شێوازی پرسكاری و لێكۆڵینه‌وه له ره‌خنه‌ی ژینگه‌ییدا
ئاماژه‌مان به‌وه كرد كه ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیی زیندووی نێوان ئه‌ده‌ب و ژینگه‌ی سروشتییدا ده‌كات و به‌م شێوه‌یه تێگه‌یشتنێكی قووڵتر له كارلێكی نێوان هه‌ردوو زمان و ژینگه له ئه‌ده‌بدا دابین ده‌كات. هه‌ربۆیه شیكاركردنی وێناكردنه‌كانی سروشت ته‌نیا له ئه‌ده‌ب ئامانجی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی نییه، چونكه ئه‌و جیهانی سروشت شیكار ده‌كات و لێی تێده‌گات. ئه‌م جیهانه‌ی كه له لایه‌ك ئاڵۆزه و له لایه‌كیش تایبه‌تمه‌نده. ئه‌مه‌ش وا له ره‌خنه‌گری ژینگه‌یی ده‌كات كه پشتگیریی له گۆڕانێكی كه‌لتوریی له كۆمه‌ڵگادا بكات، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی ره‌چاوكردنی جیهانبینییه‌كی واقیعیی و بایۆلۆجییه‌وه كه هانی مرۆڤ بدات بۆ ئه‌وه‌ی وێنای ئه‌و كۆمه‌ڵگا جیهانییانه بكات كه له (بوونه‌وه‌ری نامرۆیی) و ژینگه‌ی سروشتی پێكهاتوون. واتا مرۆڤ به دووربینیكی سه‌وزه‌وه بڕوانیته ژینگه، پێشم باشه ناوی لێبنێم سه‌وزبینیی، چونكه بۆ زمانی كوردیی گونجاوه و ئاسانتریشه بۆ تێگه‌یشتن، هه‌ر بۆخۆی ره‌نگی سه‌وزیش نیشانه‌ی زیندوویی و به‌رده‌وامییه، گونجاویشه له فه‌رهه‌نگه‌كاندا بخرێته پاڵ وشه‌كانی ره‌شبینیی/ گه‌شبینیی/ هتد.
ره‌خنه‌گرانی ژینگه‌یی بناغه‌یه‌كی كه‌لتوری بۆ شێوازی پرسكاریی یان لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی داده‌مه‌زرێنن، به‌و ئامانجه‌ی ئه‌م ره‌خنه‌یه نه‌بێته لقێك له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. له‌م باره‌یه‌وه گارارد بۆچوونی ریچارد كیریج (Richard Kerridge) له كتێبی (نووسینی ژینگه/Writing the Environment)دا ده‌خاته‌ڕوو كه تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی له گه‌ڕان به دوای ناوه‌ڕۆكه كه‌لتورییه‌كانی هه‌ر شیكردنه‌وه‌یه‌ك كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێكستێكی ئه‌ده‌بییدا ده‌كات له‌سه‌ر ژینگه: "ره‌خنه‌گری ژینگه‌یی به‌دوای بیرۆكه و بۆچوونی ژینگه‌ییدا ده‌گه‌ڕێت له هه‌ركوێیه‌ك بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێبینیی هه‌ر گفتوگۆیه‌كی پێشبینییكراو بكات... ره‌خنه‌گری ژینگه‌یی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و ده‌ق و بیرۆكانه ده‌كات كه په‌یوه‌ستن به به‌یه‌كبه‌ستی و شیاوییان له شێوازێك له وه‌ڵامدانه‌وه بۆ ته‌نگژه ژینگه‌ییه‌كان (گارارد، 2004: 4)
پێناچێت ره‌خنه‌گرانی ژینگه‌یی سه‌ركه‌وتووبن له پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی ژینگه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانن هۆشیارییه‌كی گه‌وره له نێوان خه‌ڵكدا دروست بكه‌ن سه‌باره‌ت به پێویستیی گۆڕانكاریی له تێڕوانینیان بۆ ژینگه، و ئه‌مه‌ش ئامانجی كۆتایی ره‌خنه‌گری ژینگه‌ییه بۆ نموونه، هه‌ركام له گه‌شه‌ی خێرای دانیشتوان و ئه‌و پیسبوونه ژینگه‌ییه‌ش كه به‌هۆیه‌وه سه‌رهه‌ڵ ده‌دات، كێشه‌یه‌كی كه‌لتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ك ته‌نیا كێشه‌یه‌كی ژینگه‌یی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌كو خه‌می سه‌ره‌كیی ره‌خنه‌گرانی ژینگه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
خه‌سڵه‌ته‌كانی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی:
-له ره‌خنه‌ی ژینگه‌ییدا سروشت ناوه‌نده، نه‌ك مرۆڤ.
-لێكۆڵینه‌وه‌یه له ئه‌ده‌ب و ژینگه‌ی ماددیی.
