عارف قوربانی
یەکێک لەو مەترسیانەى ئێستا بەرۆکى هەموو وڵاتانى ئەورووپاى گرتووە، سەرهەڵدان و گەشەکردنى فکرى رەگەزپەرستییە. پێشتر ئەگەر کارەکتەرێکى سیاسى یان نوخبەیەکى دیاریکراو لەنێو ئاراستەیەکى سیاسیدا هەڵگری ئەو فکرە بووبن، وەک دەنگێکى ناشاز دەبیندران و ژینگەى سیاسى و کۆمەڵایەتى وڵاتەکانیان بەجۆرێک بوو نەیاندەتوانى ئازادانە بانگەشە بۆ بیروباوەڕەکانیان بکەن، بەڵام ئێستا بوەتە دیاردەیەک خەریکە رێلێگرتنى دەبێتە کارێکى زەحمەت.
لە هەموو وڵاتانى ئەورووپا ئەگەر راستەوخۆ حیزبێکى سیاسى دروست نەبووبێت بۆ نوێنەرایەتیکردنى ئەم ئاراستەیە، ئەوە نوخبەیەک هەیە بە ئاشکرا بانگەشەى بۆ دەکات. بەشدارى لە پرۆسەى هەڵبژاردن دەکەن و ساڵ لەدواى ساڵیش ژمارەى دەنگ و رێژەى کورسى و پێگەیان لەنێو ناوەندەکانى دەسەڵاتدا زیاتر دەبێت.
سەرهەڵدان یاخود زیندووبونەوەى فکرى نەژادپەرستى بە شێوەیەکى تووندڕەوانە، بێگومان هۆکارەکانى ناتواندرێت ببەسترێتەوە بە یەک پرس و بابەتەوە، هۆکارگەلى زۆر هەن، کە ئەشێ لە سەرووى هەموویانەوە سیستمى سیاسى و ئابوورى ئێستاى جیهانى رۆڵى سەرەکى هەبێت، بەڵام ئەوەى لە هەموو هۆکارەکان زیاتر ژینگەى بۆ گەشەکردنى رەخساندووە، پرسى کۆچبەرانە. بابەتى کۆچبەر بە جۆرێک بووەتە کەرەستە و ئامرازى دەستى گرووپە راستڕەو، رەگەزپەرست و تووندڕەوەکانى وڵاتانى ئەورووپا، تەنانەت حیزبە چەپ و سۆسیال دیموکراتەکانیشى ناچارکردووە خۆیان لەبەرەى بەرگریکردن لە سیاسەتى کۆچبەرى بەدوور بگرن.
هەموو ئەوانەى پێشووتر بەرگرییان لە سیاسەتى کۆچبەرى وڵاتەکانیان دەکرد، وەک شانازییەک دەیانبینى بۆ وڵاتەکانیان لە پەیڕەوکردنى بەهاکانى مافى مرۆڤ و پاراستن و داڵدەدانى لێقەوماوانى دنیا، ئێستا دەنگیان لاواز بووە. ئەوانەیش کە بابەتى کۆچبەرانیان بە سەرچاوە و وزەیەکى گرنگ دەزانى بۆ ئابوورى وڵاتەکانیان، لانى کەم وەک هێزێکى دەستکاریی هەرزان، هەڵوێستى ئەوانیش گۆڕاوە. هۆکارى ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رێژەى ئەنجامدانى تاوان، وەک کوشتنى ژن، کوشتنى منداڵ، پەلاماردان و دەستدرێژی و رەفتار و دیاردەى قێزەون لەنێو کۆچبەراندا بەردەوام لە زیادبووندایە.
رەفتارى توندڕەوی و ئەنجامدانى تاوان و یاساشکێنى لەنێو پەنابەراندا، ژینگەیەکى رەخساندووە، کۆمەڵگاى ئەورووپى خستووەتە دۆخێکەوە لەنێوان ئەو بەها و دەستکەوتانەى لە سیاسەتى کۆچبەرى دەستیان کەوتووە بەراورد بکات بەو هەڕەشە و مەترسیانەى بۆ سەر کۆمەڵگاکانیان دروست بووە. ئەمە بە ئاشکرا لەنێو هەموو چین و توێژێکیاندا هەستى پێدەکرێت و بووەتە سەرچاوەى هێز بۆ گرووپە راستڕەو و تووندڕەوەکان تا رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندابێت.
تەنانەت ئەو ناوەندانەى لە رووى ستراتیجییەوە بە بایەخێکى زیاترەوە لە پرسى کۆچیان دەڕوانى، وەک چارەسەرێک دەیانبینى بۆ رێگری لە کەمکردنەوەى ژمارەى دانیشتووان کە بەهۆى پێکنەهێنانى خێزان و کەمخستنەوەى نەوەوە، مەترسى کەوتبووە سەر وڵاتەکانیان. هەروەها ئومێدى زۆریان لەسەر ئەوە بوو ئەوانەى لە وڵاتانى رۆژهەڵاتەوە روو دەکەنە وڵاتەکانیان و تێکەڵ بە کولتوور و کۆمەڵگاى ئەورووپى دەبن و خۆیان دەگونجێنن، دواجار دەبنە هاووڵاتى ئەورووپى، بەهۆى ئەوەى ئەمان لە رووى وابەستەیى خێزانى و خستنەوەى نەوەوە هێشتا وابەستەى کولتوور و ئایینى وڵاتانى خۆیان بوون، دەرفەتى ئەوەیان دەدا بە وڵاتى خانەخوێ کە جۆرێک لە هاوسەنگى لە رێژەى دانیشتووان لە نێوان مردن و لەدایکبوون دروست بێت. ئێستا ئەوانیش کەوتوونەتە بەردەم هەڵوێستێکەوە بەدواى چارەى دیکەدا بگەڕێن.
