رووداوه‌كه‌ی بۆرسای توركیا، سته‌مێكی رێكخراو

عارف قوربانی

 

هه‌فته‌ی رابردوو له‌ناو یاریگای پارێزگای بۆرسای توركیا، كه‌ میوانداریی یانه‌ی ئامه‌دی باكووری كوردستانی كردبوو، دیمه‌نی شێوازێكی دیكه‌ی سته‌می رێكخراوی ده‌وڵه‌تی توركیامان به‌رانبه‌ر به‌ كورد له‌و وڵاته بینی‌. هه‌رچه‌ند دیمه‌نه‌كه‌ وا وێنا ده‌كرا، كه‌ رووداوێكی خۆڕسكانه‌ی لایه‌نگران و هانده‌رانی یانه‌ی (بۆرسا سپۆر)ـن. به‌ڵام ئه‌و وێناكردنه‌ خودی پیلانه‌كه‌یه،‌ كه‌ شێوازێكی چه‌وساندنه‌وه ‌و سته‌می رێكخراو به‌رانبه‌ر به‌ كورد گیراوه‌ته‌به‌ر، نه‌ك ته‌نها هه‌ر له‌ توركیا، به‌ڵكو له‌ سووریا و عێراق و ئێرانیش په‌یڕه‌و ده‌كرێت. 

وه‌ك له‌ میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت شه‌وی به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ ده‌ستەیه‌ك له‌ به‌ناوهانده‌رانی یانه‌ی بۆرسا سپۆر چوونه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌و هۆتێله‌ی یاریزانه‌كانی یانه‌ی ئامه‌دی باكووری كوردستان لێی ماونه‌ته‌وه‌، درووشمی ره‌گه‌زپه‌رستانه ‌و دژی كوردیان گوتووەته‌وه‌. بۆ به‌یانی و له‌ناو یاریگاكه‌ش وێنه‌ و هێمای تیمه‌كانی بكوژی نادیاریان به‌رزكردبووه‌وه،‌ كه‌ به‌پێی هه‌ندێك ئامار، تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی نزیكه‌ی 20 هه‌زار كورد. له‌ كاتی یارییه‌كه‌شدا به‌ چه‌ندین كه‌ره‌سەی جۆراوجۆری شه‌ڕ و په‌لاماردان كه‌ بردنه‌ژووره‌وه‌یان بۆ ناو یاریگا قه‌ده‌غه‌یه‌، په‌لاماری یاریزانه‌ كورده‌كان و هانده‌رانی یانه‌ی ئامه‌دیان دا و چه‌ندین وه‌رزشكار و لایه‌نگرانیان بریندار بوون. ئه‌وه‌ی له‌ تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كانه‌وه‌ ده‌بیندرا، ته‌نانه‌ت پۆلیس و تیمه‌كانی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت به‌شداربوون له‌ لێدان و سووكایه‌تیكردن به‌ كورده‌كان. 

ئه‌م رووداوه‌ی شاری بۆرسا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یادی رووداوێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌دا، كه‌ له‌ 12ـی ئازاری ساڵی 2004 له‌ یاریگای قامیشلۆ روویدا. ئه‌ویش چوار رۆژ دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای كاتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بوو له‌ عیراق، كه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ناو كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ره‌نگیدایه‌وه‌ به‌وه‌ی (فیدراڵی) بۆ كوردستان له‌ عێراق چه‌سپێندرا. خه‌ڵكی قامیشلۆ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی كوردیان ده‌گێڕا، به‌ڵام به‌پیلانێكی رێكخراو شاییان لێكرا به ‌شین. 