-ئه‌وه رێبازه‌یه كه له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییدا فۆكه‌س ده‌خاته سه‌ر زه‌وی.
-له رووی ئیكۆلۆژییه‌وه مرۆڤ ئه‌وپه‌ڕی خراپه‌كاره.
-ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی ده‌ڵێت هه‌موومان یه‌كسانین.
-ئامانجی سه‌ره‌كیی پاراستنی زه‌وییه.
بنه‌ماكانی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی
لێكۆڵینه‌وه‌ی ژینگه‌یی پشت به بنه‌مای هه‌ندێك له‌و فه‌لسه‌فه ژینگه‌ییانه ده‌به‌ستێت كه گرێگ گارارد: خستوویه‌تییه‌ڕوو:
1- سه‌ده‌ی زۆریی (Cornucopia): لایه‌نگرانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆرنه‌كه‌وپیا پێیانوایه زۆربه‌ی مه‌ترسییه ژینگه‌ییه‌كان وه‌همن یان زیاده‌ڕۆیین! كه‌واته ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و شێوازه بیركردنه‌وه هه‌ڵده‌گرن له راستیدا پارێزگارانی ژینگه نین، به‌ڵكو پیشه‌سازییخوازه‌كانی دژه ژینگه پشتگیری‌یان لێ ده‌كه‌ن.
2- خه‌می ژینگه‌یی رووكه‌ش: ژینگه‌پارێزانی رووكه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ژینگه‌یی وه‌ك گه‌رمبوونی زه‌وی و پیسبوونی زه‌وی ده‌كه‌نه‌وه و پشت به به‌رپرسیارێتی حكومه‌ت ده‌به‌ستن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه و، هه‌روه‌ها قه‌یرانی په‌یوه‌ندیدار به سه‌رچاوه‌كان. ئه‌وان له‌وانه‌یه ئاماده نه‌بن بۆ هیچ گۆڕانكارییه‌كی سه‌خت له شێوازی ژیاندا بۆ باشتركردنی بارودۆخه‌كه.
3- ئیكۆلۆژیای قووڵ: ئه‌م شێوازه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ژینگه‌یی ئیلهامبه‌خشه بۆ ڕێكخراوه‌كانی وه‌ك (یه‌كه‌مجار زه‌ویی/Earth First) و (هاوڕێیانی زه‌ویی/Friends of Earth) و (شوانی ده‌ریا/Friends of Earth)، ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی به‌جێ هێشتووه ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی بواری ئه‌كادیمییش. له روانگه‌ی گارارده‌وه؛ گاری سنایده‌ر (Gary Snider) كه‌سایه‌تیی سه‌ره‌كی ئیكۆلۆژیی قووڵه و، ئارن نایس (Arne Naes)یش رێبه‌ری رۆحیی فه‌لسه‌فیی ئه‌م ره‌وته‌یه. داكۆكیكارانی ئه‌م ئاڕاسته ژینگه‌ییه به‌هایه‌كی جه‌وهه‌ریی بۆ ئاده‌میزاد و هه‌روه‌ها بۆ بوونه‌وه‌ره نامرۆییه‌كان داده‌نێن و هه‌روه‌ها پێیان وایه بۆ فه‌راهه‌مكردنی شێوازێكی به‌رده‌وام له ژیان؛ پێویسته دانیشتووانێكی كه‌متر هه‌بێت له‌سه‌ر زه‌وی، له‌به‌ر گه‌شه‌كردنی بوونه‌وه‌ره نامرۆییه‌كان.
4- ئیكۆفیمینیزم (Ecofeminism): یان یه‌كسانیی جێنده‌ریی ژینگه‌یی: له كاتێكدا كه ژینگه‌ناسیی قووڵ جه‌خت له‌سه‌ر دوالیزمی ناوه‌ندیی مرۆیی (پیاو/ژن) ده‌كاته‌وه، دیدگای بنه‌ڕه‌تیی ره‌وتی ئیكۆفیمینزم پێی وایه ژنان توندوتۆڵانه‌تر په‌یوه‌ستن به سروشته‌وه و هه‌ندێ خه‌سڵه‌ت وئاكاریان هه‌یه له‌وانه‌ی له رووی ژینگه‌ییه‌وه ببێته هۆی چاره‌سه‌رێكی ئاوه‌زمه‌ندانه‌تر بۆ ژیانی هه‌ریه‌ك له ئاژه‌ڵ و رووه‌ك.
5- ئیكۆلۆژی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ماركسیزمی ژینگه‌یی: ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ژینگه‌ییه هه‌ر وه‌كو ڕه‌وتی پێشوو بنه‌مای ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی دابین ده‌كات. وه‌ها فه‌لسه‌فه‌یه‌ك (ئه‌و سیستمانه‌ی مرۆڤ كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و قۆرخكردنی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانی دیكه‌وه پیشان ده‌دات) به‌وپێیه‌ی وێنای هۆكاری سه‌ره‌كیی كێشه ژینگه‌ییه‌كان ده‌كات.
