ئارێز حسێن
- 1 -
مادام برینەكان كولێنرانەوە!
لە ساڵی 1978 سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاریدا هێزەكانی لە ناوچەكانی ناوزەنگ و بناری قەندیل، بگوێزێتەوە بۆ برادۆست و بڕیاریشی دابوو هێزەكانی بە سێ وەجبە بنێرێت.
لەوبارەیەوە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە كتێبـی كارەساتی هەكاریدا دەڵێت: بەڕێكەوتنی ئەم هێزەی یەكێتی لەكاتێكدابوو، كە دوای رێكەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و رژێمی بەعسدا، ساڵی 1977یش رژێمی عیراق لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا رێكەوتنێكی دیكەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەكتر ئیمزاكردبوو.
هەروەها دەڵێت: هێزەكانی ئێران لە دیوی خۆیانەوە كەوتنە لێدانی هێزەكانی یەكێتی، كە چوونەوە دیوی عیراقیش هێزەكانی عیراق كەوتنە پەلاماردانیان، لە دیوی توركیاش عەشیرەتە كۆنەپەرستەكان كەوتنە خۆئامادەكردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەكان كەوتنە پەیجوریان».
پاشان دەڵێت: «دوای یەكگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەكەی یەكێتی، بەهۆی بوونی هێزی قیادە موەقەتەی پارتی لەو سنوورە و خۆبەدوورگرتن لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵیاندا، هێزەكەی یەكێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە بۆ باكووری كوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ دەمێننەوە، دواتر هێزەكەی یەكێتی بڕیاردەدەن بۆ نزیكبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەك و چەكداركردنی ئەو پێشمەرگە بێ چەكانەی كە لەگەڵیاندایە، بەرەو قووڵایی خاكی باكووری كوردستان و سەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان بڕۆن.
نەوشیروان مستەفا لە كتێبەكەدا نووسیوێتی: «قیادە موەقەتە بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەكانی باكووری كوردستانیان لە یەكێتی هاندابوو، كە گوایە هێزەكانی یەكێتی گوندەكان تاڵان دەكەن و پیاوەكان دەكوژن و ژنەكان بەدیل دەگرن و هاتوون بۆ بڵاوكردنەوەی كافریی و بێ دینی، ئەمەش وایكردبوو عەشیرەتەكانی ناوچەكانی شەمزینان، چەلێ و ئولودەرە لە دژی هێزەكەی یەكێتی بكەونەخۆ و چەكدار كۆبكەنەوە و ناوچە ستراتیژییەكان كۆنترۆڵ بكەن.
رۆژی 1/6/1978 لە ناوچەی بازێ، شەڕ لە نێوان یەكێتی و قیادە موەقەتەدا دروست دەبێت، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە هەردوولا دەكوژرێن و بریندار دەبن و ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتیش لە هێزەكە دادەبڕێن.
شەوی دواتر، هێزەكەی یەكێتی بەرەو باشووری كوردستان بەڕێ دەكەونەوە، بەهۆی نەشارەزایی لە ناوچەكە لەیەك دادەبڕێن، لەوكاتەدا هێزەكانی پارتی بۆسەیان بۆ دادەنێن تەقەیان لێ دەكەن. بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و ماندووبوونی هێزەكەوە نەتوانرابوو كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت و زیاتر پەرتەوازە بوون.
گروپێكیان خۆیان یەكدەخەنەوە و بەهیوای گەیشتنی گروپی دووەم دادەمەزرێن، گروپی دووەمیش بەهۆی نەشارەزاییەوە بەناچاری بڕیار دەدەن بەرەو نزیكترین خاڵی عیراق بگەڕێنەوە و خۆیان تەسلیم بكەنەوە، گروپی سێیەمیش هەر ئەو رۆژە لەلایەن هێزەكانی قیادە موەقەتە و عەشیرەتەكانەوە دەدرێت بەسەریاندا و چەك دەكرێن.
لەناو ئەوانەدا كە لە گروپی سێیەم بەدیلگیرابوون، هەریەكە لە عەلی عەسكەری فەرماندەی هێزەكە، تایەری عەلی والی، سەید كاكە، كە دواتر لە 7ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن قیادە موەقەتەوە بە چەكی (ئاڕ پی جی) شەهیددەكرێن.
گروپی یەكەمی هێزەكەی یەكێتی، پاش بێ ئومێدبوونیان لە گەیشتنی هێزەكانی دیكە، بە ناچاری دەچن بەرەو گوندی كەهی لە نزیك جۆلەمێرگ، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند رۆژێك و خۆ ڕێكخستنەوەیان و بەڕێكەوتنیان، دەكەونە ناو ئەو عەشیرەتانەی كە لێیان هاندرابوو و سەرەنجام پاش شەڕێكی چەند سەعاتی ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكەی یەكێتی شەهید و بریندار و بەدیل دەگیرێن و تەسلیم بە قیادە موەقەتە دەكرێن.
هەر بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە دواتر دەستكەوتن، بڕیاری شەهیدكردنی عەلی عەسكەری و د. خالید و شێخ حسێن بابەشێخ لە «دادگاییەكی قەرەقوشیانەدا» دراوە كە «كەمال كەركوكی!» سەرۆكایەتی كردووە.
لە چەپەوە بۆ راست: (یەكەم نەناسراوە. دووەم نەناسراوە. سێیەم شەهید تاهیر عەلی والی كە لەو شەڕەدا برینداربوو لە وێنەكەشدا ئاسەواری بریندارییەكەی سەری دیارە. چوارەم خولەی جگەر. پێنجەم نەناسراوە. شەشەم نەناسراوە. حەوتەم سەید كاكە. هەشتەم نەناسراوە.
ساڵی 1978 - دیلەكانی شەڕی هەكاری. شوێن بارەگای قیادە موەقەتە/هەكاری/كوردستانی توركیا.
فۆتۆ: لە ئەرشیفی دیاری حەمەحەسەن-ەوە.