رۆژی پاش هەڵبژاردن و هەندێك شتی تر

 

 

 

Draw Media

د. یاسین تەها


دوو رۆژی دیكە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، پاش تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ئەزموونێکی هاوشێوە کە پڕی پێشهات بوو، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاواز بكات لەوانی تر. لە نێو تەوەرە فرەڕەهەندەكانی هەڵبژاردندا ئەم چەند تەوەرەیە دەشێت جێگەی هەڵوێستە و تێڕامان بن:
1-     هەڵمەتی هەڵبژاردن: 
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024دا هەندێک لایەنی ئەرێنی و لە هەمان کاتیشدا هەندێك لایەنی نەرێنی هەبوون كە لێكەوتەیان لەسەر پرۆسەكە و دەرهاویشتەكانیییەوە دەبێت: 
لایەنە ئەرێنییەکان: 
-    ئاستی بەریەککەوتنی گوتار تا ڕادەیەك زۆر بەرز بوو، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە توندوتیژی و پەلاماردان لە هەڵمەتەكەدا شیاوی باس نەبوو بەراورد بەو جۆش و خرۆشە، ئەمەش پێشهاتێکی باشە بۆ گۆڕینی میکانیزمی ململانێ لە وڵاتێکدا کە هێزی چەکداری جۆراوجۆری تیایەو هێشتا کاریگەرە بە لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆو هەمیشە تارمایی شەڕی بەسەرەوەیە.
-    لە هەڵمەتەکاندا بەکارهێنانی خەبات و ڕابردوو زۆر پاشەکشەیانکرد، لە بەرامبەردا گفت و بەڵێنەکان دەربارەی ئێستاو داهاتووی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵكشان، کەمتر "خەباتی شاخ"و "قوربانی"و "شەهیدان" کرانە کەرەستەی هەڵمەتەکان کە نەوەی ئێستا زۆر تێی ناگەن و زۆرجاریش موزایەدەو زێدەڕۆیی و ئاوەژووکردنی تێدەکەوێت.
-    سەركردەو بەرپرسەكان ناچاربوون گرنگی بە ڕای گشتی بدەن و بچنە ناو خەڵك و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان گرنگی زۆریان پێدەدرا، ئەمەش ئەگەر ناچاركردنەكانی لێ دەربكەیت گەڕانەوەی گرنگییە بۆ ڕای خەڵك كە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەوان سەرچاوەی شەرعیەت بن. 
-    سەرباری پەرتەوازەیی زۆری لیستە ڕكابەرەکان، جەمسەرگیرییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆن بوون ئەمەش دەشێت بۆ وێستگە و قۆناغی تر پەرەی پێ بدرێت. حوکمڕانی ئەگەر عەیار 24یش بێت، ڕێسای یاریی دنیای ئێستا وایە کە دەبێت هاوکێشەکە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێکبێت و ناکرێت و ناشێت هەمووی لە حوكمڕانیدا بەشداربێت. 
لایەنە نەرێنییەکان: 
- بەرزکردنەوەی سەقفی گفت و بەڵێنەکان گەیشتنە ئاستێک دەشێت دواتر ببنە هۆكاری بێهیوایی زیاتر، بەتایبەت ئەوکاتەی بە دڵنیایی کە لانیکەمی ئەو گفتانە جێبەجێ نابن. 
-  شەڕە قسەو بەریەککەوتنی توند سەرباری لایەنی باشی بەتاڵکردنەوەی حەماسەت و تەزوو کراوەیە بەڕووی ئەگەری خراپیشدا کە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تورکیاو ئێرانی دراوسێیە، پرۆسەی سیاسی ئەم دوو وڵاتە پڕیەتی لە شەعبەوییەت و شەڕە قسە، بەڵام بارودۆخ لەسەر ئەرزی واقیع تا ڕادەی زۆر هەروەک خۆیەتی و ناگۆڕێت.
- لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا چەمکی زۆر ئاوەژووکران و فریودان و زانیاری نادروستی زۆر دەرخواردی خەڵک دران، تێكەڵكردنی زۆر هەبوون لەنێوان ئەرکی پەرلەمان و ئەرکی حکومەت، ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش دواتر ئاسان نییەو پاش هەڵبژاردن یەخەی پەرلەمانتارانی دەرچوو دەگرێت، کاتێکیش کە بە دڵنیایی ناتوانن ئیشی حکومەت بکەن دەکەونە بەر ڕەخنەو تەنانەت نەفرەتیش.
- لە هەڵمەتەکاندا ڕاستییەک فەرامۆش کرا کە وتنی لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکان نەبوو، ئەویش ئەوەیە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مەحکومە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بۆ موچەو بودجەش هەر چاوی لە دەستی بەغدا دەبێت و چیتر کوردستان سەرچاوەی تەشریعی دەستکراوەو خاوەن ئابوری و دارایی سەربەخۆ نییە، بەرچاوڕوونی ئەوتۆش لەبارەی هاوکێشەی هێز لەسەر ئاستی فیدراڵی بە خەڵک نەدرا کە زیاتر لە هەمووشت لە ئێستادا كاریگەریی لەسەر كوردستان هەیە. 