6- فه‌لسه‌فه‌ی ژینگه‌یی هایدگه‌ریی: بۆچوونه‌كانی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانیی مارتن هایدگه‌ر (1889-1976) سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی زۆرێك له ژینگه‌پارێزان بوو. به‌پێی باوه‌ڕه‌كانی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه، دنیای ده‌وروبه‌ری مرۆڤ ژیانی ئاژه‌ڵ و رووه‌كیش ده‌گرێته‌وه و رۆڵی مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه بوار بۆ ئه‌و بوونه‌وه‌رانه بڕه‌خسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ژیانی ئازادانه‌ی خۆیان بكه‌ن. به پێی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه مرۆڤ وه‌ك سه‌رگه‌وره‌ی ئه‌م گه‌ردوونه نابینرێت، ئه‌و جگه له ڕێبه‌رێك هیچی دیكه نییه بۆ ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی له ده‌وروبه‌ریدان. هه‌روه‌ها واتای دنیای ده‌وروبه‌رمان له رێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه و به‌تایبه‌تیی شیعر گوزارشت له دۆخی خۆی ده‌كات (گارارد، 2004: 16-32)
ئه‌ده‌بی ژینگه‌یی بووه‌ته بوارێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و خێرا گه‌شه‌سه‌ندووی مه‌عریفه له دنیای ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا، هه‌ر بۆیه ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه چونكه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ باشتر تێگه‌یشتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی ژینگه‌یی و به لێكۆڵینه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندییی نزیكی نێوان وشه و دنیای ده‌وروبه‌رمان ئاراسته‌یه‌كی نوێ له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا پێشنیاز ده‌كات. ئه‌ده‌بی كوردی له ئه‌ده‌بی گه‌لانی دیكه زیاتر شیاوه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ژینگه‌ی ئه‌وه‌ش له‌به‌ر هۆكاری زۆر، له‌وانه شوێن و هه‌ڵكه‌وته‌ی ژینگه‌یی و جیۆسیاسی، هه‌روه‌ها ئه‌و كاولكارییه ژینگه‌ییانه‌ی به‌سه‌ر دارودره‌خت و ئاو و هه‌واو شاخ و ده‌شته‌كانییدا هاتووه؛ به‌هۆی شه‌ڕ و راگواستن و كرداره نامرۆییه‌كانی دوژمنانیه‌وه.
ئه‌گه‌ر شیكاری ژینگه‌یی بۆ (گۆڕستانی چراكان)ی شێركۆ بێكه‌س بكرێت، ئه‌وسا وشه‌كانی (لم – كانیاو- بیابان- شاخ- نامۆبوون- هتد) ده‌لاله‌تی جیاواز ده‌به‌خشن، دوور له‌و ده‌لاله‌تانه‌ی شیكاری ره‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌ده‌بیی ده‌یدا به ده‌سته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و كاره ئه‌دبییانه‌ی له‌سه‌ر بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌كانی عه‌فرین و شوێنه‌كانی دیكه و، هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و كۆرۆنا وهتد هه‌یه پێویسته شیكاری ژینگه‌ییان بۆ بكرێت، كه له ده‌قه‌كانی قوبادی جه‌لیزاده‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه؛ به‌تایبه‌ت له ده‌قه كورته‌كانییدا وه‌ك هایكۆكانی، جێی ئاماژه‌پێكردنه ده‌قه شیعرییه‌كانی شاعیری لاو پێشه‌وا كاكه‌یی زۆر له‌بارن بۆ شیكاری ژینگه‌یی، ده‌شتوانین به زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی بڵێین ئه‌ده‌بی ژینگه‌یی، بۆ نموونه كتێبه‌كانی: (زه‌میننامه به تامی شیعر، زه‌ریا و به‌سته‌ڵه‌كی باشوور به تامی شیعر، گه‌ردووننامه، منم دیده‌وانیی گوڵ ده‌كه‌م، باغ غه‌زه‌لی تۆ، هتد)، ئه‌وه‌ی پێشه‌وا وه‌ك شاعیرێكی ژینگه‌یی جیاده‌كاته‌وه ته‌نها وێناكردنێكی ئاسایی ژینگه نییه، به‌ڵكو سه‌وزبینیی و پێشبینیی ئه‌وه بۆ پێشهاته ژینگه‌ییه‌كان.
تێبینیی: سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وتاره، به پله‌ی یه‌كه‌م كتێبه‌كانی نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر و ئه‌كادیمیست (Greg Garrard)ه، هه‌روه‌ها چه‌ند وتارێكی دیكه به زمانی ئینگلیزیی و عه‌ره‌بی.
پ.ی.د. ملكۆ ئه‌حمه‌د
سەرچاوە: knwe