ئەم رۆمانە رۆمانێکی مێژووییە و ئارێز عەبدوڵڵا نووسیوێتی، 356 لاپەڕەیە، ساڵی 2022 چاپکراوە، پێشتر چەند کتێبێکی ئارێز عەبدوڵڵام خوێندۆتەوە، وەک (وەرزی تەمومژ، 2019، 190 لاپەڕە سەرەتاتکێی سەربردان ــ بەرگی یەکەم، 2019، 198 لاپەڕە، ئەم دوو کتێبەی زیاتر چیرۆکی بیرەوەری و بەسەرهاتەکانی خۆی و دەڤەرەکە بوون، وەک سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی بابەتەکانی بەزمانێکی ئەدەبیی جوان و بەرز پێکەوە چنیوە، مایەی چێژ بەخشین و جوان و سەنگین بوون، زمانەکەشی زمانێکی دەوڵەمەند بوو، بەڵام ئەوەی من تێبینیم کرد بێت، ئەم رۆمانەی نووسەر سادەتر و زمانی چڕی ناوچەیی گشتگیری تێدا بەکارنەهێناوە، رەنگە زمانی رۆمان و تەکنیکی مێژوویی رێگربووبێت لە زمانی جیاوازی کوردی دوو بەرهەمەکەی پێشووتری، یان مەبەستی بووبێت بە زمانی سادە و ساکار قۆناغ و رووداو قەوماوەکان، دۆخ و هەلومەرجە مێژووییەکان پەرچەڤە بکات و بیانخاتەڕوو بۆ ئەوەی خوێنەر لەڕاستەقینە و ئەمانەتی مێژوو کەنارگیر و تەوەلا نەکات و زیاتر سەرنجڕاکێش و رایکێشێتە ناو بابەتەکانەوە و سەرنجی بخاتە سەر کەسایەتی و هەڵوێست و مێژووە درەوشاوەکەی پاشاوە، نووسەر کوڕی دەڤەرەکەیە و شارەزایی لە جوگرافیا و مێژووی ناوچەکەی هەیە، ئەم رۆمانە لە دەڤەری سۆران لە دایکبوون و گەشەکردنی نووسەردا ئامادەیی هەیە من وای بۆ دەچم نووسەر زۆر بابەتی میژوویی بەزمانی کوردی و عەرەبی و تورکی، فارسی بینێبێت و خوێندبێتەوە، بۆیە بە جوانی قۆناغبەندی و زمانی مێژووی لە رۆمانەکەیدا بەکارهێناوە و جوان رووداو و کارەسات و قەوماوەکانی پێکەوە گرێداوە.
لە موکریانەوە تا کەرکوک
ئەم رۆمانە لە ناوەرۆکدا باس لە مێژوو و قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی سەردەمی پاشا محەمەد کوڕی میر مستەفا یان میرایەتییەک دەکات کە دراوسێی دوو دەوڵەت و دوو ئیمپراتۆرییەتی ناوچەکە بوون، یەکێکیان عوسمانی تورکی و ئەودیکەیان قاجاری فارسییە، رۆمانەکە مێژوویەکی راستەقینە و دروست و بێ پێدا گوتنی نادروست دەگێڕێتەوە. بۆیە ناوی بە پاشا بردووە و میری فەرامۆشکردووە، وەک حکومەت و دەسەڵات مامەڵەی کردووە، خاوەنی سکە و پارە و سوپا و تۆپ و جبەخانە و سنوور و دەستوور و یاسای خۆی بووە، قەڵەمڕەوی ئەم پاشایە پشتاوپشت لە باوکەوە بۆ کوڕ ماوەتەوە. محەمەد پاشا سەرۆکی دەڤەرەکە بووە و سنووری دیاریکراوی هەبووە. خاوەن دەسەڵات و توانا و هێزی سوپا و لەشکری هەبووە، پاراستنی سنوورەکانی وەئەستۆ گرتووە، سنوورەکانی لە موکریانەوە تا کەرکوکی ئێستا درێژبۆتەوە، چەند میر لەژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەویدا بوون و فەرمانیان لەپاشای سۆران وەرگرتووە. دوژمنەکانیش بە ئینگلیز و تورک و فارسەکانەوە رکەبەری سەرسەختی ئەم فەرمانڕەوا عادیل و دادپەروەرەیان بەدرێژایی مێژووە دیاریکراوەکەی کردووە و هەمیشە لە بۆسەی رۆژگاردا بوون بۆی بەمامەکانیشییەوە کە پێشتر دەست و پەنجەیان لەگەڵ دوژمنانی وەک بابان و ئێران و تورانیشەوە، نەرمکردووە، وەک یەحیا بەگ و تەمەرخانی برای باوکی پاشا میرمستەفا.