2- گرێی بەشداریكردن و بایكۆتكردن: 
كێشەیەكی گەورەی هەڵبژاردن لە كوردستان و دنیا پاشەكشەی رێژەی بەشداریكردنە. لە كوردستاندا بەپێی هەندێک ڕاپرسی نێوخۆیی و هەندێک ئاماژەی دیکە، ڕێژەی خەڵکی دوودڵ و ڕا ڕا دەربارەی هەڵبژاردن کەم نین، بەشی زۆری ئەمانەش پاساو هۆکاری خۆیان هەیە کە زەقترینیان چەقبەستنی دۆخی هەرێم و سوڕانەوەیەتی لە نێو بازنەیەکدا بەبێ هەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی دەربازبوون. بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی ئەم توێژە ڕەنگە ئەم چەند ڕاستییە گرنگ بن: 
-    ئەزموونی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەت چوارەم و پێنجەم پێمان دەڵێن؛ نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەو بەرچاو بکرێت لە خولی شەشەم، تەنانەت لە خولی حەوتەم و دوای ئەوەش، ئەگەر زەمینەی تر نەڕەخسێت و لەسەر ئاستەکانی دیکە ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو بەشێکی زادەو دەرهاویشەی ژێرخانە کۆمەڵایەتی و بنیاتە کولتورییەکەیەو تەنیا دەنگدان نایگۆڕێت.
-    ڕاستییەکی تر هەیە کە تا هەنوکە هیچ بەدیلێکی دیکەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەکەو دنیادا نییە، عەرەب قسەیەکیان هەیە بۆ ئێمەش کت و مت ڕاستە "إما الانتخاب أو الانقلاب"، بژاردەی دووەمیشیان (كودەتا) لە کوردستاندا ڕوودانی تاڕادەیەک لە مەحاڵەوە نزیکترە چونکە ئێمە لە چوارچێوەی سیستمێكی تایفی عێراقیداین كە هەمیشە مەترسیمان لەسەرە، جگە لەوەش زیاتر لە جەمسەرێکی دەسەڵات و زیاتر لە گروپ و دەستەیەکی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش لە كوردستاندا هەن و لە خاڵی كۆتاییدا ڕێگرن، هەروەها ڕوونە کودەتاش تەنیا بەسەر یەک لایەنی شمولیدا دەکرێت کە هەموو شت تەنیاو تەنیا خۆی بێت نەك ئەو تێكچڕژانەی ئێستا.
- ڕێگاکانی گۆڕانکاریی فرەو جۆراوجۆرن و پشوو درێژی پێویستە، هەر هیچ نەبێت دەشێت هەڵبژاردن وەک ڕاپرسییەکی جەماوەری لەبارەی خواست و ویستی دەنگدەرو هەڵوێستی خەڵک لە کارو ئەدای لایەنە سیاسییەکان تەماشا بکرێت و خەڵک لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆیان بگەیەنن بەتایبەت كە بەشداریكردن هیچ قورس نییەو تێچووی نییە لەسەر دەنگدەرو هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كراوە. 
- سەرباری هەموو ئەمانەش ویستی بەشداریکردن یان بایکۆتكردن؛ بڕیارێکی زۆر تایبەتەو هەر چۆنێک بێت هەر دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و شیاو نییە هیچ بەرەیەک پلار لەوی دی بدەن. جگە لە توركیا ڕەنگە كەم هەڵبژاردن هەبن لە دنیا كە رێژەی بەشداریكردن بچنە سەروو 50%. 
3- قۆناغی پاش هەڵبژاردن: 
ڕەنگە سەرقاڵی هەڵمەتەكان و لۆكاڵی بوونی گوتارەكان هەندێك لە دەوروبەرمان دایبڕیبین، لە ئێستادا ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی (ترەمپ بەتایبەت ئەگەر بگەڕێتەوە)، دەیانەوێت نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنن. ئەم نەخشەیە لە دەریای ناوەڕاستەوە تا ناو عێراق درێژ دەبێتەوە، لەبەرامبەریشدا ئێران و باڵ و تەواوكەرەكانی لە ناوچەکە بە هەموو توانایەک کە هەیانە بەرگری دەکەن و دەیانەوێت شکست بەم پرۆژەیە بهێنن، لەم نێوەنەشدا کوردستان لەگەڵ ئەو ململانێ جیۆسیاسییەدا یەخانگیرەو کەشتییەوانی باشی دەوێت لە گێژەڵوکەو تەوژمە چاوەڕوانکراوەکان بیپەڕێنێتەوە، بۆیە گرنگە بە خێرایی گرێی هەڵبژاردن و ئاڵۆزییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێپەڕێنین و بچینە سەر پەڕەی سپی پاش هەڵبژاردن. زۆر گرنگە پرۆسەکە هەر دەرەنجامێکی هەبێت بەخێرایی قبوڵبکرێت، هەر لە ئێستاشەوە مشوری ڕۆژی پاش جێگیرکردنی ئەنجامەکان بخورێت، چونکە ڕوونە کە دەوڵەتانی ناوچەکە بەتەنیا ناتوانن بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوەو ئەوەتا هەموو خەریکی جەمسەرگیری و هاوپەیمانێتین، ئیتر ئەبێ هەرێمێکی بچوک لەنێو دەستورێکی کاڵ و خاوی دەڵەمەدا چۆن بە پەرتەوازەیی و بەبێ دیگایەكی ڕوون بتوانێت.

سەرچاوە : درەو