فەرەیدون سامان
*سەرنووسەری
گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)
هەبوونی ئەو هەموو کەناڵە میدیاییانەی کە لەهەرێمی کوردستانداو لەدەرەوەشدا، بەکەناڵی کوردییەکان و (بەکەمینە نەتەوەکانی وەک تورکمان و ئاشووری) و هەروەها بەکەناڵە ئایینەکانی وەک (کەناڵە ئیسلامی و کریستانی و ئیزیدییەکان...) تەنانەت لەوڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاشداو هەبوونی چەندان سەنتەرو رێکخراوی زمانناسی و رۆژنامەوانی و چاپەمەنی، بەدەزگا فەرمییەکانی وەزارەتگەلی پەروەردەو فێرکردن و خوێندنی باڵاو رۆشنبیری و لاوان، وێڕای بەڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی لەدەستووری عێراقداو لەکوردستانیش وەک زمانی فەرمی یەکەم، بەڵام هێشتا زمانی کوردی نەبووە زمانی پێوەرو هاوبەشی هەموو پێکهاتە ئیتنیکییەکانی وەک (سۆرانی و بادینی، زازاکی و کورمانجی، هەورامی و لەک و لوڕو کەلهور)، هەروەها نەبووەتە زمانی ئەدەبی یەکگرتووی هەموو ناوچەو بەشە جیاوازەکانی کوردستان.
ئایا کێشەکە هەر لەوەدایە کەکوردستان وەک خاک و نیشتمان داگیرکراوەو زمانەکەشی بەدەستوورو یاسا لەبوارەکانی پەروەردەو فێرکردن و فەرمانگا حکومییەکانی ئەو وڵاتانە، کەوەک خێرو سەدەقە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، قەدەغەکراوە، یان هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەر بۆ بەدبەختییەکەی کورد خۆی بووەو نەیتوانیوە وەک گەلانی ژێردەست بایەخ بەزمانی ستانداردی خۆی بدات و میراتێکی فەرهەنگی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێبهێڵێت.
بەنموونە لەسییەکانی سەدەی رابردوو میر جەلادەت بەدرخان بەکاریگەری ئەلفابیتای ئەتاتورک و بەفیتی فەڕەنسییەکان کەئەوسا سووریاو لوبنان لەژێر دەسەڵاتی ئینتدابی کۆڵۆنییان بوو، بۆ یەکەمجار لەمێژووی هاوچەرخدا رێنووسی زمانی کوردییان دوولەت کرد بۆ کورمانجی لاتینی و تیپی ئارامی- عەرەبی، لەئەنجامدا دیوارێکی پۆڵاینییان لەنێوان کوردانی باکوور-رۆژاوا- قەفقاس لەگەڵ کوردانی باشوور- رۆژهەڵات دروستکرد.
ئەم دیوارە نەفرینە بووەهۆی ئەوەی پتر لەسەدەیەکە کوردانی ئەو هەرێمانە نەتوانن بەرهەمی هزریی و ئەدەبیاتی یەکتر بخوێننەوە بەڕادەیەک زمانی کوردییان وەها لەیەکتر دوورخستەوە، کەتەنانەت هاووڵاتیانی کوردی ناوچەکانی خۆشیان نەتوانن شاکارەکانی مەلای جزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی...هتد بخوێننەوە، ئەنجامێکی نەگەتیڤی تریش کەمخابن ئێستا نەک هەر رۆژهەڵاتناس و کوردناسە بیانییەکان، تەنانەت بەشێک لەزمانناسە ئەکادیمییە کوردەکانیش زاراوەی (زمانە کوردییەکان) نەک (زمانی کوردی) بەکاربهێنن.
خوێنەرانی هێژا دەتوانن بۆ نووسینەکانی ئەمیری حەسەن پوورو جەعفەر شیخولئیسلامی و شاسوار هەرشەمی و جەلیل عەباسی بگەڕێنەوە. کەباشترین بەڵگەن بۆ قسەکانم.
لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی مازەندەران و خوراسان و ئەو رۆشنبیرە کوردانەی وەک خاتوو موژگان کاوسی و زارا محەمەدی کەهەوڵی نووسین بەزمانی کوردی دەدەن دەخرێنە زیندانەوە، کەچی بەشێک باکەمیش بێت لەهەورامی و لەک و لوڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەئاشکرا و جیاواز لەزمانی کوردی، بانگەشەی سەربەخۆیی زارو بنزارەکانیان دەکەن و هەڵبەت بەپاڵپشتی و مۆری ئەنجوومەنی میراسی فەرهەنگی ئیران وەکو (زبان گۆران) خۆیان دەناسێنن، هەر لەو ساڵانەی رابردووشدا بەدەیان کەناڵی ویبسایت و تەلەگرامیان بۆ خۆیان رێکخستووەو بەئاشکرا دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی دەکەن و لەلایەن زانستگاکانی ئێرانیەشەوە چەندان بڕوانامەی باڵای ماستەرو دکتۆرایان پێبەخشراوە.
