‌. به‌شێکی زۆر له‌ نووسراوه‌کانی که‌ له‌سه‌ر پاپیرۆس نووسراون دۆزراونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش هەندێکیان به‌هۆی کارلێکردنی که‌شوهه‌وای شوێنی هەڵگرتنیانەوە له‌ناوچوون.
هەروەها نووسینی لاتینی سافۆ زۆر تایبەت و ناوازە بووە، بەجۆرێک نووسیوێتی بۆ نووسەرانی لاتینی ئەو سەردەمە و دوای خۆشی زەحمەت بووە، زۆربەیان بە ئەستەم دەیانتوانی بە سادەیی وەریبگێڕن، چونکە شێوەزاری ئەویان نەدەزانی.
ئەگەرچی کات و سات و شێوازی مردنی سافۆ تائێستاش گوماناوییە لەلایەن مێژوونوسان و نووسەرانەوە، چونکە هەندێکیان دەڵێن بەهۆی قەیرانی سۆزدارییە خۆی کوشتووە و هەندێکیشیان دەڵێن سافۆ لە بەردی لیوکادییەوە خۆی هەڵداوە بۆ ناو دەریا و مردووە، بەهۆی خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی بۆ پیاوێکی گەنجی دەریاوان بە ناوی  (فاوۆن). 
سەرچاوەکان:
1 _ 
content://com.android.providers.downloads.documents/document/4569
2_ Content://com.android.providers.downloads.documents/document/4567 
3_ Content://com.android.providers.downloads.documents/document/4566

 

 

سەرچاوە: knwe