وەزیر و وەزارەت
پاشا محەمەد ئەرکی بەشێوەیەکی کارگێڕی و رێکخستنێکی تۆکمە دابەشکردووە، دژی دزی و ناعەدالەتی و خراپەکاری وەستاوەتەوە، رێکوپێکی لەکار و فەرماندا بەلای دوژمنانی کوردەوە جێگەی سەرنج و مەترسییە بۆ دەوروبەر و بۆ سەر پێگە و دەسەڵاتییان، بۆیە هەمیشە لە مەترسی و گەورەبوونی پاشا سڵەمیونەتەوە و بەمەترسی بۆ سەرخۆیان داناوە، مەلا عزیز رەواندوزی وەزارەتی پیشەسازی لە ئەستۆ بووە، وەستا رەجەب وەزارەتی بازرگانی، مستەفا بەگ هەناری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئبنوئادەم ئابووری و دارایی، فەقێ ئەحمەد گەنجینەدار، محەمەد شاتری کاروباری تایبەت، رەسوڵ برای میر محەمەد سەرلەشکر، چەند پێگەیەکی تریش.
پارێزگاری و ئاسایش
لەسەردەمی مێژووی میر محەمەد ئاسایش و ئارامی زۆر تۆکمە و بارودۆخ سەقامگیری زۆر هەبووە، خەڵک پشتیوانی سەرەکی پاشا و دەسەڵات بوون، کاروبار و یاسا باش بەڕێوەبراوە زوڵم و ستەم یەکجار کەم کراوەتەوە، کێشەکان زۆر کەم بوون، چارەسەر بە دەسەڵاتی حەکیمانە و یاسای میرنشینەکە و پاشای بەهێز بەڕێوەبراوە، کێشە هەبوون، بەڵام ناوخۆیی و کەم بوون و سەرەکی نەبوون، پاشا لە دوژمنان گەیشتووە و زانا و راوێژی کردووە، گوێیی لە زانا و حەکیمەکان گرتووە و خاوەنی بڕیاری دروست بووە، هەڵەی کردووە، بەڵام کەم بووە و خویشی دان بەهەڵە و کەموکورتیدا دەنێت، کەسێکی لەسەرخۆ و لوتبەرز و لەخۆبایی نەبووە، هەمیشە لە ئامێزی خەڵک و لێیانەوە نزیکبووە، زۆر کەسیش خیانەت و ملکەچی لە سەردەمی فەرمانڕەواتیی ئەم پاشایەدا تێکەڵ بەخوێن و جەستەیان بووە و لە بۆسەی دوژمنایەتیدا بوون بۆی، وەک مەحمودخانی برادۆست، لەعلیخان. ئەمانە و کەسانی شاراوەی تر بە نموونە دوژمنی ناوخۆ بوون و لەگەڵ راپۆرت نووس و ئەڵقەلەگوێ و سیخوڕانی ناوخۆ لەپشت پەردەو بەنهێنی خەریکی نەخشەی پلانسازی و بۆسە و دەرفەتی گونجاوبوون بۆ پشت لەئەرزدانی پاشا و تێکشاندنی و دڵخۆشبوونیان بەداڕمانی دەسەڵات و پایەی پاشا و گرێدانی بەرژەوەندییەکانیان بەدوژمنانی سەرەکییەوە.
گەشەکردنی حوکمداری
لەم رۆمانەدا کە زەمەن و مێژووەکەی دیاریکراوە و بە سەردەم و کاتێکی دیاریکراوەوە پەیوەستکراوە، باس لەحوکمداری دەڤەرەکە و پاشایەکی ئارام و عەقڵمەند دەکا و سوود و کەڵکی بەڕاوێژ لەزانای و داناییی هاوەڵانی وەرگرتووە بۆ حوکمڕانی خۆیی و دەڤەرەکەی و دەسەڵاتەکەی.