لەدەیەکانی سەدەی رابردووش بەشێک لەزازاکییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لەهەندەران دەژین لەژێر باندۆری تیئۆرە سەقەتەکەی مەکەنزی و مینۆرسکی هەمان بانگەشەیان بۆ سەربەخۆیی زاری زازاکی هەبووە، لەکاتێکدا زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی باکووری کوردستان وەک شیخ سەعیدی پیران و سەید رەزا و تەنانەت سەڵاحەددین دەمیرتاشیش لەکوردانی زازاکین.
راستە لەهەرێمی کوردستاندا سەرباری بەفەرمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لەبوارەکانی پەروەردەو فێرکردندا، ئەگەرچی چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لەپەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانی تری کوردستان بەرهەم بهێنێت، کەچی دەرکەوت دامەزراوە ئەکادیمی و زمانناسی و کولتوورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، ئێستا لەبواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بەدوو بنزاری کوردی باکوورو ناوەڕاست دەخوێنرێت، هەڵبەتە لەدەڤەری بادینان (بەتیپی عەرەبی بنزاری بادینی دەخوێنن)، چەند ساڵێکیشە هەوڵی بەردەوام هەیە کە بەبنزاری هەورامی- زاری گۆران لەدەڤەری هەورامان ئەو بنزارە بخرێتە بواری پەروەردەو فێرکردنەوە. وەک چۆن لەکاتی خۆیدا بەبڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، بنزاری بادینی- زاری کورمانجی خرایە دەلیڤی پەروەردەو فێرکردنەوە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە تاقۆناغی خوێندنی باڵا پەرەی پێدرا.
دیارە وێڕای هەبوونی ئەو هەموو هەڵەو شێواندنی رێزمانییە لەچاپەمەنی و کەناڵە میدیاییەکان و تەنانەت لەتابلۆ دیارو گەورەکانی ناو شارەکاندا دەبینرێن، کەنیشاندەری ئەو پەروەردە بێپلانەیە کەهێشتا بەشێکی خەڵک تەنانەت رۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش نازانن بەکوردییەکی جوان و پەتی بنووسن، لەوەش گرنگتر هەر بەلایانەوە گرنگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن، واتە پەرۆشی زمانی کوردی لەئاستێکی زۆر خوارو نزمدایە.
لەهەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خویندنگا تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کەسەرجەم وانەکانیان بە(زمانی ئینگلیزی) دەخوێنرێن، لەپاڵ ئەوەشدا زمانی کوردی تێدا پەراوێزخراوەو هەژموونی زمانی ئینگلیزی بەسەردا زاڵ بووە، هەڵبەت لەداهاتوودا نەوەیەک پەروەردە دەکرێت نامۆ بەزمانی دایکی خۆی و کولتوورەکەی دەبێت.
ئەمڕۆ زمانی کوردی لەبەردەم دوو رەوشی گەورەی جیهانگیریدایە، یەکەمیان ئەوەی کەئەم زمانە لەڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ جیهان و مەعریفەو زانستی نوێ و هەوڵی خۆی دەدات کەببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن.
دووەمیان ئەوەی کەئەم زمانە سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی داخراویی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەو رووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لەفامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کەدرێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیەو لەمپەرن لەبەردەم توانستی گەشەی زمانی کوردیدا، لەهەردوو رەوشەکەش جیاواز لەهەموو ئەو کێشانەی کەڕووبەڕووی زمانی کوردین. هەر بۆ میناک و بەس لەکەناڵە میدیاییەکانی وەک (رووداوو کوردسات و ستێرک. تی. ڤی) بێژەر، ئامادەکار یان میوانێکی بەرنامە کە بەزمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسە دەکات بەو مانایە نییە کەزمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سروشتیترین و سادەترین و لەهەمان کاتیشدا «بنەڕەتیترین» حاڵەتی فێربوونی زمانە، بەڵام ناتەواوو نیوەچڵە، ئەوە ئەرکی دەزگا ئەکادیمییەکان و زمانناسان و رووناکبیرانی نەتەوەییە بەجددی کار بۆ گەشەپێدانی زمانی یەکگرتووی کوردی بکەن و لەهەڕەشەکانی جینۆسایدی کولتووری بیپارێزن.
سەرچاوە : هاوڵاتی