نیشانەکردن روهات جوان دایکانی شەممە
هونەرمەند روهات جوان، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'قێرین' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکاتەوە کە لەبارەی دایکانی شەممەیە لە باکووری کوردستان.
روهات جوان، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و ماوەی یەک مانگ کاری لەسەر کردووە و لەبارەی دایکانی شەممەیە. گوتیشی، بەرهەمەکە لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە و خۆی سیناریۆی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە نووسیوە و مۆنتاژیشی کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مژاری دایکانی شەممە بۆ ئەو خەمناکە و کاریگەری لەسەر هەبووە، بەڵێنی دابوو کارێکیان بۆ بکات، بۆیە ئەم بەرهەمەی بڵاوکردەوە.
دایکانی شەممە نزیکەی چوار دەیەیە لە پارێزگا جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا چالاکی دەکەن و داوادەکەن چارەنووسی کەسوکاری نادیاریان ئاشکرا بکرێت و بکوژان سزا بدرێن.
تەنیا لە ئامەدی باکووری کوردستان 110 کەس بێسەروشوێنن؛ هەروەها نزیکەی دوو هەزار کوژراو هەن کە دیار نییە کێ بکوژیانە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 1980ـەوە نزیکەی حەوت هەزار کوژراوی بکوژنادیار لە تۆمارەکاندا هەن.
سەرچاوە : ڕووداو