راغب عەلامە کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات

راغب عەلامە، هونەرمەندی لوبنانی، بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێک، سەردانی هەولێر دەکات.
عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری هۆڵی 'ئێم ئای ناین' و رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە رووداوی راگەیاند، هونەرمەند راغب عەلامە، لە 22-9-2022 کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە هەولێر سازدەکات و بڕیارە لە 20 ئەم مانگە بگاتە هەولێر.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە لە هۆڵی 'ئێم ئای ناین' بەڕێوەدەچێت کە جێگەی دوو هەزار و 400 کەسی تێدا دەبێتەوە و هونەرمەند عەدنان کەریم لە 16-9-2022 یەکەم کۆنسێرتی تێیدا دەگێڕێت.

روونیشیکردەوە، لە دوای کۆنسێرتەکەی راغب عەلامە، رۆژی دواتر کۆنسێرت بۆ میریام فارس، هونەرمەندی لوبنانی و مەحموود ترکی، هونەرمەندی عێراقی سازدەکرێت و لە ماوەی داهاتوودا کۆنسێرت بۆ هونەرمەندانی دیکە سازدەکەن.

هەر لە کۆنسێرتی 22 ئەم مانگە، هەردوو گۆرانیبێژی عێراقی دموع تحسین و محەممەد فارس بەشدار دەبن.

راغب عەلامە لە 7-6-1962 لە لوبنان لە دایکبووە، رەگەزنامەی کەنەدی هەیە، یەکەم گۆرانیی بەناوی 'ئیتفەرەج عەلحەلاوە' بڵاوکردووەوە و لەرێگەی گۆرانی 'یا بنت سولتان' بەناوبانگ بووە.

خاوەنی 19 ئەلبوومی گۆرانییە، جگە لە گۆرانی سۆزداری و خۆشەویستی، خاوەن ئەلبوومێکی ئاینیشە بەناوی 'یا رب یا ئەڵڵا' کە لە 1999 بڵاویکردەوە و لە 2013 وەک باڵیۆزی ئاشتی و نیەت چاکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرا و پێشتریش سەردانی هەولێری کردووە.

 

سەرچاوە: rudaw