دڵنیام ئەگەر رەوەندى وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامى بەوردیى کار لەسەر ئەوە نەکەن کۆتایى بەو رەفتارە تووندڕەوی و تاوانکاریانە بهێندرێت کە لە لایەن پەنابەرانى سەر بەو کۆمەڵگا عەرەبى و ئیسلامیانەوە ئەنجام دەدرێت، چەند ساڵێکى دیکە وڵاتانى ئەورووپا دەخەنە بەردەم بژاردەیەکەوە کە ناچاربن بەجۆرێک چاو بە سیاسەت و یاساکانیاندا بخشێننەوە، ئەگەر بەتەواوى بەرانبەر بە کۆچ و پەنابەری هەڵوێست وەرنەگرن، ناچاربن جیاکارى بکەن لەنێوان کۆچبەرى کۆمەڵگاى باش و کۆچبەرى کۆمەڵگاى خراپدا. کە ئێستا باوەڕێکى تەواویان لا دروست بووە هەموو ئەو تاوانکاریانەى لەنێو خودى پەنابەران ئەنجام دەدرێت و ئەو تاوانکاریانەش کە پەنابەر بەرانبەر بە هاووڵاتى وڵاتانى ئەورووپى ئەنجامى دەدات، ئەگەر هەموویشى نەبێت بەشى هەرە زۆرى پەنابەرانى سەر بە وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامین. لەکاتێکدا لەنێو ئەم کۆمەڵگایانەدا بە هەزاران کەسى سەرکەوتوو و هەڵکەوتوو لەنێو کۆمەڵگاى ئەورووپى دەبیندرێن، بەڵام رەفتارى خراپەکارەکان خەریکە وێناى هەموو ئەم جیهانى عەرەبى و ئیسلامییە ناشرین دەکات.
دەیان ملیۆن هیندى و چینى لە وڵاتانى ئەورووپا کار دەکەن، لە ئێستادا گەورەترین هێزى دەستى کارى ئەورووپا لەوان پێکدێت. نەبوونەتە سەرچاوەى هەڕەشە و مەترسى بۆ سەر هیچ بەهایەکى کۆمەڵگاى ئەورووپى. خاوەن ئایین و کولتوورى تایبەت بە خۆیانن و هیچ گوشارێکیان نییە بۆ سەپاندنى ئایین و کولتوورەکەیان بەسەر کۆمەڵگاى ئەورووپیدا. رووینەداوە گوشار بکەن بۆ کردنەوەى پەرستگەى ئایینى تایبەت بە خۆیان، رووینەداوە رۆژێک پەلامارى پیرۆزییەکى کۆمەڵگاى ئەورووپى بدەن، ئەگەر چەند لەگەڵ بەهاکانى ئەوانیش ناکۆک بووبێت.
بەڵام بووەتە دیاردەى رۆژانە، دەبیستین لە فڵان شار پەنابەرێکى ئیسلامیى عەرەبى سووری، مەغریبى، جەزائیری، میسرى، یان ئەفغانى و پاکستانى... ئەوانیتر، پەلامارى باخچەیەکى ساوایانى داوە. هەڵیکوتاوەتە سەر قوتابخانەیەک، شۆفێرى پاسێکى کوشتووە، لە مۆڵێکدا چەند ژن و منداڵێکى بریندار کردووە. یاخود دەبیستین پەنابەرێک ئاڵاى وڵاتەکەى سوتاندووە، لەبەردەم کەنیسەیەکدا سووکایەتى بە ئایینى مەسیحى کردووە. یا دەیەوێ ئایین و کولتوورى خۆى بەسەر دەرودراوسێکەى بسەپێنێت. یان گوشاریان خستووەتە سەر شارەوانى بۆ دروستکردنى مزگەوتێک. تا دەگاتە هەڕەشەى سەپاندنى مۆدێلى جلوبەرگیش.
هەموو ئەم تاوانکاریانەش خزمەت بە باڵاکردنى گرووپە راستڕەو و تووندڕەوەکانى وڵاتانى ئەورووپا دەکات، کە ئەگەر دڵخوازى نێو کۆمەڵگاکانى خۆیشیان نەبن، بەڵام رەفتارى هەندێ کۆچبەرى کۆمەڵگاى عەرەبى و ئیسلامى وا دەکات، هاووڵاتیانى وڵاتانى ئەورووپى چارەسەر و رێگری لەو تاوانکاریانە لە باڵاکردنى گرووپە راستڕەوەکاندا ببیننەوە. ئێستا لە هەڵبژاردنەکانى هەموو وڵاتانى ئەورووپادا هەست بەمە دەکرێت. واتا ئەوەى رەوەندى جیهانى ئیسلامى و عەرەبى دەیکات، باسکى ئەوانە بەهێز دەکات کە دژ بە بوونى پەنابەرانن لە وڵاتەکانیان.
بەڵام لەبەرئەوەى لەڕووی واقیعیشەوە بوونى پەنابەر بووە بە پێویستییەکى حەتمى بۆ بەشێکى زۆر لە وڵاتانى ئەورووپا، ئەگەرى هەرە چاوەڕوانکراو ئەوەیە لەنێوان ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنى بەها ئایینى و کۆمەڵایەتییەکانى خۆیان و ئەو پێداویستیانەى دەخوازن بەهۆى کۆچبەرەوە دەستەبەرى بکەن. کۆمەڵگاى کۆچبەران دابەش بکەن بەسەر کۆمەڵگەى باش و خراپدا. چانس بدەن بە کۆمەڵگا باشەکان و وردە وردە دەرگا بەڕووی کۆمەڵگا خراپەکاندا دابخەن.
سەرچاوە : سپی میدیا