یانه‌ی فتوه‌ی دێرەزوور بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵ یانه‌ی جیهادی قامیشلۆ روویان له‌ شاره‌كه‌ كرد. به‌ سه‌تان پاس هانده‌ریان له‌گه‌ڵ خۆیان له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه‌ هێنابوو، له‌ ده‌رگایه‌كی جیاوازه‌وه‌ و بێ‌ پشكنین، خرانه‌ ناو یاریگاوه‌. هانده‌رانی یانه‌ی قامیشلۆ به‌ناو تیمی پشكنینی تایبه‌تی پۆلیس و ئاسایشی ده‌وڵه‌تدا تێپه‌ڕێنران و ته‌نانه‌ت بوتڵی ئاوخواردنه‌وه‌شیان لێ قه‌ده‌خه‌كردن بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌. به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان تێڵا و چه‌قۆ و دار و ته‌نانه‌ت چه‌كیشیان بردبووه‌ ژووره‌وه‌. به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی یارییه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو و وه‌ك سووكایه‌تی به‌ كورد، ده‌یان وێنه‌ی سه‌دام حوسێنیان له‌ناو یاریگاكه‌ به‌رزكرده‌وه‌ و كه‌وتنه‌ سووتاندن و سووكایه‌تی به‌ وێنه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی و ئۆجه‌لان. هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، په‌لاماری هانده‌رانی یانه‌ی قامیشلۆیان دا و وه‌ك ده‌گوترێت ته‌قینی یه‌كه‌م فیشه‌ك له‌لایه‌ن پارێزگاری حه‌سه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ به‌ ده‌مانچه‌كه‌ی خۆی مناڵێكی كورد ده‌كوژێت. ئه‌و پۆلیس و ئاسایشانه‌ی وه‌ك پیلانی پێشوه‌خته‌ ئاماده‌كرابوون، به‌ چه‌ك پشتیوانیی عه‌ره‌به‌كانیان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند هانده‌رێكی یانه‌ی قامیشلۆ ده‌كوژرێن. گرژی و ئاڵۆزی كه‌وته‌ شاره‌وه‌ و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردی خۆپیشاندان ده‌ستیپێكرد، رژێم سوپای دژی كورد به‌كاربرد و له‌و رووداوه‌ و لێكه‌وته‌كانیدا، زیاتر له‌ 50 گه‌نجی كوردیان شه‌هید كرد و زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌سیان خسته‌ زیندانه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕوانێت، له‌ گه‌رمه‌سێره‌وه‌ بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، زۆر دیمه‌نی هاوشێوه‌ ده‌بینین. كاتێ جووتیاره‌ كورده‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵ و زه‌ویوزارمان و داوای چۆڵكردنی گونده‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و راستیه‌ ده‌ڵێن كه‌ سوپای عێراق یان پۆلیسی فیدراڵی یا گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پشتگیری عه‌ره‌به‌كان ده‌كه‌ن. بێگومان هه‌مان سیناریۆش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان له‌ كرمانشانه‌وه‌ تا ئورمیه‌ به‌رده‌وامه‌. 

ئه‌م رووداوانه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌ جیاواز له‌و سیاسه‌تانه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ركوتكردنی كورد گرتوویانه‌ته‌به‌ر و هه‌موو داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان خراوه‌ته‌ خزمه‌تییه‌وه‌، ئامانجیانه‌ خه‌ڵكیش وه‌ك ئامرازێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد به‌كار به‌رن. زۆر رووداو رووده‌ده‌ن دژ به‌ تاكی كورد، كه‌ دیمه‌نه‌ رووكه‌شه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوێستی تاكلایه‌نه‌ی هاووڵاتییه‌ك یان گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو. به‌ڵام راستییه‌كه‌ سته‌مێكی رێكخراوه‌ و ئایدۆلۆجیاییه‌كی شاراوه‌ی دژه‌كورد له‌ناوچه‌كه‌ له‌پشتی هه‌ر یه‌ك له‌و رووداوه‌ كه‌سیانه‌وه‌یه‌. 

