تاکە رێگەی راستەقینە کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە چارەسەر دیالۆگە، ئەم رێگەیە دەتوانێ بەهای هاوبەش لەجێی ناکۆکی و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی تاک و حزبەکان لە گۆڕەپانەکەدا بکاتە جێگرەوە.
هەر ئەم سیاسەتەشە کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە لووتکە و پێکهاتەدا، کێشکردۆتە قووڵاییە کوردی و عیراقی و ناوچەییەکە و بێ وەستان و سڵەمینەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێ لە رێگەی دیالۆگەوە.
دید و ئایدیای سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانە و راستگۆیی و راشکاوی بەردی بناغەکەیەتی و سەرۆک مام جەلال دانەر و داڕێژەریەتی.
ئەمڕۆ زیاتر لەهەر سات و سەردەم و قۆناغێک ئەرکی کارەکتەرە سیاسییە راستەقینەکان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردی و کوردستانییەکانە لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورددا، خۆیان لە ململانێ و پێکدادانی بەرژەوەندییە حزبییەکان بپارێزن و بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و هەڵێنجانی دیدگە فراوانەکان و تێگەیشتنە هاوسەنگ و هاوبەشەکان، چونکە لە دیالۆگی راستەقینەدا هەموان براوەن، هەموان ئامادە و بەشداری گۆڕانکارییەکان دەبن.
لە هەرێمی کوردستان، بونیادنانەوەی لەهەموو روویەکەوە بووە بە بابەتێکی حەتمی و حاشا هەڵنەگر، ریفۆڕم تیایدا لەهەموو بوارەکاندا بۆتە مەسەلەیەکی چارەنووسساز، خۆلادان و یەکتر بادان، تەنها خۆکوشتنە.
لەبری ئەوە دیالۆگی عەقڵانی و کردەیی بەرەو چارەسەر، تەنها رێگەی گونجاو و خزمەت کردنە بە گەل و نیشتمان، لە دەرەوەی ئەمە هەرچی بکرێت بە زیانی خەڵک و داهاتووی هەرێم تەواو دەبێت.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