لەسەردەمی ئەم میر و پاشایەدا، وڵات لەڕووی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان گەشەی پێدراوە، لەسەردەستی وەستا برایمی ماویلی بەناوبانگی ئەرمەنی و قەڵاکان چاکراون و نۆژەنکراونەتەوە، مزگەوتی نوێ و قوتابخانەی دینی دروستکراون و خوداپەرستی و رێزی دین و دینداری زیاتر گیراوە و گەشەی کردووە، رێز لە مەزهەب و دابونەریتی گشتی گیراوە بە کەمینە و زۆرینەوە، یاسا و رێساکانی فەرمانرەوایەتی باشکراوە، بازرگانی و دارایی ئاستی بەرزبۆتەوە و پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە. ئارامی و دڵنیایی و ئاسایش و سەقامگیری دەڤەرەکە هۆکار بووە بۆ گەشەی ئابووری و پێشکەوتن و چونە پێشەوەی دەسەڵات.
پێگەی ژن لەحوکمڕانیدا
رەنگە هەر باسی ژن بکرێت ئەوینداری و داستانە ئەویندارییەکانمان بیر بکەوێتەوە، بەڵام راستە ئەم بابەتەش فەرامۆش نەکراوە و وێنای ئەم بابەتە بەجوانی لەناو رۆمانەکەدا، لەچەند وێستگەیەکدا کراوە و گرنگی و رۆڵی ژن لەرۆمانەکەدا پیشاندراوە و بەکەم سەیر نەکراوە، زۆر بە گرنگی و جوانی و گەورەیی ژنی خستۆتەڕوو، وەک جەنگاوەر و حوکمڕانی و سیاسەتیش باس لە میرەژنی دەڤەرەکە خانزاد و سوپا و میرنشینەکەی ئاوێتەی رۆمانەکە کراوە و سەردەم و کاتەکەی خستۆتە پێشچاو، تاقیکردنەوە و مێژووەکەی خانزادی لە چاوی نووسینەوە لەرۆمانەکەدا وێنەگرتووە، وەک قارەمان و ژنی ئازا و بە توانا ئەزموونەکەی پیشانداوە، ناونانی کانی و قەڵا و شوێنە گرنگەکان بەناوی ئەم ژنەوە نیشانەی ئازایەتی و سەرکەوتن و پێشکەوتنی ژن و خانزاد بە نموونەی جوان دەخاتە ناو مێژووی سەردەمی خۆیەوە و بە دادپەروەرێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی و پاش فەرمانڕەوایەتی میر سلێمانی برای، بە یەکێک لە ژنەمیرە مەرد و کاریگەرەکانی دەچوێنێت. لە میرانی پیاوان زیاتر بەگرنگییەوە، لێی دواوە. هەروەها لە سەردەمی میر محەمەد پاشادا باس لە کاریگەری و هەڵبژادنی میر دەکات بە میرێکی دادپەروەر و هەڵبژاردەی کەسێتییەک، هەرچەند گەنجە و ئەزموونی تەواوەتی لەحوکمڕانیدا نییە، وەک میر محەمەد لەلایەن دایکییەوە (شازەمان خاتوون) دیاریکراوە بۆ ئەو پۆستە، ئەم ژنەش لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیدا شارەزا و بە ئەزموون بووە، هەمیش کاریگەری لەسەر مێردەکەی و دەوروبەری لەفەرمانڕەواتیدا هەبووە و گوێی لێگیراوە و قسە و ڕاوێژەکانی بەهەند لەلایەن مێردەکەیەوە میر مستەفا وەرگیراوە. هەڵبژاردنی کوڕەکەی جگە لە براکانی میر مستەفا، یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردەکان کە لەلایەن ئەم ژنە مەزنەوە (شازەمان خاتوون)وە کراوە و بە دروستی وەک مێژوو خراوەتەوە روو، کەواتە نووسەر بە جوانی رووداوەکانی چنیوەو جوان وێنای ژنی سەردەمەکەی ئاوێتەی رۆمانە مێژووییەکەی کردووە.