له‌ توركیا و عێراقیش زیاتر زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی ئه‌م رق له‌ كوردبوونه‌ له‌ باڵاكردندایه‌. تورك هه‌ر به‌ سرووشت زۆرینه‌یان ره‌گه‌زپه‌رستن و زۆر به‌ تووندی دژی‌ كوردن. ساڵانه‌ چه‌ندین جار ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌ میدیاكان بڵاوده‌بنه‌وه،‌ كه‌ هاووڵاتی كورد كاتێك وه‌ك گه‌شتیار روو له‌ناوچه‌ توركییه‌كانی توركیا ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕووی چی سووكایه‌تی و ته‌نانه‌ت لێدان و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ش ده‌بنه‌وه‌. نه‌ك ته‌نها له‌ناو توركیا، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان كه‌ نه‌وه‌ی سێهه‌م و چواره‌میانن له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌دایك بوون و له‌ناو ئه‌و كو‌لتوور و دابونه‌ریته‌ فره‌یی و كراوه‌ییه‌شدا په‌روه‌رده‌ كراون، به‌ڵام هه‌ر كینه‌یه‌كی له‌ راده‌به‌ده‌ریان به‌رانبه‌ر به‌ كورد هه‌یه‌. له‌ عێراقیش به‌درێژایی ده‌یان ساڵ هاووڵاتی عه‌ره‌ب وه‌ك ئامرازێك به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌شدار بووه‌ له‌ سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زی كورد كه‌ وه‌ك ستراتیجێكی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ گه‌یاندرابووه‌ دواترۆپكی تاوان. 

ته‌نانه‌ت دوای كه‌وتنی سه‌دامیش نه‌ك هه‌ر له‌لایه‌ن كاره‌كته‌ره‌ دینی و سیاسییه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌م رق له‌ كوردبوونه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌قسه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتار و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ كوردانه‌ی وه‌لائیان بۆ شیعه‌ و ئێران هه‌یه‌و زوو زوو سه‌رزه‌نشتی كورد ده‌كه‌ن به‌وه‌ی بۆچی سازشی زیاتر بۆ به‌غدا ناكات، ئۆباڵی ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی كورد و ئاماژه‌ به‌ دیوێكی دیكه‌ی باڵاكردنی ئه‌م مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌ شاره‌كانی خوارووی عێراق رق له‌ كوردبوون رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ باڵاكردندایه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه؛‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئایدۆلۆجیایه‌ك له‌ پشتییه‌وه‌ نه‌بێت و به‌ پلان و به‌رنامه‌ كاری له‌سه‌ر نه‌كرێت، هاووڵاتیه‌كی عه‌ره‌ب له‌ نه‌جه‌ف یان كه‌ربه‌لا، بۆچی و له‌پای چی ده‌بێت رقی له‌ كورد بێت؟

پێویسته‌ كورد هۆشیار بێته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی تورك و عه‌ره‌ب و فارس به‌شێوازێكی رێكخراو كار بۆ سه‌ركوتكردنی كورد ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ باڵاكردنی توانای سه‌ربازی و چه‌ك و كه‌ره‌سه‌ی پێشكه‌وتووی زیره‌ك بۆ لێدان له‌ كورد، كار له‌سه‌ر باڵاكردنی ئه‌و رقه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش ده‌كه‌ن له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان. راسته ‌و گرنگه‌ كورد ده‌ست به‌جیاوازی به‌ها باڵا كۆمه‌ڵایه‌تیی و مرۆییه‌كانی خۆیه‌وه‌ بگرێت و به‌ جیاوازی ئاست و پله‌ی مرۆڤبوونی خۆی، خۆی له‌وان جیابكاته‌وه‌. به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرێت هه‌میشه‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ سه‌رچاوه‌ی هێز نابن بۆ به‌رگری له‌مانه‌وه‌ی، ده‌بێت ئامراز و رێگا و شێوازی پێویستی هه‌بێت بۆ پاراستنی خۆی له‌ دوژمنه‌كانی.

 

سەرچاوە ؛  سپی میدیا