دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و بەسەرھاتێکی مام علی کوتک

 

 

ھیوا سەید سەلیم

 

 

لە گەرمەی شەڕی نێوان عێراق- ئێران (1980-1988)

 بابەتی ھەڵوێست وەرگرتن لەو شەڕە دەبێتە مژاری حزبە کوردستانیەکان کە ئەوسا لە خەباتی پێشمەرگایەتی دابوون لە شاخ.
حزبی شیوعی عێراق یەکێک بوون لەو حزبانەی کۆبوونەوەی تایبەت بەو بابەتە ئەنجام دەدەن، ڕای گشتی لە نێو ئەو حزبە ئەوەبوو کە دەبێت داوای ڕاگرتنی جەنگی عێراق- ئێران بکرێ، بیانووشیان ئەوە بوو کە جەنگ ماڵوێرانیە.

مام عەلی کوتک کە فەرماندەیەکی سەربازی دەبێت، دەڵێت ئەرێ بۆم ھەیە منیش لەوبارەیەوە قسەیەک بکەم؟
سیاسیەکان پێیان سەیر دەبێت فەرماندەیەکی نەخوێندەواری سەربازی دەبێ چ قسەیەک لەو بارەیەوە بکات؟..!

بەھەر حاڵ دەرفەت بە مام عەلی کوتک دەدرێت لەسەر داوای شەڕ ڕاگرتن قسەی خۆی بکات، بۆیە مام عەلی روو لە سیاسیەکان دەکات و دەڵێت:
" دەزانن ئەو داواییەی ئێوە بۆ ڕاگرتنی شەڕی عێراق- ئێران وەک چی وایە؟ "

ئەوان دەپرسن چییە؟
مام عەلی درێژە بە قسەکانی دەدات دەڵێت:

" وەک ئەوە وایە بڵێین سەدام حوسێن و خومەینی واز لەیەکتر بھێنن و وەرن دایکی ئێمەی کورد بگ... "

زۆری نەبرد لە 1988/8/8، شەڕی عێراق - ئێران راگیرا و رژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد و کوردستانی کردە سووتماک و قسەکەی مام عەلی کوتک زۆر لەشیکاری سیاسیەکان درووستر دەرکەوت.
 

*دوێنێ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی لە بەغدا کۆبوونەوە، لە ڕاگەیەندراێکدا یەکێک لە داوکانیان ئەوە بووە داوا لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بکەن عێراق جێبھێڵێت.

ئەی رەحمەت لە گۆڕت مام عەلی کوتک، لە کوێی پێیان بڵێی :

" ئەو داویەی بۆ ئەوەیە بڵێین ھاوپەیمانان بڕۆن تا  شیعە و سوونە بەربنە گیانی ئێمەی کورد. "