کۆتایی داو و بۆسەی مێژوو
ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان، زۆر کاریگەری گرنگی لەسەر دەسەڵات و فەرماڕەوایی و خۆبەڕێوەبردن لەکوردستاندا داناوە، پێوەرە مێژووییەکان بۆ سەدەکانی پێشتر لە حوکمڕانیدا بۆ ئێستاش بە پێی هەلومەرج و سەردەمەکە ناڵێین هەمووی بەشێکی دروست و راستن، ئەوەی سەیری مێژووی کورد بکات جگە لە پەرتەوازەیی ململانێ زەقەکانی ناوخۆ زیاتر کوردی تووشی کەوتن و وێرانکاریی کردووە، دوژمنەکان بەزەبری هێز کێشەکانیان یەکلاییکردۆتەوە، خۆشمان سادە و ساکار و بە بەزیی و لاواز و بێ پلان و بەرنامە لەمێژوودا دەرکەوتوین، ئەوەندەی ململانێ و سڕینەوەمان لە بەرانبەر یەکتردا هەیە، نیو ئەوەندە لە بەرانبەر دوژمناندا پلان و هێز و بەچاوڕوونیمان نییە، یان بڵێن: لاوازە رەنگە ئەمە بۆ سروشتی هەڵکەوتەی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کورد پێی نەنگییە لەبەرانبەر یەکدیدا دڵفراوان بن و بە شتێ کەمتر بۆ یەکتری گفتگۆ و رێکەوتن و یەکتری بەبرا سەیر بکەن، بەڵام لەئاست دوژمنەکانیدا پێچەوانەکەی دروستە، بۆیە کەوتن و هەرەسەکان هەمیشە بەباڵای شۆڕش و فەرمانڕەوا و سەرکردەکاندا بڕاوە، گەر ملکەچکردن بۆ یەکتری سەرکەوتن بێت زۆرباشترە لەوەی دوژمنان بە گشتی تارومارمان کات و لەیەکتریمان جیابکاتەوە، ئەوەی سەرلەبەری دوژمنە، دوژمن وەک نیشتمانپەروەرەکە سەیری دەکات و خوێنەوەی بۆ بەرهەمدەهێنێت و زوتر بەژەهری لەناوبەر قەڵاچۆی دەکات، میرەکانی ئێستاو رابردوو، بە بەڵێنی دوژمنان شاگەشکە و مەستن و بەبەڵینی ناتەبایی نزیک بەمەرگن، حکومداری کورد و قارەمانەکانی کە پێشڕەوەکەیان (میر محەمەد)ە لەم رۆمانەدا، لەنێو ململانێکانی ناوخۆ و دوژمندا بۆ بەزەییی پێداهاتنەوە و پارێزگاری لەدەسەڵات و پاشایەتی بەرەو پیرچونی دوژمن بەدەرفەتی مانەوەو دەسەڵاتی خۆی هەڵدەبژێرێ و مانۆڕی سیاسیی و پشتکردن لەبراکانی لە باکوور و باشوور لە بابانەکانەوە بۆ ئەوانیتر بەسەرشۆڕیی و زەلیلی دەزانێ، ئەمە مێژووی کۆتایی دەسەڵات و فەرمانڕەوایانی کوردە، ئەو بەپێی خۆی و شوێنکەوتنی هەوادارەکانی خۆی بە گێلی و سادەیی دەچێتە بەردەم تەڕبووش بەسەر والییەکانی عوسمانیی و بەهێواشی و بێدەنگی لەداو و بۆسەی مێژوودا لەناویان دەبەن، لەم میرەوە بۆ دواتر بۆ سەیدڕەزا و شێخ سەعید و شێخ مەحمود، ئیسماعیل ئاغای شکاک سمکۆ، قازی و... ئەمە مێژووی ئێمەیە، بەڵام کەی وانەکانی مێژووی فێر دەبین و لە دڵڕەقی دوژمنان و سادەیی و خەیاڵدانی شاعیرانە و ئەم رۆمانە و شتەکانی تر بەهەند وەردەگرین، ئەمە بەرئەنجامی رۆمانی پاشای گەورەیە.
یوسف محەمەد بەرزنجی
سەرچاوە: knwe